بانگەشە بۆ کۆیلایەتی !

صمد محمدامین /
ئەو بیر و تێگەیشتنەی کە ژن وەک جەستەیەکی سێکسی ئەبینێ و پێناسە ئەکات ، ژن لە مرۆڤ بوون جیائەکاتەوە و ئەیکات بە ئامێرێک بۆ تێرکردنی غەریزە سێکسیەکانی پیاو یان ئەیکات بە کۆیلەی سێکسی داماڵراو لە ئیرادە و بڕیار و هەست و سۆزی مرۆڤانە.
ئەم بیر و تێگەیشتنە بە تەواوی نامرۆڤانە و دژی مافە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی مرۆڤن و پاشماوەی بیرکردنەوەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و سیستمی کۆیلایەتیە.
ئەم بیر کردنەوەیە لە ووڵاتانی پێشکەوتوو و خاوەن شارستانی بە تاوان ئەژمار ئەکرێت و هەرکەس و گرووپێک یان لایەنێک بانگەشەی بۆ بکات و ئەنجامی بدات ڕووبەڕووی یاسا ئەکرێتەوە و بە توندی سزا ئەدرێت .
لەم ووڵاتانەی لای ئێمە بیر و بۆچوونی لەم چەشنە بە ئاشکرا و بەشێوەی جۆراوجۆر بانگەشەی بۆ ئەکرێت و پیادە ئەکرێت بەبێ ئەوەی هیچ یاسایەک و لایەنێکی یاسایی لەسەر ئەم تاوانە بێتە دەنگ و پێشی پێ بگرێ و لە دژی بوەستێتەوە.
ئەم تاوانە گەورەیە پێویستە یاسای بۆ دابنرێ و دام و دەزگای تایبەتی بۆ دروست بکرێ بۆ بەدواداچوون و لەناوبردنی و سزادانی ئەو کەس ولایەنانەی بانگەشەی بۆ ئەکەن و ژنان ئەخەنە ئەم داو و تۆڕە خەتەرناکەوە.
مرۆڤ هەردوو ڕەگەزەکەی بریتیە لە جەستەیەکی زیندووی خاوەن تایبەتمەندی شکۆی مرۆڤانە و زمان و بیر و تێگەیشتن و ڕەوشت و هەست و سۆز، سێکس بەشێکە لە ژیانی مرۆڤ و ماف و پێویستیەکی دوو لایەنەیە بۆ هەردوو ڕەگەزەکە بە هیچ شێوەیەک نابێت هیچ ڕێگەیەک بهێنرێتەوە بۆ زەوت کردن و بەهرەبەرداری ئەم مافە و پێویستە شکۆی مرۆڤانەی ژن پارێزراو بێت.
لە ووڵاتی ئێمەش وەک هەموو ووڵاتە خاوەن شارستانیەکانی دنیای ئەمڕۆ مرۆڤ ئازاد بێت، ئازادی مرۆڤ یەکێک لە پایە سەرەکیەکانی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و بنیاتنانی شارستانی و مسۆگەر کردنی ژیانێکی شایستەی مرۆڤی سەردەم .

zhyanewa
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…