ئازادی و ژیانەوە ودادپەروەی و یەکسانی خولیای هەمیشەیی مرۆڤ و ئامانجی بنەڕەتیی خەڵکی کوردستانن. دیموکراسی بەڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی و یەکسانیخوازی قووڵەوە ڕێگە و ئامرازێکی کارایە کە زەمینە ئەڕەخسێنێت بۆ گۆڕینی ئەو ئامانجە و کردنی بە واقیعێکی کۆمەڵایەتی. ئامرازێك کە بەڕەهەندێکی ئازادیخوازانەوە کە مرۆڤ و هەوڵی ئەو بۆ ئازادی بکات بە تەوەری خۆی نەك چەسپاندنی ڕۆڵ و پێگەی دەستەبژێرە سیاسیەکان
وێناکردنی ململانێی ئێستا بەوێنەی زۆرانبازیی نێوان ئیسلامی و عەلمانیەت، نەتەوەیی و داگیرکەر، مۆدرین و کۆنسێرڤاتیڤ، کرێکار و سەرمایەدار و ...تاد، بەتەنها ناتوانێت وێناکردنێکی دروست و واقعبین بێت چونکە جیاکردنەوەی ڕیزەکانی خەڵکی ناڕازی لەسەر بنەمای ئەوانە ئەنجامەکەیان خوڵقاندنی دووبەرەکیی وەهمیە و ناڕاستەوخۆ ئەچنە خزمەتی جەوهەری ستراتیجی سیاسیی باو و نەریتیەوە.
تاك و هاوڵاتی لەم نیشتمانەدا بۆ دەیان ساڵ تووشی چەندین جۆری چەوسانەوە و کیمیاباران و جینۆساید و پاکتاوکردنی نەتەوەیی بوونەوە لەلایەن ڕژێمە یەك لەدوای یەکەکانی عێراقەوە. لەسایەی ڕژێمی بەعسدا هەموو شێوازەکانی چەوسانەوە دەرهەق بە گەلی کورد وخەڵکی کوردستان گەیشتن بە لوتکە.
لەبەرانبەر ئەو هەموو شێوازانەی ستەمی چینایەتی وسیاسەتی پاکتاوی نەتەوەییەدا گەلی کورد، لەگەڵ سەرجەم خەڵکی عێراقدا، لەبەرەنگاریەکی بەردەوامدا بووە و قوربانیەکی زۆری داوە بۆ دەسگەیشتن بە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سەرجەم مافەکانی تری لە سایەی نیزامێکی سیاسیی ئازاددا.
لەپرۆسەی بەرەنگاری بەرانبەر بەو ڕژێم و سیستمە کۆمەڵایەتیەدا چەندین بزووتنەوەی سیاسی و چینایەتی بە ئامانج و باوەڕی جیاوازەوە سەریان هەڵداوە و لەحیزب و ڕێکخراوی سیاسیدا خۆیان ڕێکخستووە. هێزە نەتەوەییە کوردیەکان هەر لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمەوە، ستەمی نەتەوەییان دەرهەق بەگەلی کورد و خەڵکی کوردستان کردووە بە پایە و سەکۆیەك بۆ چالاکیی خۆیان.
کوردایەتی کە ئایدیۆلۆجیی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی و هێزە نەریتیەکانی ترە، مرۆڤی کورد و خەونە دێرینەکانی ئەوی بۆ ئازادی و دادپەروەری و سەرفرازی و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بەدەس خۆیان نەکردووە بە تەوەری بەرنامە و سیاسەتیان، بەڵکوو ئەوە تەنها دروشمێکی چەواشەکارانەیە بۆ پەردەپۆشکردنی دەسەڵاتخوازی و پاوانخوازی و زەوتکردنی کۆمەڵگا و چارەنووسی خەڵك.
هەرچی هێزەکانی تری ناو ئەو بزووتنەوە نەریتیە کوردستانیەیە، کە لە نیوسەدەی ڕابووردوودا لەدەرەوەی ئەو هاتوونەتە سەرشانۆی سیاست و تەنانەت ململانێی هێز و دەسەڵات لەگەڵ هێزی ناوبراودا، جا لەژێر ناوی ئیسلامی یا نەتەوەییدا سەریان دەرهێنابێ، سەرەنجام لە چوارچێوەی هەمان نەریت و کرداردا و بگرە وەکوو هاوکار و پاڵپشتی پارتی گیرساونەتەوە.
ئەم مۆدێل و سیستمە ئابووریەی نەوت لە کوردستاندا نەك نەبووە بە سەکۆ و داینەمۆیەك بۆ بووژانەوە و گەشەی ئابووریی وڵات و خۆشگوزەرانی بەڵکوو توێژاڵێکی چینایەتی – حزبی بەرهەمهێنا کە لە لوتکەی دەسەلاتدا جێگیر بووە و سامانی هەرێمی هەڵلوشیوە. لەم مەنزوومە ئابووریەدا هەیمەنەی دەسەڵات و هەڵلوشینی دامەزراوەی ئیداری و قەزایی و تەنانەت ڕامکردنی هێزە سیاسیەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش بووە بە ڕاستیەکی بەرچاو. بەوجۆرە ئیتر گەندەڵی و نیزامی سیاسی – ئابووریی حیزبی ڕانتخۆر بوون بە پاشگر و پێشگر و دوانەیەکی لێکدانەبڕاو.
Your email address will not be published. Required fields are marked with *
Processing, please wait…
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *