رەگەز و سیاسەت: ژن وەک بکەرێکی سیاسی نوێ*

رەگەز و سیاسەت: ژن وەک بکەرێکی سیاسی نوێ*

گۆڕانکاریەکی دیار گرنگ لە ژیانی سیاسی هاوچەرخدا هاتنەمەیدانی ژنانە وەک بکەرێکی سیاسی نوێ و دەستپێکردنی پرۆسەی پێکهێنانی هاوسەنگی رەگەزیە لە کایە و فەزای سیاسی گشتیدا.
ئەم دەرئەنجامە ئەگەر لەلایەکەوە زادەی زەقترین و دزێوترین ستەمی سیاسیە کە کراوە و ئەنجامدراوە لە دژی ژنان و دوورخستنەوەی تەواوی ئەوان بووە لە ژیانی سیاسی و دەرهاویشتەکانی، ئەوە لە لایەکی ترەوە زادەی گۆڕانکاریە هاوچەرخەکانە کە بەجۆرێک بالانسی رەگەزی لەبواری ئابووری و کلتوری وبوارەکانی تردا گێڕاوەتەوە و بێگومان لە بواری سیاسیشدا رەنگی داوەتەوە.
رزگاربوونی ژنان لە بارگرانی کاری ناوماڵ و بەشداری لە ژیانی ئابووریدا، سووکبوونی باری ژنان لە بواری پەروەدەەکردنی مناڵاندا، وە بوونی کاتی زیاتر بۆ ژیان و کایە گشتیەکان، خوێندەواری و چوونە سەری ئاستی هۆشیاری ژنان،…..تاد وە زۆر هۆکاری تر تێکڕا بوون بەهۆی ئەوەی ژنان لە هەموو بوارەکاندا ئامادەییان هەبێت و هەروەها ببێت بەهۆی زیاتربوونی رۆڵی ئەوان و دەرچوونیان لە پەراوێزی ژیانی سیاسیدا.
زۆر هۆکار هەن بۆ دواکەوتنی رۆڵی ژنان لە کایەی سیاسیدا بەراوورد بە کایە و بوارەکانی تر، کە سەرەکیترینیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سیاسەتی نەریتی ”سیاسەتێکی نێرانە” بووە و رەقی و توندوتیژی و فێڵبازی و تەڵەکەبازی و غەدر و چاوچنۆکی و خۆپەرستی و بێسۆزی بەسەریدا زاڵە و لەگەڵ سروشت و تایبەتمەندی و خەسڵەتی ژناندا یەکناگرێتەوە، هەر بۆیە مەیلی ژنان بۆ بەشداری چ وەک حەز و ئارەزوو، چ وەک هەڵبژاردنی وەک کەسابەت و پیشەگەری لاوازبووە.
سەرەڕای ئەوە زیاتر لە نیوسەدەیە پرۆسەی بەشداری و چالاکی ژنان لە مەیدان و بواری سیاسیدا تاوی سەندووە، تەنانەت پاڵەپەستۆ و گوشاری زۆری دروستکردووە لە سەر ڕاستڕەوترین و کۆنەپارێزترین لایەن و رەوتی سیاسی و ناچاریکردوون بەشێوەی جۆراوجۆر بوار بۆ بەشداری و هاتنەناوەوەی ژنان بکەنەوە و ڕێکاری سیاسی و یاسایی و حیزبی دابهێنن بۆ بەشداری زیاتری ژنان لە سیاسەت و کاری حیزبایەتی و کاری پەرلەمانتاری و زۆر بواری تر.
کاریگەریەکانی زاڵبوونی دیدگا نەریتیەکان سەبارەت بە سیاسەت و کاری سیاسی لە خێرایی ئەم گۆڕانکاریە سیاسیانەی کەمکردۆتەوە. لەروانگەی لیبراڵترین ئایدیا و بڕوای سیاسیەوە بکەر و ”تاکی سیاسی” مەبەست لێی ”پیاوی سیاسی” بووە، رۆڵی سەرەکی ژنان لە ژیانی تایبەتیدایە نەک گشتی، وە رۆڵی سیاسی ژنان هێشتا سەربەخۆ نیە و لە دوای پیاوەوە دەستپێدەکات.
بەهۆی پەرەسەندنی ئازادیەکان و گەشەی خەباتی ژنان و جێگیربوونی ماف و داخوازیەکانی ژنان لە هەندێک ووڵاتدا نەوەیەکی سیاسەتمەداری ژن پەیدابووە و بەردەوام لە پەیدابوون و هەڵکشاندایە کە سەربەخۆ کاردەکات و ئامادە نیە لە پشت یان لە تەنیشتی سیاسەتمەداری پیاوەوە بوونی خۆی بسەلمێنێت و ئامادەبێت، دەیەوێت کە خۆی بێت و ”هاوشان”ی پیاو نەبێت وەک هاوپیشە، هاوکار، جێگر و هاوسەرۆک… و ئەو فۆرمانەی سیاسەتکردن تێپەڕبکات.
گۆڕانکاریەکان بووە بەهۆی ئەوەی پێکهاتی رەگەزی کەمینەی سیاسی دەسەڵاتدار بەرەو تێکەڵاوی رەگەزی زیاتر بڕوات و رێژەکەی لە هەڵکشاندابێت (لەنێوان ٢٠% بەرەو زیاتر بچێتەسەر) بەڵام ئەم گۆڕانکاریە هێشتا کۆی ژیانی سیاسی نەگرتۆتەوە و پێویستی بەوەیە زەمینەی زیاتر فەراهەمبکرێت بۆ بەشداری و چالاکی سیاسی ژنان.
هانتەمەیدانی ژنان وەک بکەرێکی سیاسی گۆڕانکاریەکی چەندایەتی و زیادبوونێکی ژمارەیی سیاسیەکان نیە، بەڵکو هاوکات گۆڕانکاریەکی چۆنایەتیە لە خودی سیاسەت و ماناکان و جۆر و ماهیەتیدا، گۆڕینی سیاسەتی نەریتیە، وە نزیکبوونەوەی زیاتری سیاسەتە لە ژیان و قووڵکردنەوەی ماناکانێتی لەپەیوەند بە ژیانی گشتیەوە، هەروەها زاڵکردنی سوود و سۆزداریە لە ژیانی سیاسیە بێ دڵ و بێسۆزەکاندا.
ئەم ئامادەییە سیاسیەی ژنان لە سات و توندپێچەکان و قەیرانە سیاسیەکاندا زیاتر دەردەکەوێت و زەق دەبێتەوە، لە کاتی خۆپیشاندان و شۆڕشەکاندا رەنگدەداتەوە، دواترین نمونەکانی لە رۆژهەڵاتدا لە رووداوەکانی بەهاری عەرەبی و خۆپیشاندانە گەورەکانی ئەم دواییەی ئێراندا بوو. تێکڕای ئەو رووداوانە ئەوەیان نیشاندا کە سەردەمێکی سیاسی نوێ دەستی پێکردووە کە تیایدا ژن بکەرێکی سیاسی چالاک و هۆشیارە تیایدا و رۆڵێکی زیاتری دەوێت بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆی و کۆی مرۆڤایەتی.
لەم نێوەدا بەهۆی ئەم ئامادەیی و چوونەسەرەی هۆشیاری سیاسی ژنانەوە مەیدانی بەرەنگاری دژ بە ستەمکاری بەشێوەیەکی گشتی و وە بەرەنگاری دژی ستەم لەسەر ژنان بەشێوەیەکی تایبەتی رووبەرێکی زیاتری لە ژیانی سیاسی داگیرکردووە، سیاسەتێک نەتوانێت وەڵام بە ستەم لەسەر ژنان بداتەوە لەسەردەمی نوێدا بە سیاسەتێکی نوێ ئەژمار ناکرێت و لە دووبارەکردنەوەی سیاسەتی نەریتی زیاتر هیچی تر نیە. هەروەها هەر ستراتیژێکی سیاسی کورتماوە و درێژماوە پێویستی بەوەیە کە بەشداری ژنان لە کایەی سیاسەتدا تا ئاستی هاوسەنگی رەگەزی لە سیاسەتدا بکات بە ئامانج، جگە لە دیاریکردنی هەنگاوە ستراتیژیەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم لەسەر ژنان و بەدیهێنانی ئازادی و رزگاری ئەوان.
لە کۆمەڵگا سیاسیە دواکەوتووەکاندا ستەم لەسەر ژنان و داخستنی دەرگای بەشداری سیاسی بەروویاندا زەقترین رووی ستەمکاری سیاسی سیستمە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ووڵاتانی کەم گەشەکردووە. سەرەڕای ئەوەی خودی ژنان لەو ووڵاتانەدا، ئامادەییەکی زۆریان دەربڕیوە بۆ بەشداری لە ژیانی سیاسی گشتیدا، بەڵام ئەو کەمینە سیاسیەی سوکانی ژیانی سیاسی بەدەستەوەیە لەباری رەگەزیەوە دەسەڵاتێکی پاتریارکیە، پێکهاتە سەرەکیەکەی پیاوانەیە، وە عەقڵیەتی خێڵەکی و دواکەتووانە، کلتور و دەسەڵاتی نێرانە و پیاوسالارانە، بەهای نامرۆیی و دژی ژن تێکڕا کاردەکەن بۆ لەبکەرخستنی ژنان و کەمکردنەوەی بەشداری سیاسیان، تەنانەت کڵۆمکردنی بەشداریان لەناو کەمینە سیاسیە دەسەڵاتدارەکاندا. بۆیە سیاسەت بەشێوەیەکی زۆر نەریتی و بەبێ ئامادەیی و بەشداری ژنان بەڕێوە دەچێت.
رەوت و هێزە ئیسلامی و ئاینیەکانیش بە ئەوپەری کۆنەپارێزی و دواکەوتووییەوە لە دژی ژنان هێزیان هەڵخراندووە، بەڵام ئەوەی کە ئەم رەوتانە جیادەکاتەوە لەئەمڕۆدا ئەوەیە کە بواریان کردۆتەوە بۆ بەشداری زۆری ژنان لە ناو پارتە ئیسلامیەکان و ژیانی ئاینیدا بە مەبەستی پێشگرتن بە ئامادەیی و هاتنەمەیدانی پێشرەوانەی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. ئەم هێزانە بەشێکیان لە خودی ژنان هەڵخراندووە بۆ پاساودان و رەوایەتی دان بە ستەم لەسەر ژنان و پەرەپێدانی نایەکسانی و لە بکەرخستنی ژنان لە کۆی ژیانی سیاسیدا.
شەپۆلی گۆڕانکاریە سیاسیەکانی ناوچەکە و دنیا و ئاراستەی بەشداری سیاسی ژنان بەهێزێکی زیاترەوە ئەو بەردەڵانە نەریتیەی لەسەر ستەمکێشی ژنان هەڵچنراوە دەڕمێنێت، زیاتر و زیاتر ژنان دەبن بە بکەرێکی سیاسی چالاک و کاریگەر چونکە سوودمەندی یەکەمن لە وەدیهاتنی گۆڕانکاری سیاسی نوێدا ، هەربۆیە ئەوان دەبن بە پێشەنگی گۆڕانکاریە سیاسیەکان و ئاراستەکان هەڵدەکشێن بۆ پێشەنگایەتی سیاسی نوێی ئەوان لە ژیانی سیاسی و لە بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری سیاسیدا.

————-
** تێبینی: ئەم بابەتە لە باسنامەی ”جاڕنامەی ژیانخوازی- ژیانی سیاسی” وەرگیراوە کە ئامادەیە بۆ بڵاوکردنەوە.

zhyanewa
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…