مرۆڤ چۆن بیر دەکاتەوە ؟

وەستا جلال
هەموو مرۆڤێک لە تەمەنی یەک ساڵیەوە، تاکو دەگاتە حەوت یان هەشت ساڵی، لەسەر بنەمای، هەست، خەیاڵ، هۆش، ئیحساس، سۆزدا، پایە سەرەکیەکانی بیروباوەر و جیهان بینی خۆی دادەمەزرێنیت، تاکو حەڤتا و هەشتا ساڵی درێژەی بەو بیروباوەڕ و جیهان بینیەی خۆی دەدات، ئەگەر ئالوگۆریش بەسەر ئەو بیروباوەڕەش دابهێنێت تەنها ئالوگۆرێکی زۆر کەم دەبێت.
یەکەم: منداڵ لە تەمەنی یەک ساڵی. تەقریبەن تەنها بە (هەستەکانی) دەژیت، ( Sense and Sensation ) یانی هەست بە دەوروبەری خۆی دەکات، بەتایبەتی لە رێگای دایک و باوکیەوە، هەست بە:
١- شیر خواردن
٢- خاوێن کردنەوە
٣- یاریکردن بە دەست و قاچی
٤- خەوتن
قۆناغی دوەم: لە تەمەنی یەکساڵی تاکو دەگاتە حەوت و هەشت ساڵی، جیاواز لە هەست کردنی دوو دیاردەی تر بە زەینی منداڵ زیاد دەبێت،
١- خەیاڵە، (Imagination) منداڵ لەبەرامبەر ئاوێنە لەگەڵ خۆی قسان دەکات، لاسایی دەوروبەری دەکاتەوە، لەگەڵ یاریەکانی قسە دەکات، لێیان توڕەدەبێت، چێشت لێدەنێت، دەچیتە میوانی، لەلای ئەو سەگ و پشیلە قسان دەکەن، شاخ و دارەکان قاچیان هەیە دەتوانن رێگا برۆن رابکەن،
٢- هۆشە (Intelligence ) هۆش هەست بە پەیوەندی یە رۆتینیە سادەکانی دیاردەکان دەکات، بۆ خۆگونجاند و خۆرێکخستن لەگەڵ دەوروبەری خۆی، هۆشی بەکار دێنێت.
منداڵ لە رێگای هۆشیەوە، بۆ بەدەست هێنانی خواستەکانی خۆی بەنمونە، بۆ چوکڵاتێک یان شیرینیەک یان چونە بازڕێک، دەتونێت لە رێگای هۆشیەوە دڵی باوک و دایک بۆخۆی رابکێشێت و رازیان بکات، جا لە رێگای ماچێک بێت یان جولەیەکی سەرنجراکێش بێت دەتوانێت ئەو کارە ئەنجام بدات، دیارە ئاستی هۆشی هەر منداڵیك جیاواز ترە لە منداڵێکی تر، هەندێک لە منداڵان ئاستی هۆشیان زیاترە، بۆیە ئەو جۆرە منداڵانە دەتوانێت خواستەکانی خۆیان باشتر بەدەست بهێنت،
دیارە ئیمە ٩ جۆر لە هۆشمان هەیە، هۆشی قسەکردن، هۆشی میکانیکی، هۆشی ماتماتیک، هۆشی بۆشایی یانی )فەزا(،هۆشی مۆسیقا، هۆشی ئاگای لەخود، هۆشی زانین دەربارەی هەست و ئیحساسی خود، کە دەزانین لە ئێمە چی ڕودەدات، لە سەرما بون وگەرم بونمان، مرۆڤ دەتوانێت خۆی بخاتە جێگای کەسی تر، لەدەروەی خۆمانەوە سەری خۆمان بکەین، لە چاوی ئەوانەوە سەیری خۆمان و کەسانی تریش بکەین، هۆشی حاتفی و سۆزداری، هۆشی، پەیوەندی بە سروشت، ئەو ٨ یان ٩ ئاستە لە هۆش،نیشان دەدات مرۆڤ توانایی هۆشی زۆری هەیە،یانی دەتوانین پەیوەندی سەتحی یان رۆتینی شتەکان بزانێت و دەرکیان پێ بکات.
ئەگەر کەسێک بیەوێت ،دەتوانێت لە رێگای تاقیکردنەوە جیاوازەکانەوە ئاستی هۆشی خۆی تاقی بکاتەوە، ئەوکاتە دەزانێت ئاستی هۆشی لە چ ئاستیک دایە.
هۆشی مرۆڤ لە سفرەوە (٠)دەست پێدەکات تاکو دەگاتە (٢٠٠) دوو سەت،، هۆشی نێوان سفر(٠) بۆ(٧٠) حەفتا، وەکو مرۆڤی کەم ئەندام حسابی بۆ دەکرێت، لە (٧٠ )بۆ (٨٤ ) وەکو مرۆڤی کەم هۆش، لەنێوان بەهۆش و بێ هوشیدایە، زۆربەی زۆری هۆشی مرۆڤ لە ئاستی دونیا لە نێوان (٨٥) بۆ (١٠٢) وە. لە نێوان (١٠٢) بۆ (١٣٠)، مرۆڤە بە هۆشەکانن، لە (١٣٠) بۆ (٢٠٠) عەبقەریەکانیان پێ دەڵێن.
توانایی هۆش لە سەتا٨٠ بۆ٩٠ ویراسیە، هۆشی دایک زیاتر کاری گەری هەیە لەسەرهۆشی منداڵ، بەگشتی ژنان و کچان هۆشیان لە کوران و پیاوان زیاترە، لە ڕوی زانستیەوە دەرکەوتوە،کچان تاکو تەمەنی ١٨ساڵی ئاستی
هۆشیان لە کوڕان زیاترە.
لە ماوەی ٥٠ ساڵی رابردوو لە ئەمریکا، لە ١٥٪ ئاستی هۆشی مرۆڤەکان زیادی کردوە. ئەوە نیشاند دەدات، مرۆڤ دەتوانێت ئاستی هۆشی زیاد بکرێت،
لە ساڵی ٢٠١٠ لە ئاستی دونیا، دەربارەی ئاستی هۆشی ولاتان لێکۆلینەوە کراوە، کە بەم شێوەیە دەرکەوتوە:
١- هۆنکۆنگ ١٠٧
٢- کۆریای باشور١٠٦
٣- یابان ١٠٥
٤- کۆریایی باکور و تایوان ١٠٤
٥- سەنگاپور ١٠٣
٦-ئیتالیا و ئەلمانیا ١٠٢
٧- سوید و سویسرا ١٠١
٨- سین و بەریتانیا ١٠٠
٩- نەمسا ٩٩
١٠- ئەمریکا ٩٨
١١- ئیران لە دەوری ٩٠
١٢- ١٠ ولات ناوەکەیان نەنوسراوە ئاستی هۆشیان ٨٥ هەشتا و پێنجە.
ئەگەر مرۆڤ تەنها بە هەست و هۆش و خەیاڵەوە گەورە بوایە، لەوەیە زۆر کێشەی نەدەبوو.یان وەکو ئاژەڵ ، یان بە شێوەیەکی جیاوازتر لەوەی ئێستا هەیە دەژیا.
بەڵام کێشەکە لەوەدای مرۆڤ لە منداڵیەوە تاکو حەوت ساڵی تەنها بە هەست، هۆش و خەیاڵی ژیان ناکات، بەڵکو دوو دیاردەی تر، لە زەینی منداڵ زیاد دەکات، یەکم: ئیحساسیەت دوەم: سۆز وهەیەجانە، (Feeling and Motion )
یانی منداڵ کە شیرنیک دەخوات، تەنها هەست بە خواردنی شێرینیەکە ناکات، ئیحساس بە شێرینیەکەش دەکات، چێژو لەزەت و خۆشی لە شیرینیەکە وەردەگرێت، یان کە شتێک دەبینێت تەنها هەست بە بینینی ناکات، ئیحساسیشی لەگەڵ دەگۆڕیت، منداڵ بە بینینی شتێک لە ڕێگای ئیحسایەوە دڵ خۆش، یان نیگەران دەبێت، یان دەبینین منداڵ بە بینی بێگانەیەک، جیرانێک یان کەسێکی نزیکی خۆی ئیحساسی دەگۆرێت،
یانی منداڵ لە ڕێگای هەستیەوە، ئیحساسیش دورست دەکات، کاتێک کە شیرنیەک دەخوات شیرینیەکە بەباش دەزانێت چێزو تامیشی لێ وەردەگرێت. منداڵ تەنها هەست بە جیهان ناکات، بەلکو ئیحساس بە جیهانیش دەکات، ( Sense and Sensation ) (Feeling and Motion)
منداڵ لە ڕێگای هەست و ئیحساسیەوە،
ترس، خەم، ئارامی، تاوان، بێ تاوانی .باوەڕ بە خۆبون، بەردەوام بون، توڕە بون، خۆشحاڵ بون، نیگەرانی، دڵەراوکێ، خەسیسی، وەسواسی، زۆر ڕێکوپێک بون، زۆر خاوێنی و دەقیقی، شک و گومان کردن، شەرم و خەجالەت، شەق وەشین و شەرانی بوون، هەموو ئەو ئیحساس کردنە پایەکانی لە ١٤ تاکو ٣٦ مانگی دا دورست دەبێت.
یانی لەیەک ساڵی تاکو حەوت ساڵی، ئەوانە لە رێگای هەست و هۆش، خەیاڵ و ئیحساس و سۆزداری لە ناخی مرۆڤ دەچیندرێت، لە حەوت ساڵیەوە سەر هەڵدەن. گەشە دەکات.
-سێیەم: لە هەمووی گرنگتر منداڵ لە ڕێگای هەست، هۆش وخەیاڵی، تەنها ئیحساس وسۆز و هەیەجانی دورست ناکات، بەڵکو لە ڕێگای هەست، هۆش،خەیاڵ، ئیحساس، سۆز و هەیەجان یەوە. سیستەمی بیروباوەر و جیهان بینیشی دادەمەزرێنێت.
لێروەوە منداڵ تێڕوانینی سەبارەت بە دونیای دەوروبەری خۆی دادەڕێژێت، بە نمونە: ئەم دونیایە چۆن دورست بوە؟ خودا هەیە، یان نا؟ چ شتێک حەرامە یان حەڵالە، ئەم دونیایە چۆن کار دەکات؟ بیرکردنەوەی سەبارەت بە ژن، بە ئاین، بەرامبەر بە خزم و بێگانە، بە نیشتیمان و سیاسەت، هەروەها بە خێر و شەڕ، بە باش و خراپ ، بە دۆست و دوژمن.
ئەگەر لە ناو ماڵیکدا هەزاران هەزار جار بە باشی باسی شێخێک، پێغەمبەرێک، سەرکردەیەک، یاسایەک، حیزبێک، ڤەرهەنگێک بکرێت، بەڵام بە خراپی باسی ئەوانی تر بکرێت، دیارە کە منداڵێک هەزران هەزار جار تاکو دەگاتە تەمەنی ١٨ ساڵی بۆی دوبارە دەکرێتەوە، زۆر کاری گەری لەسەر بیروباوڕی ئەو منداڵە دادەنێت.
یانی پایەی سەرەکی دامەزراندنی بیروباوەڕو جیهان بینی مرۆڤ، لە ٩٠٪ دەگەڕێتەوە بۆ هەست، هۆش، خەیاڵ، ئیحساس، سۆز و هەیەجانی، تەمەنی منداڵی لە یەک ساڵی بۆ حەوت و هەشت ساڵی. دیارە هەندێک ئاڵوگۆڕی بەسەر بیروباوەڕی دادێت، بەڵام ئەو ئاڵوگۆڕە زۆر بە کەمی دەبێت، تەنها ئەوەی کە زۆر لە زەینی منداڵ کەم دەبێتەوە خەیاڵە.
ئەگەر سەیری مێژووی ژیان و پەیوەندی ٢٠٠ ساڵی ڕابردوی مرۆڤەکان بکەین دەبینن هەموویان وەکو یەک ژیاون و وەکو یەک بیریان کردۆتەوە، لە مەسەڵەی هاوسەرگیری، خواردن، جڵوبەرگ، چیرۆک و حکایەتەکان.هیچ جیاوازیەکیان لەگەڵ یەکتری نەبوە.
بەڵام هێزێک لە مرۆڤ دا هەیە، کەلە تەمەنی ٧ ساڵی تاکو ١٨ ساڵی دورست دەبێت، لە ١٨ بۆ ٢٢ بەو پەڕی هێزو توانایی خۆی دەگات ،ئەویش ئەقڵە، ( Rational mind and thinking) بیرکردنەوە، فکر، ولێکۆلینە، یانی ئاگاهی، زانین و تێگەیشتنە،
ئەقڵ بە پێچەوانەی هۆش.
١- پەیوەندیە شاراوەکانی شتەکان ئاشکرا، نمونەی پەیوەندی جنسی ژن و پیاو یان هەوەرو باران بارین…….هتد
٢- یاساکانی نێوان سروشت دەناسێ و ئاشکرایان دەکات. نمونەکەی تاکنالۆژیای بەردەست و…هتد
لەم ڕێگایەوە ئەقڵ دەتوانیویەتی زانست بەرهەم بهێنێت،
*کاریکی تری ئەقڵ، دیاری کردن و دانانی پێوەرە، ئەوەی جاران لە ڕێگای، هۆش، هەست و خەیاڵ دیاری دەکرا، ئەقڵ لە ڕێگای پێوەرو ڕێژە دیاری دەکات. بۆ نمونە دەزانرێت کەسێك چەندە، خۆشحاڵ یان نیگەرانە.، توڕە یان شادە. ….. هتد
*پێناسە کردنی چەمکە گشتیەکانە، بۆ نمونە جیاوازی دڵە ڕاوکێ و دڵ گرانی، دڵ پڕی، بێزاری و بێتاقەتی….. هتد
*ئەقڵ توانای وێناکردن یان لێکدانەوە بۆ دیاردە زەینەکان دەکات، بە نمونە: ئازادی، ئەشق، ئەخڵاق، روح و خودا.
خاڵێکی تر کە زۆر گرنگە سەبارەت بە ئەقڵ بیزانین، چۆنیەتی کارکردی ئەقڵە، ئەویش ئەوەیە کە هەموو جیهان لەسەر بنەمای دەڵیڵ،دەرکەت وهۆکار کار دەکات، تەنها ئەقڵ بەهۆی ئازاد بونەکەی لەسەر بنەمای بەڵگە (Evidence) کار دەکات.
بۆیە ئازادی بەشێکە لە ئەقڵ، یانی مرۆڤ بەبێ ئەوەی ئەقڵی هەبێت ناتوانێت ئازاد بێت، مرۆڤی ئاقڵ مرۆڤی ئازادە. مرۆڤێکیش کە ئازاد نەبوو، هەمیشە لە ڕابردوو دا دەژیت، خۆی بە ڕابردوو هەڵدەواسێت،
دیارە مرۆڤ لە هەموو مەیدانێک ناتوانێت ئازاد بێت، بەتایبەتی لە بەرامبەر سروشتدا.
بۆیە ئازادی لە چوارچێوەی ئەخلاقدا دەتوانێ مانی کامڵ بونی خۆی بەدەست بهێنێت.

———————————————————————————————–
مرۆڤ لە ڕوی ئەخڵاقیەوە دەتوانێت میهرەبان بێت یان نامیهرەبان، کەسێکی مرۆڤ دۆست بێت یان دژە مرۆڤ. مرۆڤ دەتوانێت لە نێوان چاکەو خراپە هەڵبژاردن بکات، بەڵام مرۆڤ لە بەرامبەر هەندێک لە زەروریەتی سروشتی ناتوانێت هەڵبژاردن بکات، بۆنمونە مرۆڤ ناچارە بخەوێت، هەناسە بکێشێت، وخواردن بخوات، ئەگەر نا دەمرێت. بەڵام بۆ کاری ئەخڵاقی مرۆڤەکان دەتوانن هەڵبژاردن بکات.
بنەماکانی ڕەوشتەکانی ئەخلاق پێکهاتوە لە:
١-داد و دادپەروەری
٢- ئازادی و ئازاد بون
٣- خۆشەویستی و میهرەبانی
٤- راستی و ڕاستگۆیی
٥- رێز و شکۆیە
دیارە رەوشتی ئەخلاقی زۆر جیاوازە لەگەڵ بەهای ئەخلاقی، بەهای ئەخلاقی هەر کۆمەڵگایەک بە شێوەی جیاواز بەهاکانی خۆی دیاری دەکات، یانی بەهای ئەخڵاقی ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتیە، بۆیە ئەو رێکەوتنە ئەخڵاقیە دەبێت بە یاسا، فەرهەنگی کۆمەڵایەتی. بەنمونە مەسەڵەی ئیعدام، جیاوازی ژن و پیاو، دەست بڕین، خەتەنەکردنی ژنان. ئیمانداری ….هتد
بۆیە نابێت ئـێمە رەوشتەکان ئەخڵاق بە بەهای ئەخلاقی بزانین.
لە رێگای ئەقڵ، زانست، ئازادی و ئەخلاق مرۆڤ روبەڕی مەسئولیەت و بەرپرسیارەتیش دەبێتەوە بۆیە هەموو مرۆڤێک دەبێت بەرپرسبێت لە بەرامبەر کارێک ئەنجامی دەدات.
چۆلەکەیەک رۆژانە چەندین مێروڵە دەخوات، بەڵام هەست بە هیچ بەرپرسیاریەتیەک ناکات،شێر کە دارستانێک ئاسکێک دەخوات،روبەروی هیچ بەرپرسیارەتی و ئەخلاقێک نابێتەوە.
لێرەوە پێویستە مرۆڤ لە سەر بنەمای، (زانست، ئەقڵ و واقعیەت) وە(ئازادی، ئەخڵاق و بەرپرسیارەتی) بنەمای بیروباوڕ، هەست،ئیحساس و جیهان بینی خۆی دابڕێژێت،
مرۆڤ پێویستە لێکۆلینەوە و پێداچونەوەیەک بەسەر هەست، هۆش، ئیحساس، سۆز سیستەمی بیروباوەری خۆی لە تەمنی ٧ ساڵی تاکو ١٨ ساڵی دا بکات. بۆئەوەی بزانێت، ئایا هەست، ئیحساس، بیروباوەری ئەو لەسەر بنەمای هەست، هۆش، خەیاڵ وهەیەجانی منداڵی دامەزراوە،
یان لەسەر بنەمای (زانست، ئەقڵ و واقعیەت) وە(ئازادی، ئەخڵاق و بەرپرسیارەتی)
ئەمڕۆ چارەسەری کێشەکانی دەرونی وەکو: دڵەڕاوکێ، نیگەرانی، توڕەبوون، شڵەژان، هەست کردن بە تاوان، لە ڕێگای تێگەیشتنە لە ( ئەقڵ ، واقعیەت و زانستەوە) چارەسەر دەکرێت.
باسی پەیوەندی عەشق و ئازادی و ئەقڵ، باسێکی تری زۆر گرنگە، هەوڵ دەدەین لە داهاتوو گڤتوگۆیان لەسەر بکەین.

سەرچاوەکانی ئەم بابەتە
١- دکتۆر ڤەرهەنگ هۆڵاکۆیی/ کۆمەڵناس
٢-دکتۆر عەلی نەێری / فیزیکزان
٣- سیگمۆند فرۆید
٤- ئاریک فرۆم / هونەری عەشق

zhyanewa
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…