مەنسوری تەیفووری
“كه دارستان ئاگری گرت، داری بێلایهن كامهیه تا نهسووتێ!- شێركۆ بێكهس”
١. له سهر سفرهی گورگهكان
نەورۆزی ٢٠١٦ لە چیای قەرەچۆخ، شەڕڤانێكی یەكینەكانی پاراستنی گەلم بینی. قژ و سمێڵێكی ماشوبرنجی و هەڵنیشتەی زەمەن لە سەر سیمای لە گەنجەكانی دەوروپشتی جوێی دەكردەوە و وای دەكرد سەرنج خێراتر بیگرێت. پیرۆ، فەرماندەی دەستەیەك لە هێزەكان بوو. داوام لێ كرد چەند پرسیارێك وەڵام بداتەوە و بشهێڵێت دەنگی تۆمار بكرێت، وەك شایەتییەك كە چی كرا و چی ڕووی دا. بەڵام ڕازی نەبوو. دوای سەعاتێك بانگی كردم و وتی با پیاسە بكەین. دەستی كرد بە گێڕانەوەی ژیانی خۆی. سۆسیالیست بووە، ئەندامی گرووپێكی چەپی تورك. سەرەتای نەوەدەكان و پاش هێرشێكی دووبارەی ڕاوەچەپ لە توركیا، پەنا دەباتە ئەڵمانیا. دەیگوت: “لە ئەڵمانیا پەنابەر بووم. لە تەلەفزیۆنەوە بینیم دەوڵەتی توركیا كوردان دەكوژێت. ئەمە بوو بە پرسیار لام. من چۆن چەپ و سۆسیالستێكم و دانیشتووم سەیر دەكەم دەوڵەت كوردان دەكوژێت.” پیرۆ دەگەڕێت و ڕێكخستنی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ئەڵمانیا دەدۆزێتەوە. داوا دەكات بچێتە شاخ. بەڵام بە مەرجێك پێشتر بە تەلەفوون لەگەڵ ئاپۆ قسە بكات. ڕۆژێك بانگی دەكەن و دەڵێن فڵانە وەخت ئامادە بە. «چووم و چاوەڕێی تەلەفوونمان كرد. ئەوكات ئاپۆ لە ڕۆژئاوای ئێستە بوو. زەنگی دا و تەلەفوونەكەیان گواستەوە بۆ من. پەشۆكابووم،. كەسانی دەوروپشتم پێكەنین. ئاپۆ بەمەی زانی، ئارامی كردمەوە و شتێكی سەیری پێ گوتم: “پیرۆ! دێی بۆ كوردستان بۆ لای ئێمە بە خێر بێیت، بەڵام با یەك ڕاستیت پێ بڵێم، لە بیری مەكە و دوای ئەوە بڕیاری خۆت بدە، بیرت نەچێت دێیت بۆ سەر سفرەی گورگ”.».
پیرۆ، كە بە كوردییەكی پاراو قسەی دەكرد، دواتر دركاندی كە “من توركم و كوردی لێرە فێر بووم. ئێستەش لێرەم و تەنیا دەتوانم بڵێم ئێوە خۆتان خهڵكێكی سهیرن و خۆتان ناكهن به خاوهنی شۆرشهكهتان.” گێڕایەوە كە چۆن بە چەندین مانگ تەنانەت ئاردیان نەبووە نانی پێ دروست بكەن و تەنیا بە خواردنی بەڕوو ژیاون. تورك بوو و كەچی بینینی ستەم وەهای لێ كردووە نەتوانێت دابنیشێت و تەماشاكەر بێت.
لە نموونەی پیرۆدا دەبینین سیاسەت لە خاڵێكدا لە ئایدیۆلۆژیاش تێ دەپەڕێت و بە ویژدان و ئەخلاقەوە دەبەسترێتەوە، بۆ ئەو شوناسەكان هەن، بەڵام ڕێگر نابن لەوەی كە تۆ ستەم نەبینیت، وا ناكهن واز لەو ئەركە بهێنیت كە بانگت دەكات. پیرۆ ناوازهیه لەبەر ئەوەی سیاسەت لە نموونەی ئەودا دەچێتە ئەودیوی شوناسێكی تایبەتییەوە و سیاسەت لێرهیه بۆ ئەوەی شوناسە پێدراوەكان هەڵتەكێنێت و بیانكاتە شتێكی هەمەگیرتر، بیانكاتە چالاكییەكی هۆشیارانە و سووژانە بەرامبەر ستەم لە هەر شێوەیەكیدا. سیاسەت چەندە بۆ ئەوەیە كە شتێكی هەمەگیرتر لە جیاوازییەكان دروست بكات، ئەوەندەش بۆ ئەوەیە كە گشتێتییە خەیاڵی و دەستكردە جێگیرەكان بشكێنێت و شتێكی نوێیان لێ ڕۆ بنێت؛ لەم خاڵەدا سیاسەت پێش ئەوەی كردەیەكی ڕووت بێت، یان جێبەجێكردنی كۆمەڵێك ئەمر یان ئەندامەتیی ڕێكخراوێك بێت، هەڵوێست و تێگەیشتنێكی زەینییە؟ بەرامبەر دنیا؛ هەڵوێستێك كە ڕێگە دەدات لەو دیوی شوناسە پێدراوەكانەوە بڕیار بدەیت. ئەو هاتبووە دنیایەكەوە كە هاوكێشەكانی بەپێی قانوونی سفرەی گورگەكان دەگەڕان و دەگەڕێن، سفرەی گورگەكان خوازەیەكە بۆ وێنەكێشانی قانوونی سەرەتایی ژیانی بەپێی زۆر، شوناس، بەرژەوەندی و بە كورتی، بەپێی قانوونە زاڵ و ناچارییەكانی ژیان و غەریزە، كە تێیدا نەك بڕیاری سووژانە، بەڵكوو جەبری واقیع و ڕیاڵ پۆلەتیك و بەرژەوەندیی چۆنێتیی هاوكێشەكان دیاری دەكەن. دنیای سفرەی گورگەكان، دنیای قانوونی سەرەتایی زۆر، هاوكێشەی داروینیستیی مانەوەی “هەرە باش” و “هەرە بەهێز”ە؛ دنیایەك سروود و قانوونەكەی بەرژەوەندیی تەسكە بەپێی شوناسی دارودەستەیی و بەپێی هەرێم و قەڵەمڕەو. گورگەكان سەرەتاییترین نموونەی ئەو جۆرە پاراستنەی قەڵەمڕەون. پیرۆ ئاماژەی بۆ خەندەقەكان كرد لە سەر سنووری ڕۆژاوا و ئێستەیە كە من ئەو خوازە یان میتافۆرەم زیاتر بۆ ڕوون دەبێتەوە، خەندەقەكان هەڵكەنرابوون به پێی ههمان قانوونی سفرەی گورگەكان، ئێستەش پیرۆ دەبێ قەندیل و بادینان و هتد چۆڵ بكات، چونكوو نموونهی قانوونی زاڵ هیی گورگەكانە كە پشتئهستوور بە سەرەتاییترین غەریزە و هاندەرەكان كار دهكات. لە گوتاری “چۆڵی بكە”دا كە ئێستە پارتی كرێكارانی پێ دەردەكرێت، توخمەكانی سفرەی گورگەكان دەناسینەوە. لەم گوتارەدا بڕیارە كوردستان بە تەواوی سیمای سفرەی گورگەكانی پێ ببەخشرێت، واتە كۆمەڵێكی سەرەتایی كە تێیدا هیچ كردەیەكی سووژانە و زەینی لە ئارادا نەبێت و هەڵبژاردنەكان، بەپێی بەرژەوەندی، بەپێی مافداری بەسەر فڵانە هەرێم و قەڵەمڕەوەوە بێت. لێرهشهوه دهتوانین لهوه تێبگهین كه ئهم قانوونه پێشتر ههموو ههرێمی گرتوەتەوە. مانهوه ونهمانهوهی پارتی كرێكاران، هیچ لهوه ناگۆڕێت كه دهسهڵاتدارانی ههرێم تهنیا به پێی قانوونی سهرهتایی جهبر و غهریزه، نهك هیچ دهزگایهكی مافناسیی، دهیانهوێ هیچ كوێ نهمێنێت كه لهدهرهوهی سفرهكهوه بێت، تهنانهت چیاكانیش. گرتنی ئهو چیایانه به مانای زاڵبوونی تهواوهتیی جۆرێك ژیانه كه تهنیا توخمه سهرهتاییهكان رێنوێنی دهبن. لە ساتەوەختە گرژەكاندایە كە خوازە و میتافۆرەكان دادەگیرسێن، بۆ ئهوهی هەم ئێستە به روونی نیشان بدەن و هەم ئاسۆكانی تێپەڕین لێی.
٢. من دەتوانم نەكوژم
لە هەمان شوێن، چیای قەرەچۆخ، یهكێك له شەڕڤانانی یەپەژەم بینی و داوام لێ كرد قسەم بۆ بكات، مەرجەكەی ئەویش ئەوە بوو كە دەنگی تۆمار نەكرێت، بەڵام دەتوانم گوێی لێ بگرم. ئەوان حەزیان لە كامێرا و میدیا نەبوو. هیچیان. بێناو بوون. جوودی، كە وەك زۆر كەس ناوی ڕێكخستنی بە پاشناوی كۆبانێوە گرێ درابوو، گێڕایەوە كە لە كاتی هێرشێكی داعشدا لە كۆبانێ قەناسی پێ بووە. لە سیلەی قەناسەكەوە بینیویەتی داعشێك نزیك دەبێتەوە. ئەم دەیەوێت بیپێكێت، بەڵام دەبینێت زۆر گەنجە. وتی: “دڵم نەهات بیكوژم، وتم زۆر گەنجە. تەنیا سووکێک پێیم بریندار كرد بۆ ئەوەی نەیەتە پێش. برینەكەی سووك بوو، خۆی بەست و دیسان بە سینگەخشكێ بەرەو ئێمە هاتەوە. ناچار دیسان بە سووكی بریندارم كردەوە. نەوەستا و هەر دەهاتە پێش. هاوڕێكانم وتیان ئەگەر نزیكتر ببێتەوە، خۆی دەتەقێنێتەوە و لێمان دەكوژێت، بۆیە بە ناچاری لە فیشەكی سێیەمدا ساردم كردەوە. ئێستەش خۆزگە دەخوازم كە نەهاتبایەتە پێش.”
ئەم چركەساتەی دوودڵی لە كوشتن، ئەو وەختەی دەتوانیت بكوژیت و دەیان هۆكار و پاساویش بۆ كوشتنەكە هەیە، ئەو چركەیە ناوەرۆكی سیاسەتێك لە پاشماوە كۆنەكان جوێ دەكاتەوە و ئەگەری دیكەی تێدا دەڕسكێنێت؛ ئەگەری ئەوەی كە ئەگەرچی هەلومەرج من مەحكووم دەكات بەوەی كە بكوژم، بەڵام دەبێ هەمیشە ڕێگەیەك هەبێت بۆ ئەوەی تەسلیمی هەلومەرج نەبم و لە هەموو دۆخێكدا و چەندەش پاساو هەبێت، دیسان من لە ئەركەكانم بەرپرسم و دەبێ بپرسم كە ئاخۆ دەشێت ئەمە نەكەم؟ ئەم چركەیه، بە ڕێكەوت، ئەزموونێكی بەكۆمەڵ نییە و ناشتوانێت بەكۆمەڵ بێت، گهییشتن بهم چركه سهرهتای گهییشتنه به سیاسهتێك له دهرهوهی قانوونی جهبر و زۆر و رق دەوەستێت. چركهیهك كه دهكرێ له شۆڕشه جهماوهریهكاندا بۆ ساتێك گشتی ببێتهوه بۆ ئهوهی پێمان بڵێ كه ئهگهری وهها سیاسهتێك ههیه. بەڵام تا پێش ئەو چركەیه، ئەمە هەر سووژەیەك بە تەنیایی و تەنیا خۆیەتی كە ئەزموونی ئەوە دەكات كە دەشێ لە جەبری بارودۆخ تێ بپەڕێت و ئەوە نەكات كە بە جۆریک ناچاره له كردنی. ئەم درزە و ئەم پرسیارەشە، دوو چەكدار و دوو هێز لە یەكتر جوێ دەكاتەوە. ئامانجی ئهو سیاسهتهی بنچینهكهی لهسهر بههای سفرهی گورگهكان داناوه ئهوهیه ههموان مهجبوور بن ئهوه بكهن كه جهبری باردۆخ و سفره ناچاریان دهكات له كردنی، بۆ ئهوهی ئهگهری ئهو چركهی دیكه نههێڵێت، ئهو چركەی تێیدا هەر كەس دەزانێ كە دەشێ هەر ئێستە ئەوە نەكات كە پێی مەحكوومە. ئەم درزە ناوی سووژایەتییە و ئەو شتەیە هانا ئارێنت بەهیوا بوو لە ڕێگەیەوە مرۆڤەكان نەبن بە فاشیست، واتە: توانای بیركردنەوە. ڕۆح یان مەعنەوییەتێک، ئەگەر هەبێت، لەم چرکەیهدا نیشتەجێیە، نەک لە دنیایەکی دیکە و لە هیچ ئاسمانێکدا. توانست بۆ بیركردنەوە، توانای گومانی سووژەیە لە خۆی و لە جەبرەكانی، لە بیركردنەوەدا سووژە توانست و ئەگەر دەناسێ و دەزانێ جەوهەری بیركردنەوە بریتییە لە توانست و پرسیار لەوەی كە ئەمە بكەم یان نا. ئەم پرسیارەشە هاوكات ماشینێكی بندەستی شەڕ كە ملكەچی فەرمان و بارودۆخە، لە كەسێك كە لە هەر چركەیەكدا بۆ هیوایەك دەگەڕێ، جوێ دەكاتەوە.
٣. تۆ ماشین نیت
ئەم چركەی ڕامان و ڕاوەستانە بە جۆرێكی دیكە خۆی پیشان دا؛ ساڵی ٢٠١٧ و كاتی هێرشی هێزەكانی پارتی دیمۆکرات بۆ سەر شەنگال و هەوڵ بۆ دەركردنی یەکینەكانی پاراستنی گەل، ڤیدیۆیەك بڵاو بوویەوە. لە ڤیدیۆكەدا، دوو شهڕڤانی گەنج، چوونەتە بەردەم هەمهرێكی سەربازیی هێزەكانی پارتیی و پاڵی پێوە دەنێن كە نەچێتە پێش. دیارە هێزی هەمهرەكە وەك ماشین و كەرەستە سەدان جار لە هێزی ئەو دوو كوڕە گەنجە زیاترە كە بەرامبەر هەمهرەكە وەستاون و دەیانەوێت بە دەست ڕای بگرن. دیارە هەر ئەو وەختە چەكدارەكانی پارتی دیمۆكرات ئەو دوو كوڕەیان پێكا و شەهیدیان كردن. بەڵام دیمەنەكە شتێكی زیاتری دەگوت، زۆر زیاتر لەوەی یەك ڕوانین بتوانێت باسی بكات. ئەوەی دیار بوو یەك هیوا بوو: ئەو كوڕە گەنجانە هیوایان لەسەر شتێك هەڵبەستبوو و دەیانزانی ئەگەری ئەوە هەیە كە ئەو ماشینەی جەنگ ڕابگرن، ئەگەرچی هێزیشیان یەكسان نەبێت، هیواكەیان ئەوە بوو ئەو كەسەی ماشینەكە لێ دەخوڕێت و دەیەوێ بچێتە پێش، چركەیەك ڕابمێنێت و ئەوە نەكات كە بۆی نێرراوە، هیوایان ئەوە بوو بەڵكوو شۆفێری هەمهرەكە و فەرماندەرەكانی بۆ چركەیەك بیر بكەنەوە لەوەی كە لە دەرەوەی فەرمانەوە كار بكەن و ماشینەكە ڕابگرن. ئەمە بەریەككەوتنی دووبارەی دوو ڕوانینە بۆ سیاسەت، ڕوانینێك كە خۆی لەگەڵ چەك و هەمهر و ماشینەكەی بەیەك كردووە و یەكپارچە بووەتە كۆمەڵێك كردەی میكانیكی و هیچ سووژایەتییەكی نییە، ماشینێک بەبێ هیچ درز و کەلەبەرێک و هیچ ڕۆحێک، ئەو تەنیا هەیە بۆ ئەوەی ئەمرەکان جێبەجێ بکات. لەو لاشەوە، ڕوانینێك كە لەوە دەگەڕێت ئەویدی بەخەبەر بێنێت و پێی دەڵێ كە تۆ جیایت لە ماشینەكە، تۆ مرۆیت و ماشین نیت، تۆ دەتوانی ملکەچ نەبیت. ئەم ڕوانگەیهی دووەم، هیواكەی لەسەر ئەوە هەڵچنیوە كە دوژمنەكەم لەوانەیە شەڕی ڕەها نەبێت، لەوانەیە ماشین نەبێت و لەوانەیە بتوانێت بیر بكاتەوە و جەستەی خۆی لە ماشینی جەنگ وەربگرێتەوە. كوشتنی ئەوان نەك پەیامێك بوو بۆ هێزهكهیان، پەیامێكیش بوو بۆ هەر پێشمەرگەیەك و هەر ئینسانێكی ژێر دەسەڵاتی ئەو هێزە چەكدارە كە بیەوێت جەستە و بیركردنەوەی خۆی لە ماشینەكە جوێ بكاتەوە، بۆ هەر كەسێك كە بیەوێت ماشین نەبێت. ئەو گوللانە زیاد لەوەی بەو دوو گەنجەوە بنرێن، فیشەك بوون بە هەر ئەگەرێكی دیكەی ژیان و سیاسەتەوە نران. تۆتالیتاریزمی سەربازی ئێستە لە هەموو هەرێم ناهێڵێت و نایەوێت كەس بیر لەوە بكاتەوە كە مرۆ-فەرمانبەر نییە، بەڵام ڕاسپاردنی پۆلیس بۆ پڕکردنەوەی درزەکە، نیشان دەدات کە درزە ترسێنەرەکە هەیە و پێشتر لێرەیە و مرۆڤەکان هەموویان ناکرێن بە ماشین، ئەگەر بکرێ بۆ ماوەیەکیش بیدەنگ بکرێن.
٤. سەربازە یاخییەکان
وێنەی وێنەی سەرباز، وێنەی كەسێكە دەبێ ملکەچی كۆمەڵێك فەرمان بێت و تەنانەت هەر ڕەفتارێكیشی ئەمە نیشان بداتەوە. بەڵام دەشێ ئەم وێنە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. زستانی ساڵی ٢٠١٩ لە كۆنفرانسی هێترۆنۆمی و دادپەروەری لە مێكزیكۆسیتی، دوو توێژەری گەنج لێكۆڵینەوەیەكیان پێشكەش كرد كە كورتەیەكی كتێبێكیان بوو لەسەر سەربازەكان لە زیندانی مێکزیکدا. ئەوان لە سەرەتای لێكۆڵینەوەكەدا دەچنە لای ئەو سەربازانەی تەقەیان لە خەڵك كردووە و دواتر گیراون. قسەی گشتیی سەربازەكان ئەوە بووە كە لەوهی كردوویانە پەشیمانن، بەڵام تەنیا فەرمان و ئەمریان جێبەجێ كردووە. توێژەرەكان وتیان لە چركەیەكدا وەستاین و زانیمان ئەمە بۆ هیچ كوێمان نابات و پاساوێکی گشتییە لای هەموان. بەڵام ئەوان بیر لە دەستەیەكی دیكەی سەرباز دەكەنەوە كە لە زینداندان، کەچی نەك لەسەر تەقەكردن لە خەڵك. ئەم دەستەیەی دووەم لەبەر ئەوە گیرابوون كە تەقەیان لە خەڵک نەکردبوو. نافەرمانییان كردبوو و بە پێچەوانەی فەرمانی سەرووی خۆیان، ئامادە نەببوون تەقە لە خۆپیشاندەران بكەن. ئەنجامی توێژینەوەكە ئەوە بوو كە ئەوەی دەشێ سیاسی بێت، لەم دەستەیهی دووەمدایە. ئەم دەستە بریتییە لەوانەی كوێر نابن، نابنە ماشین و دەتوانن لە چركەیەكدا بڕیاری پێچەوانە بدەن١.
دوو نموونە ئەم ملكەچییەمان بۆ ڕوونتر دەكهنەوە. ئایشمەنی بەرپرسی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدی جووەكان لە دادگای ئورشەلیم بەردەوام دەیگوت كە ئەو كارمهند بووه و وهك كارمهند ئەركهكهی خۆی بەجێ هێناوە و هەرچی كردوویەتی، فەرمانی پێ كراوە. (ئەگەرچی ئەم خاڵە بێ جێگە نابێت كە بزانین پێش چەند ساڵ لێكۆڵینەوەیەك بڵاو بوویەوە لەسەر ژیانی ئایشمەن لە ئارژانتین کە دەری دەخات ئایشمەن لە كاتی خۆشاردنەوەی لە ئارژانتیندا، نەك هەر پەشیمان نەبووە، بەڵكوو شانازییشی به تاوانهكانیهوه كردووه.) ئایشمەن نموونەی سەربازی وەفادار بوو، كەسێك كە بەپێی یاسای ئەرك كاری دەكرد، مۆرەیەك لە ماشینێكی گەورەدا كە سیستمی نازی بوو.
نموونەی دووەم و نزیك ئایەتوڵڵا خەڵخاڵییە. ئەو كە لە پێشەكیی كتێبی دووەمی بیرەوەرییەكانیدا نووسیەتی: “من حاكمی شەرع بووم و پێنجسەد و چەند كەسم لە تاوانباران و نۆكەرەكانی ڕژێمی شا مەحكەمە كردووە و ئیعدامم كردوون، سەدان كەسم لە بەرپرسانی كێشەی كوردستان و [شاری] گونبەد و خووزستان و بڕێك لە دارودەستەی ئەشرار و قاچاخچیی مادەی هۆشبەریشم كوشتووە؟! ئێستەش لە بەرامبەر ئەو ئیعدامانەدا كە كردوومن، نە پەشیمانم، نە گلەییم هەیە و نە ویژدانیشم نائاسوودەیە! بگرە، لام وایە كەمیشم كوشتووە! زۆر كەسی شیاوی ئیعدام هەبوون و بەر دەستم نەكەوتن […] حوكمی ئیعدامی زۆر كەسم دا، بەڵام خۆم هیچیانم بە دەستی خۆم نەكوشت.٢” بەڵام کەسی بە دەستی خۆی نەکوشتووە.
ساڵانی دواتریش، كاتێك هەواڵنێری ڕۆژنامەی فیگارۆ لێی دەپرسێت كە ئاخۆ لەوە ناترسێت بیبەنە دادگای نێونەتەوەیی، دەڵێ: “ئیمام ئاگاداری هەموو ئەم شتانە بوو و ئەگەر هەڵەیەك هەبوایە، پێی دەگوتم. ههرچیم كردووه لهسهر داوكاریی ئهو بووه.٣“
ئەم تەسلمیبوونە ڕەبەقە، ئەم داماڵرانە لە سووژایەتی، مەبەستی پۆلیسە و ئەمە ئەو جێگەیە كە شۆفێری هەمهرەكە ناتوانێ بوەستێ و تێ بگات لەوەی دەیەوێ ڕای بگرێت. ئایدیالی سیستمی تۆتالیتەر، ئەوەیە هەموان وهها بن؛ نازیزم و ئهتاتوركیزم مرۆڤی تەواو دروست بكەن و خومهینی ئەرتەشی بیست ملیۆنی لە جەماوەرێكی چل ملیۆنی. ئەوەی لە ئێستەدا لە دەسەڵاتداریی پۆلیسیدا لە کوردستان ڕوو دەدات، ئارەزووی دەسەڵاتە بۆ گۆڕینی مرۆڤ و هاووڵاتییان بۆ ئەو بوونەوەرە تەسلیمبووەی كە نموونە باڵاكەی شۆفێری هەمهرەکان و بێژەرانی تەلەفزیۆنەكانیانە، ئەوانەی كە هیچ نین جگە له ماشینێك بۆ پڕوپاگەندەی سیاسی و جنسی. گۆڕینی كۆی كۆمەڵگهیەك بۆ پۆلیس و، مرۆڤ بەگشتی بۆ هۆمۆ-فەرمانبەر، دیسان بەشێكن لەم خەونەی گۆڕینی مرۆڤ بۆ ماشینێك کە بۆی نەبێ ئارەزووەكانیشی هیی خۆی بێت. سەربازە یاخییەكان لەم كاتەدا بریتی دەبن لەوانەی لەو ئەركە ڕا دەكەن كە مەحکوومن بەجێی بهێنن، ئەمانەن بە جۆرێك لە ناوچەی نادەوڵەتی، لە دەرکی سەرا یان شیلادزێکان، لە کووچە و شەقام و مەیدانه گشتییەکان لەپڕ كۆ دەبنەوە و ئەگەری ناملكەچی و نامەحكوومی بە هەلومەرج دەنوێننەوە. كێشەی سەربازە ملكەچەكان وازهێنانە لەم ئەگەری نافەرمانییه، تۆتالیتاریزم لەم ئەگەرە دەدات و دەیەوێت نەیهێڵێت. ئەم ئەگەرەش، ئەم توانستە جیاوازیی مرۆڤ له زیندهوهرانی دیكه پێك دێنێت و دەیكاتە بوونەوەرێك كە بتوانێت لە دەرەوەی جەبری سروشتەوە بوەستێت.
٥. سەرمایەداری نیشتمانی نییە
ڕستەیەكی بەناوبانگی مانیفیستی کۆمۆنیست هەیە كە دەڵێ: “پرۆلیتاریا نیشتمانی نییە “٤. ئەم ڕستەیه بووەتە پاكانەیەك بۆ هەموو ئەوانەی كە نەیانەوێت ئاڵۆزییەكانی خەباتە جیاوازەكان ببینن و لە هەموو شوێنێك بۆ یەك فۆرم لە كێشە بگەڕێن، شتێك كە لای بهشێك له چەپی كلاسیك بووەتە تەنیا شیكاری بۆ كێشەی نەتەوەیی وەک “کێشەیهكی بۆرژوازی” کە پێوەندیی بە کێشەی چەوساوان و پرۆلیتاریاوه نییە. بەڵام ڕاستییەكانی شوێنە جیاوازەكان دەشێ ئەنجامی دیكە بە دەستەوە بدهن. بە تایبەت لە سەردەمی دنیاگریی سەرمایە و سەربەخۆبوونی کارتێل و مافیاکان لە هەموو دەوڵەت و خاکێک، ڕستەكه دەشێ لە دۆخی جیاوازدا دەركەوتەی دیكەی هەبێ. وەك ئەوەی كە لە دنیای هەنووكەدا ئەوە سەرمایەدارییە كە نە ڕیشەی هەیە و نە نیشتمان و ئەوە پرۆلیتاریایە كە نیشتمانێكی پێویستە – جگه لهوهی كه ئەقڵی سەلیمیش دەزانێ هەموو خەباتەكان لە دواییدا خەباتێكی خۆجێیین لەسەر زەوییەكی دیاریكراو.
ئەمەی كە سەرمایەداری لە فۆرمە جیاوازەكانیدا نیشتمانی نییە، لە نموونەی دەسەڵاتداریی باشووردا ڕوونترە. نموونەی شاری هەولێر بابەتێكی باش دەبێت بۆ لێكۆڵینەوەیەكی فراوان. هەندێ ئایدیای سەرەتایی لەسەر پرۆژەیەکی وهها دەشێ بەم جۆرە دابڕێژرێن ( بێگومان ئهمه تهنیا ههولێریش ناگرێتهوه): ئەم شارە ساڵی ١٩٩٦ بە یارمەتیی بەعس لە لایەن پارتییەوە دەگیرێت و دەكرێتە پایتەختی دەسەڵاتی ئەو حیزبە و دواتر پایتەختی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام دیسان وەک شاری دەسەڵاتداریی دهستهیهك له خاوهنهكانی ئەو پارتە دەمێنێتەوە. هاوکات پەلەیەكی سەیر ڕوو دەدات بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەكە، بە جۆرێك کە جگە لە رووکاری قەڵاكەی كە قابیلی ناسینەوە بێت، دەبێ هەموو جێگەیەكی بگۆڕێت. شارەکە، بە خێراییەكی پارانۆییكەوە، دەبێ بكرێتە دوبەیـەكی دیكە و ئەوانەی پێشتر شارەكەیان دیبێت، دەبێ دوای چەند ساڵ نەیناسنەوە. جادەكانی دەبێ تەنیا بۆ ماشین تەرخان بن و لە نەخشەی نوێی شارەکەدا، ئەوەی ماشینی نەبێ، نابێ بتوانێ لەوێ بژی. شێوازی پەرەسەندنەكەی دەبێ بكرێتە چەند بازنەی پێكهاتوو لە كۆمەڵەی نیشتەجێبوونی پەراوێزی. شارۆچكە و سیتی و بورج و باڵەخانە، ژیانی ئاپارتماننشینی دەبێ بكرێتە مۆدێلی ژیانی دانیشتوانەكەی، بەباقوبریق بکرێ، ئەستیرەی زەرد و هونەرمەندی زەردی بۆ بهینرێت و دەمامکێک لە پێشکەوتن سیمای کۆنترۆڵی تەواوەتی بشارێتەوە، هونەری ههرزان و زەرد بەشێک لەم ئەرکە ڕادەپەڕێنن؛ لە جەمشیدەوە تا نەوید، لە هەڵکەوت زاهیرەوە تا کۆمپانیاکانی ڕێکلام، لە تەلەفزیۆنە بازرگانییەکانەوە تاکوو کارگەکانی بەرهەمهێنانی ژوورنالیستی زەرد و هتد…، ( ناوهكان له ژماردن نایهن) كێ سەرمایە و ژیانی مۆدێرنی دەوێ، دەبێ بچێتە ئەوێ. هاوكاتی ئەمەش، چی شوناسی كۆنی شارەکە هەیە دەبێ بسڕێتەوە و هەولێریی بەختەوەر ئەوەیە كە دەتوانێ خانوو و خاكەكەی پێشووی بفرۆشێت و بیكاتە كۆمەڵە شوقەیەك، ئەوەشی وهها نییە دەبێ بڕوات و جێی بهێڵێت یان له یهكێك له لقهكانی حزب ببێته ئهندام، مرۆ-فهرمانبهر. ئهوانهشی له دوورترهوه دێن، زۆریان دهبنه قوربانیی تۆڕه نهێنییه جیاوازهكان، تۆڕی ههواڵگریی، تۆڕی بازرگانیی و … هتد.
ئەم هەڵپەیە بۆ گۆڕینی ئەم شارە بۆ پایتەختی سەرمایە و دەستكاریكردنی بنەڕەتی بە تەور، هاوكاتی كۆنترۆڵی تەواوی پۆلیسی، گۆڕینی بۆ سەرمایەدارییەكی بهبێ دیمۆكراسی، دەشێ پەردە لەسەر لایەنێكی نهێنیی دیكە هەڵبداتەوە: ئەو دەسەڵاتەی لەوێ حاكمە، هیچ شوناسێكی لە شارەكەدا نییە، خۆی بە خەڵکی ئەوێ نازانێت، متمانەی بە خەڵكەكەی نییە و تا دەتوانێت لە دوورەوە كەسی بۆ دەهێنێت، فرەڕەنگی دەكات لەبەر ئەوەی شوناسەکەی بشارێتەوە. دەیڕازێنێتەوە بەڵام خۆی ئامادە نییە تێیدا بژی. بۆیە له دوورییهوه دهوهستێ و له سهرهوه چاودێریی دهكات. هەر وەك سەرمایەداری خۆی دەزانێ ڕیشەیەكی نییە و ناتوانێ ڕەگ دابكوتێت، ئەو دەسەڵاتە لەوێ زاڵە، لە ناخی خۆیدا باش دەزانێ كه دەبێ بە تەور ئەو نیشانانەی ڕابوردوو ببڕێتهوه كە شتی ناخۆشی بیر دەخەنەوە، ئەم دەسەڵاتە دەبێ ڕابوردووی شارەکە و هەر کوێ بسڕێتەوە بۆ ئەوەی دانیشتوانی شارەكە بیرەوەریی رابردوو لە بیر بكەن و بیریان بچێت كە ئەمانە چۆن ڕوویان دا. دەسەڵاتی نوێ دژی هەر شوناسێكە لە شارەكە، نەك لەبەر ئەوەی دژی شوناسداری بێت، بەڵكوو لەبەر ئەوەی بیرەوەریی داگیركاری پاك بكاتەوە و دەترسێت تارماییەکانی شارە کۆنەکە پەلاماری بدەن و لە خەوەکەی ڕای بچڵەکێنن. ئەو لەباتیی ئەمەش، شوناسی تایبەتی خۆی زاڵ دەكات؛ شوناسی مرۆڤێك كە ڕازی بێت ژیانی مادیی ئاسوودە بژی و كەچی ئازادییە سیاسییە بنچینەییەكانی نەبێت. كاتی ڕاپەڕینی ٢٠١١ لە سلێمانی و گرتنی دەركی سەرا، نووسهرێك ئاسایشی ههولێری لهگهڵ ئاژاوهی دهركی سهرا بهراورد كردبوو و دواتریش دەیگوت “مێژووی نوێی هەولێر لە ٣١ی ئابەوە دەست پێ دەكات.” ئەو ڕاستی وتبوو، بەڵام دەبوا ئەمەش زیاد بکات كە لهم مێژووهدا هیچ هاوڵاتیی و شارێك بنچینه نین و شاری كۆن تارماییهكه دهبێ به سهرمایه دهربكرێت.
لە درێژەی هەر ئەمەدایە كە بۆ ئەو هێزە زۆر سانایە بەشێكی گەورەی خاكی بادینانیش بداتە دەستی هێزی دەوڵەتی تورك، ئەم هێزە دەزانێ ڕەنگە ڕۆژێك تارماییەكانی شارە كۆنەكە بە جۆرێكی دیكە پەلاماری بدەنەوە و مادام پۆلیس هیچ كات لە شوێنی خۆی دڵنیا نییە، بۆیە هەمیشە ئامادەیە بۆ ڕۆیشتن و بەجێهێشتن. ئەم فۆرمەی سەرمایەداری، نەك هەر خەڵكی هەولێر نییە، بەڵکوو خەڵکی هیچ کوێ نییە، ئەمە ئەو جۆرە دەسەڵاتەیە کە نیشتمانی نییە و به پێچهوانهوه ئەوە چەوساوانن کە پێویستیان بە نیشتمانێکە بتوانن تێیدا ئازادانە و ئاسوودە بژین. سەرمایە بە تەور و ڕاگەیاندن بێڕیشەیی خۆی دەشارێتەوە و نیشتمانەکان لای ئەو تەنیا شوێنێکن بۆ دادۆشین و ڕووتاندنەوە و تاڵان، هەر كاتێكیش دادۆشینەکە تەواو بوو، یان بەر جەماوەری ناڕازییان کەوت، ئەو کاتە دەگوێزێتەوە بۆ نیشتمانێکیتر. تێگەیشتن لەمەی کە ئەوە پرۆلیتاریایە نیشتمانی پێویستە، هەم لە وەهمی پەرەسەندنی سەرمایەدارانە ڕزگارمان دەکات، هەم پەردەی نیشتماندۆستیی حاکمان دەدڕێنێت، هاوکات هیی چەپی کلاسیکیش.
٦. “خودا ماوە”، بینووسە لە دەروازەی شارەكە
لە ڕۆمانی سەد ساڵ تەنیایی گارسیا ماركێزدا وێنەیەکی بیرچوونەوە هەیە؛ پەتایەك لە شاری ماكۆندۆ دەدات و خەڵكی هەموو شتێكیان بیر دەچێتەوە، بۆیە لە دەروازەی شارەكە كۆنترین نیشانە دەنووسرێتەوە كە شێوەی ئەم ڕستە وەردەگرێت: “خودا هەیە.” خێرایی ماشینهكان كه جارێك فۆتۆرسیتهكانی شهیدا كردبوو، ئێسته گوێزراوهتهوه بۆ ههموو بوارێك و داواكهی ئهوهیه له بیر بكه و لهگهڵ خێرایی خۆت بگونجێنه، ئهوهش كه نهگۆڕێت و خۆی نهگونجێنێت، خێرا كۆن دهكهوێت، كۆی ئهمانهش به بێ دانانی هیچ نهریتێكی نوێ. ئێسته خێرایی درۆنهكانی شهڕ و چاودێریی ئهو چاوانه حهیران دهكهن كه له ههر كوێ بۆ پاساوێك بۆ پاشهكشێ دهگهڕێن، خێرایی و نهمانی هیچ ئهگهرێكی بهرهنگاریی، تهنیا ههندێ رستهی كتێبی پیرۆزی ههنووكهیی تهسلیمن، كتێبێك كه ههندێ بهشی ئهو بیركرنهوه نووسیویهتی كه ئهگهری ههر چهشنه بهرهنگارییهكی بهكۆمهڵ دهسڕێتهوه و خهڵك له لای تهنیا كۆمهڵێك نهزانن كه دهبێ بهڕێوهببرێن. له نێو ئهم شهپۆله ناجێگیرهدا، گەڕانەوە بۆ ئایین یهكێكه له بهرههمهكانی ترس، هەرچۆن کەسایەتیی دەسەڵاتپەرست، كه رقی له لاواز و ههژارانه و شهیدای بههێزهكان و دهسهڵاتدارانه، دەرکەوتەیەکی دیکەی ئەم ترسەیە.
بەشێك لەم ڕاماڵینە، بە تەكنۆلۆژیای شەڕ بەڕێوە دەچێت. لە تهکنۆلۆژیای شەڕدا، كەسێكی ترسنۆك دەتوانێ بە چركاندنی دوگمەیەك سەدان كەسی ئازا بكوژێت. بەڵام ئەنجامگیرییە سیاسییەکەی ئەم دەرکەوتە سەیرترە لە خودی تەکنۆلۆژیاکە: بە داهاتنی ئەم تەكنۆلۆژیایەی شەڕ، پێمان دەگوترێت كە ئەگەری هیچ بەرهنگارییەك نەماوە و ئەوەی نەگۆڕێت، دەهاڕرێت و پرهنسیپهكان نین. (ژوورنالیستێکی کۆنی ڕۆژنامەی ئاوێنەم بینی کە لە وەڵامی ئەم پرسیارهدا كه بۆ چووهتە ڕووداو، دەیگوت: “هەموومان نێچیرێک قەرزارین”). لەم سەربەندە کڵێشەییهدا پرهنسیپ بهمانای زیندانیبوونه و، زانایی، ژیری، ڕاستگۆیی و خودی جوانییش نه بههادارن و نه دیاریكهر، ئهوهی گرنگه قۆستنهوهی دهرفهتهكانه. لهم ئیمانه تازهدا، ئهوانهی باسی پرهنسیپ بكهن مهترسیدارن و مامهڵهكان تێكدهدهن. لهم روانگهدا ههر داوایهك بۆ پرهنسیپ و بهرهنگاری یهكسانه به ئایدۆلۆژیا و دۆگماتیسم. تەسلیم بانگی نوێی ئەم دنیایەیه كە شەو و ڕۆژ بە شێوازی جۆراوجۆر لە بڵیندگۆی میدیاكانەوە و لە شێوەی ئەستێرە زەردەکاندا دووپات دەكرێتەوە. سەرمایە سەركەوتنی خۆی كردووەتە جێژن. ئەم كۆمەڵە بەڵگەیه لێرەن کە لە دواییدا پێمان بڵێن ئەو دۆخەی هەیە، باشترینە و با خراپتر نەکرێت. دەشڵێن ئەوەی دەیەوێت ئازایەتی ببینێت، با سەیری فیلمی كاوبۆیی كۆن بكات، ئەویش هیی پێش فیلمی سێسەد، كە بە تەكنیك دروست كراوە، وەک گەلێ گۆرانی و گۆرانیبێژ کە تەنیا تەکنیکی نێو ستۆدیۆکانن. پهرستنی مانهوه به ههر نرخێك، شیدایی(شەیدایی؟) بۆ خێرایی- كه درۆنهكان گهورهترین دهركهوتهین- پێمان دەڵێن كە دەبێ لە بیر بكەین، هیچ شتێكیش لە بەر دەروازەی شارەكان نانووسن. لە نموونەی ئێستەدا، بانگی پەلاماری سەر هەفتانین بۆ سڕینهوهی دوایین ئهگهرەكانی دنیای به ناو كۆنه و زاڵكردنی تهواوهتیی ئیمپراتۆریای پهرهستنی دهرفهت و قۆستنهوهی ههله دهگمهنهكان، سڕینهوهی ههر ئهگهرێكی بهرهنگاریی و، بێگومان پانتركردنهوهی سفرهكه تا ههر كوێ. بەڵام لەوێ شتێكی دیكە ڕووی دا؛ لەوێ دەركەوت كە مرۆڤ هێشتا دەتوانێ دەستكاریی ماشینەكان بكات دژی خۆیان و، لە دەرەوەی وێنای کۆنترۆڵی تەواوەتی و وێنای دەسەڵاتی ڕەهای پۆلیسەوە، مرۆڤ دیسان دەتوانێ درۆنەكان بگۆڕێت بۆ دژی خۆیان، تەكنیكەكان و زانایی دوژمن بكاتە هیی خۆی و دژیان بەكاری بهێنێتەوە، ئەمەش بە پشتبهستن بە هەندێ بەها كە وا دیارە كۆنكەوتە بوون و كەچی هێشتا سەرمایەی بندەستانن: دیسیپلین، خۆڕاگری، خۆبەختکاری، بڕوا بە بەرەنگاری و…
٧. دەزانی بۆ ڕقت لێیانە؟
نازییەکان ڕقیان لە جووەکان بوو، ئەمە دەزانین. دەزانین بەشێکی زۆریشیان بڕوایان کردبوو کە به راستی جووەکان بە ئەسڵ و ڕەگەز خراپن. وهك چۆن ئەرمەنییەکان و کوردەکان لای بەشێکی زۆر لە گیرۆدەکانی ئهتاتورکیزم و برایانی موسوڵمان بە ئەسڵ و جەوهەر خراپن و “توخمی ئەرمەنی” جنێوێکە بە کوردانیش دەدرێت. بەڵام ئەمە تەنیا ڕوونکەرەوە نییە. ههر چۆن فاشیسم له دواییدا دیاردهیهكی دهروونناسانه و تهنیا بهرههمی هیپنۆتیزمی كۆمهڵایهتی نهبوو، ههرچۆن گۆبێلزهكان و رووداو و كارمهندانی راگهیاندنی خۆی ههبوو، كهسانێكیش ههبوون كه بهروبووی ئابووریی فاشیسزمیان دهقۆستهوه و پێی دهوڵەمهند دهبوون، ههر بۆیهش هۆركهایمێر به باشی نوسیبووی كه كێ دهیهوێ باسی سهرمایهداریی نهكات، با له باسی فاشیسمیش بێدهنگ بێت. بهڵام جگه لهم هۆكاره، هۆكارێكی دیكهش له كاردا بوو. لە نموونەی جووبێزییدا، نووسەرانی دیالێکتیکی ڕۆشنگەری ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە کەسی نازی لە سیمای جووەکاندا خەریکە لە شتێکی دیکە دەدات، لەو شتەی کە خۆی لە خۆیدا کوشتوویەتی. شتەکەش ئەو وێنەیە کە جووەکان نوێنەرایەتییان کردووە. جووەکان بە مێژوو نوێنەرایەتیی “نیشتمانی بێسنوور و بەختەوەری بەبێ دەسەڵات”یان کردبوو، ئەمەش بۆ ئەوانەی وازیان لە “ئەگەری بەختەوەری” هێنابوو بۆ ئەوەی لە بەرامبەریدا ژیانی ئاسوودەی نێو سیستم دەستەبەر بکەن، گران و قورس بوو. جووەکان بیرەوەریی ئەو ئەگەرەی بەختەوەرییان بیری نازییەکان دەخستەوە.
سیاسەت هەرێمی ململانێكانه، بەڵام کاتێک سەرچاوەکەی دەبێت بە ڕق لە دەستە و گرووپێکی تایبەت، ئیتر سیاسەت نییە و ناوی دیکە وەردەگرێت کە تەنیا یەکێکیان ڕەگەزپەرستییە. ڕق ناتوانێ بنچینەی سیاسەت بێت، چونکوو هەڵگری بەهایەک نییە کە توانای ئەوەی ههبێت ببێتە بەهایەکی هەمەگیر، ڕق تەنیا لە شێوەی پاتۆلۆژیکدا دەتوانێ خۆی پیادە بکات، بە هەرچی دیکەش دەورە درابێت. ڕقی هەنووکەیی لە مانەوەی شوێنێک لە دەرەوەی دەسەڵاتەوە و لە هەموو ئەوانەی لەوێن، لە هەڕەشەکانی هێلیلۆڤەوە تاکوو ژوورنالیست و فەرماندە چەکدارەکان لە هەرچی بۆنی پارتی کرێکارانی لێ بێت، جێگەی ئەو پرسیارە دەکاتەوە کە بپرسین: دەزانن بۆ ڕقتان لێیانە؟
٨. ههمهگیر و ههندهكی: درزهكه بناسهوه
پزیشکێكی نازیی شارەزای ژینەکان سیاسەتی بەم جۆرە پیناسە کردبوو: ” سیاسەت، فۆرمدانە بە ژیانی خەڵک”. ئەمە هاوکات دەکرێ بە مانای داماڵینی ژیانی خەڵک بێت لە فۆرم یان فۆرمەکانی پێشووی و لەقاڵبدانی لە یەک چوارچێوەی دیاریکراودا، واتە داماڵینی لە توانست یان پۆتەنسیالیتی کە لانیکەم بۆ ئەرەستوو جیاکەرەوەی مرۆڤە لە حەیوان. کار و ئەرکی ژیانی حەیوانی پێشتر دیاری کراوە، بەڵام مرۆڤ تاقە بوونەرەوێکە ڕووی ژیانی لە بەختەوەرییە٥. دەسەڵاتە تۆتالیتەرەکان کاریان لەقاڵبدانە، بە دەستکاریی ژێنێتیکی بێت، یان دانانی ڕێوشوێنی قانوونی بۆ نەمانی هەندێ کەس و گەشەی “چەشن”ێکی تایبەت، به له قاڵبدانی بهختهوهریی. ئەم جۆرە لە دەسەڵات وێنایەکی تایبەتی خۆی بۆ مرۆڤی ئایدیال هەیە. هەندێ لە دەوڵەت-نەتەوەکان بە ڕوونی ئەمە نیشان دەدەن. پیاوی شیعەی دوانزەئیمامیی بڕوادار بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەو نموونە ئایدیالەیە کە کۆماری ئیسلامی بۆی دەگەڕێ و، هەڵگرانی ئەم تایبەتمەندی و شوناسە شانسی مافداریی تەواوەتییان پترە لەو کەسانەی ئەم تایبەتمەندی و شوناسەیان نییە. تورکیای تورکە گەنجەکان تا ئەردۆغان، لەسەر وێنەی پیاوی تورکی نەتەوەپەرستی موسوڵمانی حەنەفی و دواتریش ئیخوانی کار دەکات و، مافداریی تەواو بەم سیفەتانە مەرجدار کراوە. کوردێک چەندەش “باش” بێت، بە ئەسڵ تورک نییە و جێگەی متمانە نییە. ئاتاتوركسیم لهم رێگهدا بەر کورد، ئەرمەنی، جوو، ڕۆمەکان، عەلەوییەکان و… دەکەوێت کە دەبێ قەڵاچۆیان بکات یان بیانتورکێنێت، بۆ ئەوەی سەنتێزی تورک-ئیسلامیزم بێتە دی. لە نموونەی هەرێمی کوردستاندا، بە باش و خراپ هیچ پرۆژەیەک نییە بۆ دروستکردنی گشتێتییەکی سیاسیی یەکانگیر، نەتەوە بێت یان هاووڵاتی. بهڵام هێزی پارتی دیمۆكرات بانگی ئهوه دهدات كه خۆی ههموو نهتهوهیه و كۆی كوردبوون لهودا كۆدهبێتهوه، كهچی ئهم بانگه خێرا بەر ناکۆکییەکی گەورەی ناوەکی دەکەوێت؛ مرۆڤی ئایدیال لهم بانگهدا پیاوی بارزانیی وەفادار بە دەسەڵاتی چهند كهسێكه له بنەماڵەیەك. ( بێگومان به بێ ئهوهی ئهمه ههموو كهسهكانی خودی ئهو عهشیرهتهش بگرێتهوه و ههموان به یهكسان دهسهڵاتدار بن.) بەڵام ئەم شێوەیەی داسهپاندنی وێنهی ئایدیال بۆ مرۆڤی كورد ناتوانێ سەرکەوتوو بێت، چونکوو پشتی تەنانەت بە چەمکێکی هەمەگیری وەک کوردبوون، نەتەوە یان هاووڵاتیبوون نەبەستووە، بەڵکوو تێیدا کوردبوونی ئایدیال کورت دەبێتەوە بۆ یەک تایبەتمەندی كه بریتییه له ئهندامهتیی بنهماڵهیهك. ئەم شوناسه ناتوانێت ببێتە شوناسێکی هەمەگیر، چونکوو شوناس بۆ ئەوەی بتوانێ گشتێتی دروست بکات، دەبێ بتوانێت هەموان بنوێنێتەوە و هەموان لە دەرەوهی جیاوازییەکانەوە بتوانن بەشداریی تێدا بکەن، کە ئەمە بە پێچەوانەی هەر شوناسێکی هەندەکی یان خێزانییە. ئەم شوناسە ناتوانێ ببێتە شتێکی هەمەگیر و توانای نوێنەرایەتیی هەموانی هەبێت، چونكوو بۆ گشتیبوونهوه چهمكی دیكه له دهرهوهی خێزان و شوناسی لۆكاڵهوه پێویستن. ڕزگارکردنی سیاسەت لە شوناس و به پێچهوانهوه، دەتوانێ وا بکات شوناسێکیش نەبێتە نوێنەری ستەم و جێگەی ڕقی کەسانی دیکە. ستەم بە ناوی تورکبوون یان فارسبوونەوە، وای کرد کە ئەو شوناسانە و زمانەکەیان وەک گشتی و یەکانگیر و نوێنەری ستهم سەیر بکرێن. ئەمە کێشەی شوناسی خۆجێییە کاتێ دەکرێتە بنچینەی سیاسەت، چونکوو خێرا بەر ئەو ڕاستییە دەکەوێت کە یان دەبێ بە زۆر خۆی بسەپێنێت، یان ڕێگە بدات خۆی لە شتێکی گەورەتر و هەمهگیرتردا بتوێتەوە، ئەو شتە گشتیترەی کە له كوردستانی ههنووكهدا یەکێک لە ناوەکانی کوردبوون، نەتەوە یان هاوڵاتیبوونە، تەنیا لە وەها زەمینەیەکدایە کە شوناسە لۆکاڵییەکانیش دەتوانن بە رێزەوە بژین. پۆلیس و درۆنهكان لێرهن، لێرهن بۆ ئهوهی سنوورهكانی خێزان كه ههمان سنوورهكانی سفرهكهیه، بپارێزن، سفرهیهك كه پێوهندییهكانی خوێن و خاك، سنوورهكانی مافداریی و بێمافیی تێیدا دیاری دهكهن.
١. بۆ كۆی لێكۆڵینهوهكه بڕوانه بۆ :
Daniela Rea, Pablo Ferri, La tropa: Por qué meta un soldano, Penguin Random House Grupo, Editorial México, 2019.
٢. خاطرات آیت اللە خلخالی، ایام انزوا، نشر سایە، ١٣٧٩، تهران، ص ١١.
٣. www.independent.co.uk/news/obituaries/ayatollah-sadeq-khalkhali-37544.html
٤. ئهم رسته بهشێكه له پهرهگرافێك، كه وهك زۆر جار، به ناتهواوی و كورتكراوهیی، وهك بەرهەمی بیرکردنەوەی ویترینی كه تهنیا رستەیهك له گشتێك ههڵدهگرێت، گوێزراوهتهوه و بووەتە سەرچاوەی گەلێک تێگەیشتنی هەڵە. تەوسی ڕۆژگاریش ئەوەیە کە حزبی سیاسیی، بۆ نموونە کۆمۆنیزمی کریکاری، دەکری بەپێی چەند هەڵەی وەرگێڕان یان کورتکردنەوە دابمەزرێت. ئەمە تەنیا یەک نموونەیە. كۆی پهرهگرافهكه بۆ ئهوهیه كه نووسهرانی مانیفیستی كۆمۆنیست وەڵامی تۆمهتێك بدهنهوه كه له كۆمۆنیستهكان دەدرێت. پهرهگرافهكه بەم جۆرەیە: ” وهكیتر، تۆمهتی ئهوه له كۆمۆنیستەكان دهدرێت كه دهیانهوێ نیشتمان، نهتهوایهتی ههڵبوهشێننهوه. كرێكاران نیشتمانیان نییه. ناتوانی لهوهی نییانه بێبهشیان بكهیت. مادام پرۆلیتاریای ههر وڵاتێك دهبێ به پلهی یهكهم دهسهڵاتی سیاسی بهدهستهوه بگرێت، خۆی بكاته چینی ڕێبەرایەتیی [؟] نهتهوه، خۆی ببێته نهتهوه، بهمهش خۆی دیسان نهتهوهییه. دیاره به هیچ شێوه به مانا بۆرژوازییهكهی وشهكه نا.” بڕوانە بۆ: مارکس و ئەنگلس، مانیفیستی پارتی كۆمۆنیست، بهشی دوو، پرۆلیتهرهكان و كۆمۆنیستهكان.
https://www.marxists.org/francais/marx/works/1847/00/kmfe18470000b.htm
٥. ئەم باسە دەگەرێتەوە بۆ شرۆڤەکانی ئاگامبن سەبارەت بە مانای بەختەوەری و جیاوازییەکانی ژیانی مرۆیی و حەیوانی لای ئەرەستوو لە کتیبی ئەخلاقی نیکۆماخووسدا. فۆرمی ژیان لای ئاگامبن ناوێکە بۆ ژیانیک کە ناکرێت لە فۆرمەکەی داببڕێت، واتە لەوەی پۆتەنسیالێتییەکی هەمیشەیی بێت، توانستێک بۆ کردن یان نەکردنی کارێک. بەڵام دەسەڵاتی مۆدێرن بەو جۆرەی ئاگامبن شرۆڤەی دەکات، لە لووتکەی خۆیدا بریتییە لە دابڕینی ژیان لە فۆرمەکەی، واتە لە توانست و ئەگەر، لە پۆتەنسیالیتە. نموونەی هەرە دیاری ئەم هەوڵەش کەمپی نازییەکانە، کە تێیدا سیستمی نازی دەیەویست بیۆ لە زۆئێ، ژیانی سیاسی لە ژیانی بیۆلۆژیک جوێ بکاتەوە و ژیانی ڕووت دروست بکات؛ بوونەوەرێک کە تەنیا کۆمەڵێک کرداری بیۆلۆژیکی ڕووتە: بێشوناس، سووژایەتی و تەنانەت بێهەست بە برسیەتی، سەرما، یان ستەم. وتاری فۆرمی ژیان کە یەکەم بابەتی کۆمەڵەوتاری کەرەستە بێمەبەستەکانی ئاگامبنە، بۆ تێگەییشتنی زیاتر لەم باسە بەکەڵکە. ب. بۆ: https://monoskop.org/images/3/3c/Agamben_Giorgio_Means_without_end_notes_on_politics_2000.pdf
——————
ئەم بابەتەی منسوری تەیفووری لە حوزەیرانی ٢٠٢٠ دا لەسایتی پێشووی ناوەخت بڵاوکراوەتەوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *