سەرمایەداری، ستەمکاری و به‌ره‌نگاری*


علی مولود
سەرمایەداری، لە درێژەی کۆمەڵگا چینایەتیەکانی پێش خۆیدا و وەک فۆرماسیۆنێکی تازە، پێینایە قۆناغێکی نوێی شارستانیەتی چینایەتی، ستەمکاری و چەوساندنەوەی بەجۆرێکی تر رێکخستەوە، تاکگەرایی کرد بە فۆرمی تازەی ژیان، لەسەر بناغەی مڵکایەتی تایبەتی، شێوازی بەرهەمهێنانی کاڵایی پەرەپێداو هێزی کاریشی کرد بە کاڵا، کەڵەکەی بێسنووری سەرمایەی کرد بە فۆرمی ئابووری باو
.

پەیوەندی بەرهەمهێنانی گۆڕی بە پەیوەندی نێوان سەرمایەو کاری بەکرێ، زۆرینەی مرۆڤەکانی لە خاوەندارێتی داماڵی و کردنی بە کرێکارو بۆ بەدەستهێنانی قازانج، بەرهەمهێنانی زێدەبایی کردە مەرجی کارپێدانی کرێکاران یان بەپێچەوانەوە بێکارمانەوەیان، بێکاری و زەوتکردنی مافی کارکردن، بۆ یەکەمجار لەسەر دەستی ئەم سیستەمە سەریهەڵداو لەلایەک بێکاری و لەلایەک رەتاندن و کاری نێوەخۆڕایی سەپاند بەسەر ئەوانەی کاریان پێدەدات.

ئامانجی بەرهەمهێنان ژیان و حەسانەوەو حەوانەوە نیەو بەرهەمهێن دەسەڵاتی بەسەر بەرهەمەکەی خۆیدا ناشکێ، ئەوەی کاردەکات مالیک نیەو ئەوەی مالیکە کار ناکات، بەرهەمهێنان بەشێوەی کۆمەڵایەتیە بەڵام خاوەندارێتی کۆمەڵایەتی نیەو تایبەتیە، زۆربوونی بەرهەم خۆشگوزەرانی بەدیناهێنێت و قەیران درووست دەکات.

بەرهەمهێنان کە پێشتر له‌ناو سروشتدا بوو سەرچاوەی پاککردنەوەی ژینگە بوو، ئەم سیستەمە کردی بە هۆکارو سەرچاوەی پیسکردنی ژینگە، ” بێگاری” کە لەسیستەمی پێشوودا ناوەناوە بە جوتیار دەکرا، ئەم سیستەمە لەشێوەی ” زیادەکاری رۆژانە” کردی بەهەمیشەیی و سەپاندی بەسەر کرێکاراندا کە بەشێک لەکاری رۆژانە بۆ  ژیانی خۆیان و بەشەکەی تری بەخۆڕایی بۆ خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کار بکەن.

ناتەبایی و دژیەکی ئەم سیستەمە لەگەڵ ژیان و بەرژەوەندی زۆرینەی خەڵک، مەسەلەیەکی راگوزەرو خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و بەدحاڵی بوون نیە، بەڵکو بەشێکی جیانەکراوەیە لەشوناسی، لە رواڵەتدا، ماف بەهەمووان دەدات موڵکایەتی هەبێت، شوێنی ژیانی هەڵبژێرێ، کاربکات، بژی، ئازاد بێت، راو بۆچوونی هه‌بێت، نوێنه‌ری خۆی هه‌ڵبژێرێت و خۆی به‌ربژێر بکات بۆ نوێنه‌رایه‌تی.

به‌ڵام له‌واقعداو به‌کرده‌وه‌ هەموو ئەوانە بۆ بەشێک لە خەڵک مەرجدارکراون و لەژێر پەستان و هەڕەشەی سیاسی و ئابووری بەردەوامدان، بۆ دەرەوەی چینی سەردەست بێکاری یان تەنها کاری بەکرێ هەیە، هەندێک بۆ بەڕێوەچوونی ژیانیان ناچارن دووکار بکەن، بەشێک لە زبڵخانەکان بەدوای بژێویدا دەگەڕێن، زیندانەکان هەڕەشەی راستەوخۆن بۆ ئازادی، ئاواره‌یی و راکردن لە زێدو ماڵ هه‌میشه‌ لەئارادان‌، ئاینه‌کان و ده‌ستوورو یاسای ده‌وڵه‌ته‌کان بۆچوون و باوه‌ڕی خه‌ڵکیان له‌قاڵبداوه‌، هەمووان لەهەلومەرجی چوونیەک بەهرەمەند نین لەهەڵبژاردنەکاندا، بەهۆی پیسکردنی ژینگه‌وە کۆی ژیانی سەر زەوی کەوتۆتە مه‌ترسیه‌وه‌و … تاد.

ئەم سیستەمە لە ئەوروپا سەیهەڵداو بە زەبروزه‌نگ و داگیرکاری و ستەمکاری په‌لی هاویشت بۆ کیشوه‌ره‌کانی تر، داگیرکردنی ئەفەریقا و ئەمریکا و هندستان بەکۆیلەکردنی دانیشتوانیان، سەرچاوەی گەشەو پێشکەوتنی بوو، لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاتیش بەشێوەی ئیستعمار، ژیانی سرووشتیی تێکداو سەدان کێشەی بۆ خەڵکەکەی نایەوە کە تا ئێستاش پێوەی دەناڵێنن.

هێزی زۆری لە کۆیلایەتی وەرگرتووە، کۆیلەی خاوەندار، کۆیلەی کاری بەکرێ، کۆیلەی قەرز، کۆیلەی ئاین و نەتەوە و سنورەکان، کۆیلەتی رەگەزی و نەژادی، لە سەر شان و لەناو ئازاری ئەم کۆیلانەدا سەریهەڵداو گەشەی کردو ژیا، تا بشمێنێ کۆیلایەتی بەزیندوویی دەهێڵێتەوە.

سەرمایەداری، لە ڕووی سیاسیشه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی که‌مینه‌ی دروست کرد، لەپرۆسەیەکدا بۆرژوازی کۆنترۆڵی دەسەڵات و سیاسەتی کردو دەسەڵاتێکی قوچەکی دروستکردو کارگێڕی و بەڕێوەبردن و بڕیاردان تیایدا بوو بە ماف و دەسەڵاتی کەمینەیەک، سیاسەت بوو بەبزنس ” ئەوەی پێی دەوترێت خه‌ڵک یان گەل”  بڕیاری سیاسی لەدەستدا نیە، سیاسەت لەدەوڵەتدا چڕبۆتەوەو کاری بووە بە رێکخستن و پاراستنی جیاوازیەکان و بەیاساییکردنی ستەم و چەوساندنەوە، ئازادیەکان و مافە بنه‌ڕه‌تیەکانی مرۆڤ لەو پەیوەندیەدا جێگایانکراوەتەوە.

بەرگی ” نەتەوەیی” و ” نیشتمانی” بەبەر‌ مرۆڤەکاندا کراو له‌چوارچیوه‌ی وڵاتاندا بە زۆر کران بە ” هاووڵاتی”، تەنانەت لەهەندێ وڵات و ناوچە بەزۆر خەڵکی رەوەندو کۆچەرییان نێشتەجێ کردو رەگەزنامەی دیلێتییان خستە گیرفانیانەوە، مافی هاوڵاتیبوون و مافی رەگەزنامە، بواری ئەوەی دا بە دەسەڵاتدارانی هەروڵاتێک کە بەناوی پارێزگاری کردنی سنورەکانەوە شورەو تەلبەند بەدەوری هاووڵاتیانیاندا بکێشن و بڕیار لەسەر ژیان و مردن و رۆیشتن و مانەوەیان بدەن.

لەسەر دابەشکردنی جیهان و ناوچەی نفوز، ئاسایشی ژیان بەگشتی کەوتۆتە بەردەم هەڕەشەی جەنگەکان، جەنگ لە ئەفریقا و ئەمریکاو هندستان و رۆژهەڵات و رۆژئاوا، جەنگەکانی یەکەم و دووەمی جیهانی و جەنگی ساردو جەنگە ناوچەییەکان و ناوخۆییەکان، تیرۆرو رەشەکوژی و جەنگی دژی تیرۆر، جەنگی دەوڵەتەکان دژی هاووڵاتیانی خۆیان، جەنگی نەرمی میدیا و راگەیاندنەکان، پێشخستی ئامرازەکان و شێوازەکانی کوشتن و بەرهەمهێنانی چەکی خێراو کۆکوژو وێرانکەرو … تاد، کە لە زۆر شوێن کاولکاری و کۆمەڵکوژی بەدیهێناوە، کۆمەڵگای خستۆتە دۆخی جەنگی بەردەوام و لەمێژووی خۆیدا دەیان ملیۆن مرۆڤی لەبەین بردووە.

هیراکیەت و پلەبەندی بنەمایەکی سەرەکی سەرمایەداریە، کە مرۆڤەکانی لە بواری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا بەشێوەی قوچەکی پێ رێکخستووە، جیاوازی و ناچوونیەکی شێوەی ژیانی مرۆڤەکانی رەسمییەت پێداوەو بەیاسا پارێزگاری لێدەکات. لیبرالیزم و دیموکراسی پەرلەمانی و ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن، رووی درەخشانی ئەون، کە ناوێکی نەرمترن بۆ بەڕێوەبردنی ستەمکاری، ئازادی سەرمایە بە ئازادی تاک و کۆمەڵ ئەژماردەکات و هەڵبژاردنە نمایشیەکانی ناوناوە دیموکراسی و ئازادی بڕیاردان و ئازادی راده‌ربڕین و مافی به‌شداریکردن له‌ سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات.

سەرمایەداری سەرەتا وا هاتەپێشەوە کە پێویستی بە ئاین نیەو زۆرتر وەک سەرخانی سیاسی سیستەمی پێشوو لێیدەڕوانی و بەوهۆیەوە لەبەرامبەری وەستا، بەڵام زۆر زوو سیحرو تەلیسمی ئاینی بۆ دەرکەوت و زۆریش زوو کەوتە هەوڵی رامکردنی و خستیە خزمەتی خۆیەوە.

ئەگەرچی ئاینەکان (بەتایبەتی ئیبراهیمیەکان) لەگەڵ سیستەمی پێشوو ببوونە بەروپشتی یەکتر، بەڵام ئاینی مەسیحی لە ئەوروپا، زۆر زوو خۆیدا بەدەست چینی نوێی بۆرژوازییەوەو خزمەتی گەورەی پێکرد، لەگەڵ یەکەم چوونی پورتوگال بۆ داگیرکردنی ئەفریقا، پاپای ڤاتیکان ” یوجینیوسی چوارەم ” فەتوای دا کە ” هەر کەسێک لەو جەنگەدا بەشداری دەکات، بە تەواوی لە هەموو گوناهەکانی دەبەخشرێت” جەنگێک کە لەرێگەیەوە، سەرمایەداری دەستیکرد بە بازدان.

ئەم ئاوێزانبوونەی ئاینی مەسیحی و سەرمایەداری، دروست هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی مارکس و کۆمۆنیستەکان ده‌یڵێن ” ئاینی وه‌ک یەکێک لە چوار کۆڵەکە سەرەکیەکەی سیستەمی سەرمایەداری، لەپاڵ کاری بەکرێ و موڵکایەتی تایبەتی و خێزان” ساغ کرده‌وه‌. ئه‌و سه‌رزه‌مینانه‌ی سەرمایەداری داگیریده‌کردن له‌لایه‌ن قه‌شه‌کانه‌وه‌ به پرژاندنی ‌ئاوی کڵێسا پیرۆز ده‌کران.

ئاینی ئیسلام وەک مەسیحی به‌ئاسانی ملی نەداو بەرەنگاری کرد بەرامبەر بڵاوبوونەوەی ئەم سیستەمە (بەتایبەتی لە رۆژهەڵات)، ئامانج لەم بەرەنگارییە رزگارکردنی مرۆڤەکان لە سه‌رمایه‌داری و بەرگرتن له‌ سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌کانی نەبوو، بەڵکو بۆ دەستپێوەگرتنی سیستەمی کۆن بوو کە لەگەڵ ئەو لەناویەکدا توابوونەوە، رەنگە بەشێکی ئەو خۆبەدەستەوەنەدانە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە سەرمایەداری لەژێرکاریگەری مەسیحیەتدا ستەمکاری توندی بەرامبەر ئاینەکانی تر کردو ئیسلامیش زەبری بەرکەوت.

هەروەها ئیسلام رۆڵی گەورەی گێڕابوو لە دروستکردنی فیودالیزم و ساغکردنەوەی کۆمەڵێک کەلتووری رۆژهەڵاتی کە ناکۆکی هه‌بوو له‌گه‌ڵ سەرمایەداری رۆژئاوایی به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ لیبراڵیزم و ئەوەی “سەرمایە” خەریکبوو لەسەر زەوی بەکردەوە دەبوو بە خودایەکی نوێ، بۆیە بەئاسانی نەچووە ژێر باری دنیای نوێی سەرمایەداری و پارێزگاری لە دنیای خۆی کرد.

به‌ڵام سەرەنجام سەرمایەداری و ئیسلام خۆیان لەگەڵ یەکتر گونجاند، سەرباری هەندێک وردە ناکۆکی و بەریەککەوتن و لێکهەڵبەزینەوەی ناوبەناو، ئێستا ئیتر سەرمایەدارییەکی ئیسلامی یان ئیسلامێکی سەرمایەداری، سەرزەمینە ئیسلام نشینەکان بەڕێوەدەبات و هەمان رێسا دەیگرێتەوە کە ” ئاین ئامرازێکی کاراو کاریگەرە بەدەست سەرمایەدارییەوە بۆ رامکردنی مرۆڤەکان، دروست وەک ئەوەی ئەنگڵس وتی: ” ئاین شواخمان دەگرێت و سەرمایەداری دەماندۆشێت”.

ئەم سیستەمە له‌ هه‌ر روویه‌که‌وه‌ لێی بڕوانیت ناکۆکی جەوهەری و بنەڕەتی هەیە لەگەڵ کۆی ژیانی سەر زەوی، لەگەڵ ژینگە، لەگەڵ بەختەوەری گشتی، سیستەمێک کە نایەوێت و ناهێڵێت کۆمەڵگای بەشەری ئارام بگرێت، هەموو شتێک پاشکۆو شوێنکەوتەی خواستی تایبەتی تاکی خاوەن سەرمایەیەیە.

کۆمەڵ بووە بە خزمەتکاری تاک و لە چوارچێوەی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووریەکانی ئەودا گیرۆدە بووە. سیستەمێک هەتا زیاتر پێشبکەوێت ناعەدالەتی و جیاوازی چینایەتی قوڵتر دەبنەوەو مەترسیەکان لەسەر ژیان و ژینگە زۆرتر دەبن و بە بەردەوامی بژاردەی خراپتر دەخاتە بەردەم کۆمەڵگا، هەرچۆنێک و هەرچەندە ئاڵوگۆڕی تێدا بکرێت نابێت بە جیهانێکی ژیانخوازو ئاشتیئامێز.

بۆیە رێگایەک و شێوازێکی راستەوخۆو راشکاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی و دەرچوون لێی لەسەر ئاستی تاک و گروپ و هەروەها لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی بووە بە پێویستییەکی ناچاری و هەنووکەیی بۆ ئەو مەبەستەش خۆرێکخستنی بنکەفراوان و بەڕێخستنی بزووتنەوەکانی بەرەنگاری پێویستە.

به‌درێژایی ته‌مه‌نی کۆمه‌ڵگای چینایه‌تی هەمیشە شێوەیەک لە بەرەنگاری لە ئارادا بووە، له‌م راستایه‌دا سەرمایەداریٍ هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانیەوە رووبەڕووی رەتکردنەوەی توند بۆتەوە، هەم لەناو کرێکارانی ئەورووپا کە ژینگەو لانکەی سەرهەڵدانی سەرمایەدارییە و هەم لەوسەرزەمینانەی بۆ دابینکردنی هێزی کاری خۆڕایی و کەرەسەی خاوو مادە گرانبەهاکان داگیری کردوون. لەهەندێ بڕگەدا بەرەنگاری ئه‌وه‌نده‌ بەهێز بووە گه‌یشتۆته‌ ئاستی شۆڕش و له‌و مێژووەدا چه‌ندین هەوڵ هەیه‌ بۆ دامەزراندنی شارستانیه‌تێکی ناچینایەتی.

 لەو رووەوە ئەگەر جیهان باجی قورسی چاوچنۆکی و شەڕەنگێزی و قازانجپەرستی و بەربەرییەتی سەرمایەداری ئەورووپای داوە، ئەوا بێشک کرێکاران و بەشمەینەتان و ستەملێکراوانی جیهانیش قەرزداری خەبات و شۆڕش و بەرخۆدانی کرێکاران و کۆمۆنیست و سۆسیال دیمەکراتەکانی ئەوروپان، کە سەرمایەدارییان ناچار بە ریفۆرم کردووە، بەجۆرێک کە تا ئێستاش لەهەموو گۆشەوکەناری جیهانەوە خەڵک لەدەست بێ ژیانی و دەسەڵاتی خۆجێیی بۆ سەرزەمینی ئەوان دەچێت و داوای پەنابەری دەکات.

بەرەنگاری هێزی گۆڕینە، ماتەوزەی شۆڕشە، موقاوەمەتە لەبەرامبەر ستەم، یاخی بوونە لە چەوسانەوە، رەتکردنەوەی سیستەم و دەرچوونە لێی، خەوبینینە بەعەدالەت و ئازادییەوە، بەرگری لەخۆکردن و تێکۆشانە، لە هەموو سەردەمەکاندا هەوێنی ئاڵوگۆڕەکان بووەو ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگای چینایەتی سەرمایەداری بگۆڕین و لەدوای خۆمانەوە جێی بێڵین و کۆمەڵگای نوێ دەستپێبکەین، بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە پێویستە لە فۆرمی گونجاوی بەرەنگاریدا خۆیان رێکخراوو یەکگرتوو بکەن.

کرێکاران، پێویستە بزووتنەوەی بەرەنگاری خۆیان دژی ئەوەی کە بەهرەکێشی لەهێزی کاریان دەکرێت و دەچەوسێنەوەو بۆ ئەوەی کاربکەن و خۆیان و خانەوادەکانیان بەزیندوویی بمێننەوە دەبێت بەشێک لەکاری خۆڕایی پێشکەش بە خاوەنکار بکەن، ئەم بەشە لەکۆمەڵ تەنها وەک ئامرازی کار تەماشا دەکرێن و بەتایبەتی لەعێراق و کوردستان لەدەستورو یاسادا، دان بەبوونیشیاندا نەنراوە.

ژنانی ستەملێکراو، ناڕازی لە پلەدوویی و دەسەڵاتی پیاوسالاری، بێزار لە هەڵاواردن و جیاکاری، لەراستای پەروەردەیەکی خەباتکارانەدا بەخێرایی دەگۆڕێن بۆ سومبولی بەرەنگاری و تێکۆشان، نمونەی ئەم پێشکەوتن و هێز لەخۆنیشاندانە لە خۆپیشاندانەکان و سەرهەڵدانەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی وڵاتانی ناوچەکەو بەرخۆدانی ژنانی رۆژئاڤا و شۆڕشی ژیناو “ژن، ژیان، ئازادی” بەئاسانی بەدیدەکرێت.

لاوانی بەرەنگار، کە خاوەنی ئینێرژی زۆرن و سیستەم خستوونیەتە پەراوێزەوە، فەرامۆشکراون، بەبیانووی جۆراوجۆرەوە دەشکێنرێنەوە، زۆرترین رێژەی بێکاری لەناو ئەواندایە، لەسەروەت و سامانی کۆمەڵ بێبەشترینن، لەبەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا بەرتەسکترین پانتاییان هەیە، بەڵام لەبزووتنەوەی بەرەنگاریدا تین و توانایان دەتەقێتەوەو موعجیزە پێکدێنێت.

بێکاران، کەهیچ نیە لەدەستی بدەن، زیاتر لەهەر بەشێکی تر دەتوانن هەڵگری توخمی بەرەنگاری بن و هیچ بەرژەوەندییەکایان لە مانەوەی سەرمایەداریدا نیە، بێکاران، کەپێشتر وەکو هێزی یەدەگی سەرمایەداری پێناسەدەکران بۆ کەمکردنەوەی هەقدەست و کرێی کرێکارانی لەسەرکارو گوێڕایەڵییان بۆ خاوەنکار، بەڵام ئەمڕۆ بوون بە مەترسی بۆ سەرمایەداری و زۆرینەی ماتریالی شۆڕشەکان و زەخیرەی ئەو رووبەڕووبوونەوانەی ئارامییان لە سەرمایەداری سەندووە بێکارانن، “بزووتنەوەی بێکاران” لە کوردستان، لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، خۆی نمونەیەکی زیندووە لەم بارەیەوە.

وە بەرەنگاری دژی ستەمی نەتەوەیی و تەنانەت رێکخستنی بەرەنگاری کەمینە ئاینیە ستەم لێکراوەکان، کە سیستەم وەکو پێویست جێگایان ناکاتەوە لەخۆیداو لەچوارچێوەی کۆمەڵێک بەرژەوەندیدا جێگەوپێگەی پلەدووی پێبەخشیون، ئەگەر لە رێڕەوی بەرەنگاری دژی سیستەمدا بچنە پێشەوە، دەتوانێت‌ هەم چارەسەر بێت بۆ خودی پرسەکەیان و هەم کۆمەك بکات بە رەوەندی ژیانخوازی گشتی، به‌ڵام ‌گه‌ر بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نەتەوەیی یان ئاینی ئاراستە بکرێت، سەرکەوتووش بێت ته‌نها گۆڕانکاری فۆرماڵی پێکدێنێ و ده‌رده‌ گه‌وره‌که‌یان ده‌رمان ناکات.

پەرەپێدانی ناڕەزایەتی چینە چەوساوەکان و خەڵکی ستەملێکراو کە بە شێوەی ژیانی ئێستایان رازی نین و شێوە ژیانێکی نوێ دەخوازن، لە کۆمەڵگایەکی نوێی ئازاد و حەساوە، رێگای دروستی رووبەڕوو بوونەوەو بەرەنگاربوونەوەی چەوسانەوەو ستەمکاریە، ئەمە هەم بۆ کەمکردنەوەی جیاوازیەکان (چاکسازی و هەموارکردن) و هەم بۆ بەدیهێنانی فۆرمێکی جێگرەوە پێویستە، فۆرمی هاوژیانی و هاوبەشی و هەرەوەزی کە جێگای فۆرمی چینایەتی و پلەبەندی ئابووری و سیاسی بگرێتەوە.

هەموو ستەمکارییەکی سەرمایەداری لەبەرامبەردا پێویستە ببن بە پۆتانشێڵی بەرەنگاری لەپێناو گۆڕینی سیستەمدا، نەک لەبەرامبەر چەوساندنەوەی کرێکاران کرێکارگەرایی و لەبەرامبەر ستەمکاری ژنان فیمینیزم و لەبەرامبەر ستەمی نەتەوایەتی ناسیونالیزم و لەبەرامبەر ستەمی مەزهەبی ئایینی سیاسی شکڵ بگرێت، لەو پرۆسەی خەبات و بەرەنگاریەدا هیچ بەشێک رابەری ئەوانی تر نیە، لەوانەیە لەسەردەمە جیاوازەکاندا بەشێک لەبەشێکی تر زەمینەو ئامادەیی بەرەنگاری زیاتربێت، بەڵام بەڕابەرکردنی بەشێک بەسەر بەشەکانی تردا لەژێر کاریگەری پلەبەندی چینایەتی دایە.

بۆ ئەوەی بگەین بە شارستانیەتێکی نوێ و کۆمەڵگایەکی ئازاد و هاوبەش و یەکسان، بێ دەوڵەتی چینایەتی و بێ چەوسانەوەو ستەمکاری، یەکەمین هەنگاو کۆمەڵسازیەکی نوێی ناچینایەتیە لەسەر بنەمای پرەنسیبەکانی پێکەوەژیانی ئازادانەو هەرەوەزکاری و هاوبەشێتی و خۆبەخشی و سوودبەخشی، درووستکردنی کۆمەڵگا کۆمۆنییەکان و خۆڕێکخستنی ئاسۆیی کۆمەڵگا لە دەوری خواست و پێداویستیەکانی ژیان، لەجێگەی ڕێکخستنی هەرەمی لە دەوری قازانجی که‌مینه‌.

لەم ڕێکخستنە نوێیەدا، چی تر دەسەڵاتی سیاسی پێکهاتێکی جیا و بانتر نیە لە کۆمەڵگاو لەسەرووی خەڵکەوە فەرمان دەرناکات، بەڵکو بەشێکە لە خۆڕێکخستنی مرۆڤەکان کە پێکەوە هەڵگری رۆحی بەرەنگاری بوون، کرێکاران، بێکاران، ژنان، لاوان، نەتەوە ژێردەستەکان و چەساوەکان و ستەملێکراوان، دامەزراندنی کۆمەڵگای نوێیان لەتوانادایە، کە سەرەتا لە بەرانبەرکێ لەگەڵ کۆمەڵگای دەوڵەتداری و موڵکداری دەست پێدەکات و دواتر دەبێت بە جێگرەوەی.

_________________

* ئه‌م بابه‌ته‌، بەشێکە لە وتاری (سەرمایەداری، ستەمکاری، فۆرمەکانی بەرەنگاری) کە لێرەدا بە دەسکارییەوە، بڵاودەبێتەوە

zhyanewa
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…