ماڵپەڕی ژیانەوە وەک میدیایەکی ئازادیخوازی سیاسی، وەک ماڵپەڕێک بۆ ئازادی و ژیانخوازی کەوتۆتەکار، تاببێت بە پێگەیەکی تر بۆ پەرەدان بە ئازادی و ئایدیا ئازادیخوازەکان، سەکۆیەک بۆ بکەرانی، بۆ بەرەنگاری و گۆڕینی ئەو ژیانە باوەی لێوان لێو بووە لە ستەمکاری و چەوسانەوە، هەروەها تێهەڵچوونی زیاتر بۆ گۆڕانکاریی سیاسی خوازراو و بەهێزکردنی بەدیلی سیاسیی نوێ.
ئەم هەوڵە لەمێژە بووە بە پێویستیەک میدیایی و ئایدیایی و سیاسی، وە نەک هەر ئەم پێگەیە بەڵکو هەوڵ و تیکۆشانی زۆر زیاتر دەخوازێت بۆ گەشەی میدیا و ماس میدیای ئازادیخواز و بەرەنگار و گشتگیرکردن و پەرەسەندنی.
بەڵام وەکچۆن هەموو هەنگاوە گەورەکان سەرەتایەکیان هەیە، واچاوەڕوان دەکەین ئەم هەنگاوەش ببێت بە بەشێک لەوانە، وە لەڕێگەی بەشداری ئازادیخوازان و بەرەنگاران و بە رۆحی تەسلیم نەبوون و کۆڵنەدانەوە بەردەوام بێت و بە تەوژم و گوڕوتینەوە بەرەوپێش بچێت، وە لە چاندنی زیاتری تۆوی ئازادیخوازیدا ئیرادە و ئەوین بۆ ئازادی و ژین بچنێتەوە.
هەڵبەت زیاتر لە سەد ساڵە خەڵکی کوردستان، تینووی ئازادی و ژیانێکی نوێیە، بەڵام لەهەموو لایەکەوە پەلاماردراوە بۆ ئەوەی بە بێ بەرەنگاری و شوناس تەسلیم بێت بە سیستمی ستەمکارانەی ناوچەیی و جیهانی، یان ناچارکراوە لەگەڵ پەیام و ئاڵای مۆدێرنە و پێشکەوتنی ئابووری و سیاسی و هزری رۆژئاوا و چاوەڕوانی خەونە سەرابیە بەهاریەکانیدا بژی، یان پاشە و پاش بگەڕێتەوە بۆ بونیادە داڕزیوەکانی مێژووی دێرین و کۆڵانە تاریکەکانی.
هەروەها زیاتر لە چارەکە سەدەیەکیشە لەم هەرێمەدا دواکەوتووترین سیستمی ستەمکاری سیاسی دامەزراوە و تیایدا کەمینەیەکی قۆرخکار، بەپێی یاسا و بەبێ یاسا، لەڕێگەی هێزی چەکدار و پارتی سیاسی و دەسەڵاتی حکومیەوە و بەپشتبەستن بە گەندەڵی و تاڵان و برۆی سامانی گشتی و داهاتی نەوت و گازی سروشتی و…تاد شێوە ژیانێکی پڕ لە ستەمکاری و چەوسانەوەی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە. سەرەڕای هەوڵدانی زۆر بۆ چاکسازی و دژبوون و رەخنەکاری و بزووتنەوە داخوازینامەییەکان و ….تاد، کە بە شێوە و فۆرمی جۆراوجۆر، چ ڕاستگەرا و چ چەپگەرا بەڕێکەوتوون، هێشتا ئەو دۆخە بەردەوامە و نەت بەر بەم رەهەندە بگیرێت. تەنانەت لەئێستادا دووبارەکردنەوەی ئەزموونکراوەکان وە یان دەستبردنەوە بۆ ئەوانەی پێشوو تەنها نائومێدی و بی هیوایی دەکات بە دەرئەنجام.
لەم سۆنگەیەوە تێهەڵچوونەوە بۆ ژیانەوە و نوێبوونەوە، نیشاندان و نمایشکردن و دەستبردن بۆ ئەزموونی نوێی ئازادی و ژیان و بەرەنگاریی سیاسی دژ بەم دەسەڵات و دۆخە سیاسیە هەر لەسەرەتاوە ئەرکێکی گرنگی ئەم پێگەیەیە. ئاڵایەک بۆ ژیانەوە و بۆ ئومێد و هیوا بێت تەنها چەند دەستی مرۆڤە ئازادیخوازەکان نیە ئامادەیە هەڵی بگرێت، بەڵکو سەدان و هەزاران دەست ئامادەیە بەرزی بکاتەوە کاتێک بۆ ژیانێکی نوێ و گۆڕانکاریی گەورە بشەکێتەوە.
ئەم ماڵپەرە لەلایەن کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی ئازادیخواز لە کوردستاندا، چ لە ناوەوە و چ لەدەرەوەی کوردستان، دامەزراوە و کەوتۆتەکار و بەپێی پلانی میدیایی بۆ ئەو مەبەستانەی سەرەوە بەڕێوەدەبرێت و ئاراستەدەکرێت. بێگومان بە هاوکاری و ی هەموو ئەو کەس و ناوەند و لایەنانەش کە ئەو ئاراستەیە بەدروست دەزانن و دەیانەوێت بەرەوپێشبچێت بەردەوام دەبێت
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *