به‌ره‌و بکەری به‌ره‌نگار

نەبەز خالید

چيتر ئاشكرايه‌ كه‌ كوردستان «به‌ش»ێكه‌ له‌ سيسته‌مى سه‌رمايه‌دارى. ئه‌مه‌ نهێنى نيه‌، نهێنييه‌كيش كه‌شف نه‌بووه‌. ئه‌وه‌ش هه‌ر نهێنى نيه‌ كه‌ سه‌رمايه‌ى كرێخۆرى(ڕه‌يعى)، چۆنچۆنى به‌ده‌ست بۆرژوازى كوردييه‌وه‌ به‌تاڵان ده‌برێت. كێشه‌كه‌ ئه‌مه‌يه‌: چۆن مرۆڤێكى به‌ره‌نگار، سوبێكتێكى به‌ره‌نگار درووستبكرێت؟ به‌بێ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسياره‌ و چوونه‌ ژێر به‌رپرسيارييه‌كه‌ى، هه‌ر جۆره‌ كه‌شفێكى ديكه‌ كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك به‌ره‌و داڕووخانى زياتر ده‌بات.

به‌ره‌نگارى بۆ؟ ڕه‌نگه‌ ئه‌م پرسياره‌ له‌م ناوچه‌يه‌دا، كه‌ كوردستانيش به‌شێكه‌ لێى، تاڕاده‌يه‌ك وه‌ڕزكه‌ر بێته‌به‌رچاو. چونكه‌ پاش به‌هارى عه‌ره‌بى به‌گشتى، و ئه‌وه‌ى له‌ سوريا ده‌گوزه‌رێت، ئايدياى شۆڕش و به‌ره‌نگارى زيانى گه‌وره‌ى به‌ركه‌وتووه‌. ڕوونتر بڵێين، ئايدياى شۆڕش كه‌وتۆته‌ به‌ر به‌دگومانيى زياتر. ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌و شته‌يه‌ كه‌ ئيمپرياليزم و ئايدۆلۆژيا ليبراڵه‌كه‌ى زۆريان به‌دڵه‌. ڕه‌نگه‌ پاش هێرشه‌ ئايدۆلۆژييه‌كانى بۆرژوازى سه‌باره‌ت به‌ ئايدياى شۆڕش له‌دواى ڕووخانى كۆمۆنيزمه‌وه‌، شه‌ڕى سوريا زه‌ربه‌يه‌كى تر بێت كه ‌به‌ر ئايدياى شۆڕش كه‌وتووه‌ و بۆته‌ بيانووى خه‌ڵكيش تاكو يه‌كسه‌ر بڵێن: شۆڕش؟ كام؟ سوريا يان ليبيا؟ بۆيه‌ سه‌ير نيه‌ له‌ ناوخۆى كۆمه‌ڵگاى كوردييدا، درووشمى ده‌وڵه‌تى كوردى، وه‌ك درووشمێكى ناسيۆناليستى، گه‌رچى بۆته‌ جێى گاڵته‌جاڕى، كه‌چى هه‌ر ئيشى خۆى ده‌كات. وه‌ڵامه‌كه‌ له‌ نه‌ستى كۆمه‌ڵايه‌تى و سياسيى خه‌ڵكدايه‌: ئه‌مه‌ ده‌سه‌ڵاتى خۆماڵيى كوردييه‌ و گه‌ر بيڕووخێنين، چ گه‌ره‌نتييه‌ك هه‌يه‌ نه‌بينه ‌سوريا؟ واته‌ ئه‌م شه‌ڕانه‌، وێڕاى خزمه‌ت به‌سيسته‌مى جيهانيى سه‌رمايه‌دارى، خزمه‌تيشه‌ به‌ ناسيۆناليزمى لۆكاڵيى ناوچه‌كه‌. ئايا ده‌بێت ئه‌م دۆخه‌ ڕێ له‌ بووژاندنه‌وه‌ى ئايدياى به‌ره‌نگارى بگرێت؟ بيرخستنه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى له‌ چ سيسته‌مێكداين، به‌شێكى وه‌ڵامه‌كه‌ و بگره‌ هه‌مووشى ده‌داته‌وه‌:

دياره‌ هەموو ئەکت و چالاکی و داهێنانی مرۆڤی ناو سیستەم، بە مەبەستی قازانجکردن ئەنجامدەدرێت. سیستەمی سەرمایەداری، مرۆڤ یان سوبێکتی تایبەت بە خۆی بەرهەمدێنێت کە لە هەموو کردەیەکیدا جەوهەر و کۆپەیوەنديی سیستەم دەنوێنیتەوە. سوبێکت یان مرۆڤی تایبەت بە سیستەم بریتییە لە مرۆڤی ئابوری. مرۆڤی ئابوری تاكڕەهەندکردن و هاوشوناسکردنی مرۆڤە لەگەڵ سیستەمدا، بەجۆریک کە سیستەم هەموو ڕەهەندەکانی تری پەراوێزدەخات و ڕەهەندی ئابوری دەکات بە سەنتەر و چەق. لێرەوە بەوە دەگەین کە جەوهەری مرۆڤی سیستەم، ئابورییە و یاسا ئابورییەکانی بازار دەیجوڵێنێت و ئاراستەی دەکات و بەردەواميی پێدەبەخشێت. شتێک بە ناوی مرۆڤ و کاری مرۆڤانە کە لەڕابردوودا ئەگەر بە کەمیيش هەبووبێت ئەوا لە ئێستادا نەماوە. باڵادەستيی موتڵەقی لۆژیکی سەرمایە کۆپەیوەندییەکانی سیستەم دەنوێنێتەوە و سەرلەنوێ هەموو پەیوەندییەکانی مرۆڤ دادەڕێژێتەوە. مرۆڤی ئابووری “دواهەمین مرۆڤ”ـی نیچەییە کە لوتکەی نیهیلیزم و هیچگەرایی دەنوینێتەوە و هاوکات هاتنەديی خەون و ڕوئیای لیبراڵ-دیموکراسییە لەمەڕ مرۆڤ و جیهان. مرۆڤی ئابوری مرۆڤێکی پرتووکاو و هیلاکە کە توانای ڕیسک و خەتەرکردنی نەماوە و بووە بە پاشەڕۆی بازاڕکردن. مرۆڤی ئابوری مرۆڤێکی پاسیڤ و ملکەچە کە تەنیا دەتوانێت لەسەر هێڵە دیاریکراوەکانی سیستەم بجووڵێت. مرۆڤی ئابوری زیاتر ڕۆبۆتە تاوەکو مرۆڤ بێت. ڕۆبۆتێکی بەرنامەڕێژکراو بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆ سەرمایەداران.

لەئێستای سیستەمی سەرمایەداريیدا، هیرارکییەت گەيشتووە بە لوتکە و هەموو جوڵە و چالاکی و ئەکتێکی مرۆڤ، پلەبەندى و ڕیزبەنديکراوە. بەدەربڕینێکی تر هیرارکییەت گەيشتووە بە ئاستێک کە سەرەڕای جیگیربوونی مرۆڤ لەناو چینەکاندا لەناو پلە هیرارکییەکاندا جێگیرکراوە. مرۆڤی ئابووری بەرەنجامی گەشەی هیرارکییە. جیهانی ئێستا بۆ مرۆڤ، جیهانێکی نامۆکراو و دۆزەخییە. جیهانێکە کە ژیانی مرۆڤ تێیدا تەواو دژوار و سەختبووە بەجۆریک کە ژیانی مرۆڤانە و سەربەرزانە بۆی مەحاڵ بووە. ڕۆحی ئەم جیهانە نامۆبووە، بووە بە ئەژدیهایەک، چۆتە گیانی هەموانەوە و ڕۆژانە و بە هێواشی لە ڕۆحی مرۆڤانەیان دەخوات و سیخناخیان دەکات بە ڕۆحی خۆی. دواجار ئەوەی کە دەمێنێتەوە ئەژدیهاکانە نەک مرۆڤەکان. ئەژدیها بەندکراوەکانی ناو سیستەم کە مرۆڤی ئابوريین. گوتاری زاڵ لەمەڕ ئەم هیرارکییە پەستێنراوە ئەوەیە کە ئەم نەزمە بە دۆخێکی سرووشتی و عەدالەتێکی ئەیستەتیکی پاساوبدرێت. دەنگی زاڵ و ڕەنگی تۆخی ئێستا ئەوە ڕادەگەيه‌نن و ئەوە دەنوسنەوە کە سەرەڕای هەموو کەموکورتییەکان، باشترین و دواهەمین نەزمە و هیچ ئەڵتەرناتیڤێک بۆ سیستەم بوونى نییە. بەهەزاران کەناڵ و لە هەزاران ڕێگەوە ئەوەمان پێدەڵێن کە ئەگەرچی ئەم سیستەمە باشترینیش نەبێت بەڵام لەمە باشتر نییە بۆیە بەناچار دەبێت قبوڵی بکەین.

ئێمە وەک بەرەنگار، لێرەوە و لەسەردەمی بەربەریزمی سەرمایەداريیدا کە ناعەدالەتی و نایەکسانی وەک تاعونێک جەستەی زه‌ويى بۆگەنکردووە و کۆی مرۆڤایەتيی نەخۆشخستووە، لە هەناوی زەروورەتێکی مێژووییەوە، جارێکی تر بەیداخی ڕزگاری مرۆڤایەتی بەرزدەکەینەوە و جاڕی ئەوە دەدەین کە؛ “بەڵی ئەڵتەرناتیڤ و بەدیل بۆ ئەم سیستەمە چەوسێنەرە هەیە” و “بەڵێ دەشێت هەموومان پێكەوە بە یەکسانی و ئازادی بژین” و “بەڵی لە ناو مێژووی بەرەنگارییەوە ڕووبەڕووی میژووی چەوساندنەوە دەبینەوە و بەری پێدەگرین و مێژووی بەرەنگاری کە مێژووی ڕزگاری مرۆڤایەتییە سەرپێدەخەین”. لەم پنتەوە وەک زەرورەت مرۆڤی بەرەنگار لەدایک دەبێت. مرۆڤێک کە هیچی نییە جگە لە ئایدیای بەرەنگاری، کە دەبێت بە ئەکتی بەرەنگاری. مرۆڤی بەرەنگار، ئەنتی‌تێز و نەفیکەرەوەی مرۆڤی ئابورییە. لەهەناوی وێرانکردن و هەڵوەشاندنەوەی مرۆڤی ئابورییەوە مرۆڤی بەرەنگار دێتەبوون و لەڕێگەی بەرەنگارییەوە سیستەم هەڵدەوەشێتەوە. بەرەنگاری دواهەمین ئایدیای ڕزگاريی دواهەمین تەسلیمنەبووی ناو سیستەمە، کە لەناوەوە سیستەمەکە دەخوات و هەرەسی پێدێنێت. مرۆڤی ناو سیستەم مرۆڤێکی بەسیستەمکراوە، کە سیستەماتیک هەموو کارە ڕۆژانەیی و پیداویستییەکانی لەناو کۆپەیوەنديی سیستەمدا جیبەجێدەکات. بەرەنگاری، هاوماناى «حەکایەتی گەورە»یە. حەکایەتێک کە دەبێت پێکەوە هەموومان بەشدار بین لە سەرپێخستنیدا. مرۆڤ ئەگەر حەکایەتی گەورەی نەبێت لە جۆرەکانی تری ئاژەڵ جیانابێتەوە. حەکایەتی گەورە درووستکەر و بنیاتنەری کۆمەڵ و کۆميونیتيی مرۆڤانەیە.

—————————

** ئەم نوسینە پێشتر لە ژمارەی ١ ی بڵاوکراوەی بەرەنگاریدا بڵاوکراوەتەوە، لێرەدا بە کەمێک دەسکاریەوە بڵاودەکرێتەوە.

 

 

zhyanewa
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…

What do you like about this page?

0 / 400