بۆ ئەوەی ١٧ شوبات وەک یەکێک لە وێستگە گرنگەکانی خەبات و تێکۆشان و بەرەنگاری خەلکی کوردستان دژی دەسەڵاتدارانی سیاسی هەرێم لەیادەوەری سیاسی و خەباتکارانەی خەڵکی کوردستاندا زیندووبمێنێتەوە، سەرچاوەیەک بێت بۆ ئیلهام و فێربوون و ئەزموونی سیاسی ئازادیخوازانە و ژیانەوەی، لێرەدا چەند بەڵگەنامەیەکی سیاسی ئەو رووداوە بڵاودەکەینەوە..
بەو هیوایەی ئەم هەنگاوەو هەنگاوی تر ببێت بەهۆی کۆکردنەوەی سەرجەم بەڵگەنامە سیاسیە گرنگەکان تایبەت بەم رووداوە..
ماڵپەڕی ژیانەوە
بەییانامەی رایاگەیاندنی گروپی حەڤدە
ھاوڵاتیانی خۆشەویست
وەک خۆتان دەزانن، ئەمڕۆ لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا خۆپیشاندان و بزووتنەوەیەکی بەھێز بۆ ئاڵوگۆڕکڕدنی دەسەڵات و باشکردنی ژیانی خەڵک بەرێخراوە، ئەم شەپۆلە لەھەندێک ناوچەدا سەرکەوتنی خۆی بەدەستھێناوە و لە ژمارەیەک ناوچەی تردا، لە حاڵەتی بەرەنگاری و تێکۆشاندایە. کوردستانیش وەک بەشێک لەو ناوچانەی کە خوازیاری ئاڵوگۆڕێکی سەرەکی و بنەڕەتییە لە ھەموو لایەنەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی… ئەو ناڕەزایەتیانە سەریھەڵداوە، ئەم بزووتنەوەو خۆپیشاندانەیش، کە ئەمڕۆ کوردستانی گرتوەتەوە، سەرەتایەکی ئومێد بەخشە بۆ ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی. بەڵام لە بەرامبەردا، ھەر لە یەکەم ساتەوە دەسەڵاتدارانی کوردستان، ئاپۆرەی ناڕەزایەتی خەڵکیان بە ئاژاوەگێڕ دانا وەو بە گوللەو ئاگر وەڵام دەدەنەوە و ویست و رەوایەتی ئەم ناڕەزایەتیانە بەرەسمی ناناسن.
ئەم خۆپیشاندان و بزووتنەوە جەماوەرییەی کە بەرێخراوە، دەتوانێت سەرکەوتوو بێت و ئاڵوگۆڕی جدی لە کوردستاندا بەدیبھێنێت. بەڵام مەرجی ئەو سەرکەوتنە لەوەدایە کە مەودای بەرەنگاری فراوانتر بکرێت و ناڕەزایەتییەکان لەخرۆشانێکی سەر شەقامەکانەوە بگۆردرێت بۆ مانگرتن و یاخیبوونێکی مەدەنیانەی فراوانی ھەناسە درێژ و سەرتاسەری لەئاستی کوردستان، تا ئەودەمەی کەداخوازییەکان بێنە دی.
ھاوڵاتیانی خۆشەویست
ئێمە وەک بەشێک لە ئاپورەی جەماوەری ناڕەزایەتی و لە چوارچێوەی گروپێکدا خۆمان رێکخستووە، تا بەگوێرەی توانای خۆمان رۆڵمان ھەبێت لە ئاراستەکردنی ناڕەزایەتییەکان بە ئاقاری زیاتر جەماوەری و بەرفراوانکردنی مەوداکانی ناڕەزایەتی بۆ ئامانجە بەرزەکانی وەک ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە سیستەمی سیاسی، کە دەسەڵاتێکی شەفاف و خزمەتگوزار بھێنێتە دی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی بخاتە جێگای گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سامانی گشتی و کۆتایی بە جیاوازییەکان بھێنرێت و بیمە کۆمەڵایەتییەکان دابین بکات.
ھەروەھا لە ئێستایشدا، ھاوشانی جەماوەری ناڕازی داوا دەکەین:
١- مافی خۆپیشاندان، وەک یەکێک لە سەرەتایترین مافەکانی ھەر تاکێک بەڕەسمی بناسرێت و ھەر جۆرە دەستدرێژی و بەرپێگرتنێکی توندوتیژیانە وەک تاوان ھەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت.
٢- ھێزە چەکدارەکانی وەک پێشمەرگە و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان نەکرێنە ھۆکارێک بۆ سەرکوتی جەماوەری ناڕازی.
٣- کشاندنەوەی ئەو ھێزە سەربازیەی کە ھێنراونەتە سەر سلێمانی.
٤- کەسانێک، کە بوونەتە ھۆی گیانلەدەستدان و بریندارکردنی خۆپیشاندەران، وەک تاوانبار بدرێنە دادگا.
٥- ئازادکردنی گیراوەکان و سەلامەتی گیانی ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکاندا بیریندار بوون.
بۆ ھێنانەدی ئەم داخوازیانە و سەرکەوتنی خواستە رەواکانی جەماوەری کوردستان، دەبێت ئاراستەی ناڕەزایەتییەکان فرازانتر بکرێت و بۆ ئەمەیش خۆپیشاندانەکان بگۆڕدرێن بۆ یاخیبوونێکی مەدەنیانە و لە سەنتەری شارەکاندا مۆڵگە و خێمە و مانەوە دروست بکرێت و، خۆ لە توندوتیژی ناپێویست بپارێزرێت کە لەوانەیە سەرەنجام بە زیانی ھێنانە دی ئامانجە سەرەکییەکانی خۆپیشاندان تەواو بێت.
گروپی حەڤدە
٢١/٢/٢٠١١
——————-
ڕاگەیاندن:
داواکاریەکانی جەماوەری ناڕازی کوردستان
داواکارییە ھەنوکەییەکان
١. دانپێدانان بە کۆبونەوە جەماوەریەکانی کوردستان وەک بەرەیەک بۆ نوێنەرایەتیکردنی داخوازیەکانی خەڵک و بەشداریپێکردنی نوێنەرانی خۆپیشاندەران لە پڕۆسەی بڕیاردان لەمەڕ مەسەلە چارەنوس سازەکاندا.
٢. ڕێگرتن لە ھەر جۆرە ھەوڵێک بۆ سەپاندنی باری نائاسایی بە سەر ھەر شار و شارۆچکەیەکدا لەوانە بۆ نموونە دابڕاندن و ئابڵوقەدانی شارێک یان بە سەربازگە کردنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان.
٣. ڕاگەیاندنی ڕەسمی لە لایەن حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکی ھەرێم لە بەھەند وەرگرتنی گشت داواکاریەکانی خۆپیشاندەران وجێبەجێکردنیان .
٤. دروستکردنی لیژنەیەکی ھاوبەش لە پەرلەمان وحکومەت بۆ کۆبونەوە لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندەران بەمەبەستی دیاریکردنی میکانیزمی گونجاو وە دیاریکردنی وادە بۆجێبەجێکردنی داواکاریەکان.
٥. ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم دەسگیرکراوانی ناو خۆپیشاندانەکان و قەدەغە کردنی دەستگیرکردنی بەشداربوان و ڕێکخەرانی خۆپیشاندان.
٦. دادگایی کردنی ھەموو ئەوانەی کە دەستیان ھەبووە لە شەھیدکردن و بریندارکردنی خۆپیشاندەران و خستنە ڕووی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دادگا و بڵاوکردنەوەی لە ڕاگەیاندنەکاندا.
٧. گێڕانەوەی ھەموو ئەو ھێزە چەکدارانەی کە بۆ مەبەستی گوشارخستنە سەر خۆپیشاندەران یاخود ترساندنیان بە ئاراستەی شارەکان جوڵێندراون .
٨. دەستبەجێ بانگھێشتکردنی وەزیرانی ناوخۆ و پێشمەرگە وسەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وە لیپێچینەوە لەگەڵیان لەبارەی پێشێلکردنی مادەی یەک بڕگەی یەکەم لە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بەوەی ھیزی پیشمەرگەیان بەرەو شارەکان جوڵاندووە لە کاتێکدا ئەمە تەنھا لە دەسەڵاتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندایە!
٩. لابردنی بارەگای حیزبەکان لە ناوەەندی شار و شارۆچکەکاندا گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی شار و شارۆچکەکان.
١٠. دڵنیا کردنی ھاونیشتمانیان لەوەی کە چیدی وە بۆ ھەمیشە ھیچ ھێزێکی نیشتمانی و حکومی کوردی سوپا و ھێزی چەکداری نابەنە سەر ھیچ شار و شارۆچکەیەکی کوردستان و سەر ھیچ ھێزێکی ڕکابەر و نەیاری ھێزە فەرمانرەِواکانی کوردستان .
١١. بە ڕەسمی پۆزش ھێنانەوە بۆ جەماوەری خۆپیشاندەر لە لایەن ھەمو ئەو کەس و لایەن و ڕاگەیاندنانەی کە خۆپیشاندانی خەڵکیان بە “ئاژاوە گێر” ناوبردووە, بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە, وە بە ڕسمی داوای لێبوردن لە جەماوەر بکەن .
داواکاریە بنەڕەتیەکان
١. چاوپیاخشاندنەوە بە ڕەشنوسی دەستوری ھەرێمدا بە مەبەستی داڕشتنی دەستورێکی ھاوچەرخی دیموکرات کە تێیدا گشت مافە مەدەنی و سیاسی و یاساییەکانی ھاونیشتمانیان بە ڕەسمی ناسرابن و دەستەڵاتەکان بە ئاشکرا جیاکرابنەوەو سەربەخۆییان پارێزراو بێت، ھەروەھا دیاریکردنی میکانیزمی شیاو بۆ ڕێگا گرتن لە ھەر جۆرە لاقەکردنێکی دەستەڵات. ھەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەک کە سەرۆکی ھەرێم تەنھا لەڕێگەی پەرلەمانەوە ھەڵبژێردرآ .
٢. داڕشتنی پلانێکی تۆکمە بۆ دابینکردنی سەربەخۆیی دادوەری و سەروەری یاسا.
٣. جیاکردنەوەی حیزب لە حکومەت بە جۆرێک کە ئیدی حکومەت نەبێتە ئامڕازێک بەدەست حیزبی سیاسیەوە. بەڵکو حکومەت پێویستە وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ بەرگریکار بێت لە سەرجەم ھاونیشتمانیانی ئەم وڵاتە.
٤. ھەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی حیزب وە ڕێگرتن لەوەی حیزب خاوەنی ھێزی چەکدارو دەزگای ھەواڵگری و سیخوڕی بێت و ھەروەھا پاسەوانی دام و دەزگا و بارەگای حیزبی نەمێنێ و ئەمانیش ھەروەک ماڵی ئاسایی ھاوڵاتیان سەلامەتیان لە لایەن ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە بپارێزرێ .
٥. سپاردنی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە و بەرێوەبەراتیەکانی ئاسایش و پۆلیس بە کەسانی پسپۆر و بێلایەن و بە کردەوە حیزبایەتی لەو دەزگایانەدا قەدەغە بکرێت .
٦. کۆتایھێنان بەم مۆدێلە لە حیزب کە تێیدا کۆی کۆمەڵگا داگیردەکات و بە ناوی ھەموانەوە بڕیار دەدات وە گۆڕینی بۆ حیزبی دەنگدەر کە پشت بە خستنەڕووی بەرنامەیەکی سیاسی بۆ بەردەم ھاونیشتمانیان دەبەستێت و دەست لە کاروباری حکومەت و سەندیکاو ڕێکخراوە پیشەییەکان وەرنادات.
٧. تێنەپەڕاندنی ھیچ پڕۆژە یاسایەک لە پەرلەمان بە بێ ئەوەی کە پێشتر ھاونیشتمانیان لە کۆڕو کۆبونەوەکاندا گفتوگۆیان لە سەر نەکردبێت و سەرنجەکانیان بە ھەند وەرنەگیرابێت.
٨. گێڕانەوەی سەرجەم ئەو موڵک و ماڵە گشتی و تایبەتیانەی کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن ھەر کەس و لایەنێکەوە دەستی بەسەردا گیرابێت یاخود بە نرخی ڕەمزی فرۆشرابن بە کەس و لایەنی دی بەدەر لە یاسای فرَشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت ژمارە ٣٢ ی ساڵ ١٩٨٦ .
٩. بەکارھێنانی سامان و بودجەی کوردستان بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لەپێناو بەدیھێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە .
١٠لێکۆڵینەوە لە سەروەت و سامانی حیزبەکان و لێپرسراوانی حیزبی و حکومی وە گێڕانەوەی سەرجەم ئەو داھاتانەی کەبە شێوەی نا یاسایی بە دەستیان ھێناوە وە چەسپاندنی بنەمای ئەمەت لە کوێوە ھێناوە (من این لک ھذا) ؟
١١. خستنە رووی سەرجەم داھاتەکانی کوردستان بۆ ڕای گشتی بە داھاتە سروشتیەکانی وەک نەوت و غاز وە ئاشکراکردنی حسابە حکومییکانی ھەرێمی کوردستان لە ناوە و دەرەوەی وڵات .
١٢. ھەڵوەشاندنەوەی سیستمی خانەنشینکردنی ئەندام پەرلەمان و وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتیەکان و ئەنجومەنەکانی شارەوانی کە بە پلەکانی خزمەت و ساڵی کارکردندا تێنەپەڕیون وە کەمکردنەوەی موچەکانیان بە ڕێژەی %٥٠ .
١٣. دامەزراندنی دەستەی نەزاھە لە ھەرێمی کوردستان بە یاسا وە لە دەرەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و پەرلەمان وە سپاردنی کارکردنی ئەم دەزگایە بە کەسانی بێلایەن کە دیاریکرابن لەسەر بنەمای لێھاتویی.
١٤. رێزگرتن لە سەربەخۆیی دام و دەزگا حکومیەکان ,داراییەکان ,زانکۆکان و پاراستنیان لە سەرجەم دەسەڵاتە فەرمیەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە دەستێوەردانی حیزبی.
١٥. بڕینی ھەر مینحەیەک کەسەرچاوەکەی دارایی گشتی بێت بۆ سەرجەم دام ودەزگا حیزبی و نا ڕەسمیەکان و ڕاگەیاندنەکانیان.
١٦. ھەڵپەساردنی کارکردن بە یاسای خۆپیشاندانی ھەرێمی کورستان تا دەرچواندنی یاسایەکی نوێ کە وەڵامدەربێت بۆ داخوازیەکانی ڕای گشتی ھەرێمی کوردستان .
١٧. باشکردنی ژیان و گوزەرانی سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگە وەک کرێکاران و فەرمانبەران توێژەکانی دیکە بە ڕەچاوکردنی پێوەرە نێو دەوڵتیەکانی ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ .
١٨. ئاشکراکردنی چارەنوسی بێسەرو شوێنەکانی شەڕی ناوخۆ و بێسەروشوینکراوەکانی دامو دەزگا ئەمنیەکان وە قەرەبوکردنەوەیان لە داھاتی ئەو لایەنەی بەر پرسە لە دیارنەمانیان .
١٩. کارکردن بە ڕاپۆرتەکانی دیوانی چاودێری دارایی و ئاشکراکردن و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران و دادگایکردنیان, وە درەکردنی یاسایەک بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵکاران.
٢٠. دابینکردنی بیمەی تەندروستی و بیکاری بۆ ھەموان . .
٢١. پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی ژنان لە ناوە و دەرەوەی خێزان.
٢٢. دابین کردنی خزمەتگوزاری بە پێی ستاندەردی جیھانی بۆ ئەو ژنانەی کە روو بە رووی توندوتیزی دەبنەوە.
٢٣. دەرکردنی یاسایەک بۆ کۆتایھێنان بە جیاکاری جەندەری و بۆ بنەبڕکردنی ھەر توندوتیژیەک دز بە ئافرەتان.
٢٤. بە گرخستنەوەی ھەوڵەکانی کۆمەڵگە بۆ نەھێشتتنی توندوتیزی دژ بە ژنان و گۆرینی ئەو یاسایانەی کە جیاکاری دروست دەکات لە نێوان ھەردوو ڕەگەز.
٢٥. زیادکردنی پێشینەی ھاوسەرگیری بە شێوەیەک کە بگونجآ لەگەڵ پێویستیەکانی ڕۆژدا و لەکاتی ئێستادا لە دە ملیۆن دینار کەمتر نەبێت.
٢٦. دامەزراندنی دادگای ئیداری لەسەرجەم شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەک کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەری بن نەک حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
٢٧. دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبونی ھاوچەرخ بۆ ھاوڵاتیان بآ پێشەکی و بە قیستی مانگانە .
٢٨. دابینکردنی دایەنگە و باخچەی ساوایانی ھاوچەرخ بۆ سەرجەم منداڵان بە خۆڕایی, وە دابینکردنی بڕێک پارەی گونجاو بۆیان تا تەمەنی یاسایی (١٨ ساڵ) .
٢٩. کەمکردنەوەی گشت باج و رسومات لە دام و دەزگاکانی ھەرێمی کوردستان بە ڕێژەی %٥٠ .
تێبینی:
١. پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم مولزەمە بە فەرمی لە ماوەی ٤٨ کاتژمێرلە دەرچونی ئەم ڕاگەیاندنەوە کاری جدی بکات بۆ جێبەجێکردنی داواکاریە ھەنوکەییەکان.
٢. لە پەیوەند بە داخوازیە بنەڕەتیەکانەوە پێویستە دەستەڵاتداران ھەر لە ئێستاوە تا ڕێکەوتی ٤/٣/٢٠١١ بە فەرمی پلانی خۆیان بۆ جەماوەر ڕابگەیەنن.
٣. تیمەکانی ئەنجومەنی کاتی بە بەردەوامی کار لە سەر کۆکردنەوەی سەرجەم داواکاریەکانی ھاونیشتمانیان لە سەر شەقامەکان دەکەن تا لە لیستێکی گشتگیردا کۆبکرێنەوە.
ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی
٢٨/٠٢/٢٠١١
————-
دەقی نامەی کەمپینی (تۆم بە سەرۆک قبوڵ نییە)
بۆ:
دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان
کوردستانی عێراق – ھەولێر
بەڕێزان لە دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، سڵاو و ڕێز!
دوابەدوای ئەوەی سەرۆکی ھەرێم بەڕێز مەسعود بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆژنامەگەریی ئیتاڵیا (لاگ)-دا لە ڕۆژی ٢٤⁄٢⁄٢٠١١دا رایگەیاند کە ععئەگەر ٠٠٠ ٥٠ ھاوڵاتیی کوردستان داوا بکەن دەست لە سەرۆکایەتیی ھەرێم بکێشیتەوە، یەکسەر دەست دەکێشێتەوەعع، ئێمە کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆیی، لەو سۆنگەیەوە کە شێوازی سەرۆکایەتییکردنی بەڕێز مەسعود بارزانیمان بۆ ھەرێمی کوردستان پێ قبوڵ نییە و پێمانوایە ئەو کەفائەتی تەواوی بۆ بەڕێوەبردنێکی سەرکەوتوانەی ئەم ھەرێمە نییە و ئەم ھەرێمەی تووشی ئیفلیجیی و گرفتی قوڵ کردووە؛ وە لەو سۆنگەیەشەوە کە ئێمە چاوەڕوانییمان ھەیە ھەر سیاسەتمەدارێک و پیاوێکی دەوڵەت لە ھاوڵاتییەکی سادە زیاتر رێز بۆ گفتوقسەی خۆی ڕابگرێت و بەڵێنەکانی بباتە سەر، ڕۆژی ٢٧⁄٢⁄٢٠١١ کەمپینێکمان بەڕێخست بۆ کۆکردنەوەی ئیمزای ٠٠٠ ٥٠ لەو ھاوڵاتییانەی کە خوازیاری دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێز مەسعود بارزانین لە سەرۆکایەتیی ھەرێم.
ئێمە لەڕێگەی ئەم نامەیەوە دەمانەوێت:
یەکەم، بە سەرۆکی ھەرێم ڕابگەیەنین کە ئێمە ئێستا ئیمزای زیاتر لە ٠٠٠ ٥٠ ھاوڵاتییمان کۆکردۆتەوە.
دووەم، داوا بکەین کاتێکمان بۆ دیاریی بکەن و لەرێگای ئیمەیڵی کەمپینەکەمانەوە (کەمپنتۆمبەسەرۆکقبولنیە@یاھۆۆ.جۆم) ئاگادارمان بکەنەوە لێی تا دەستەی سەرپەرشتیاری کەمپینەکەمان بێت و نوسخەی ئیمزاکان ڕادەستی سەرۆکایەتیی ھەرێم بکات.
سێیەم، چاومان بە بەڕێز سەرۆکی ھەرێم بکەوێت تا دوای ڕادەستکردنی ئیمزاکان، وەک مومارەسەکردنی دیموکراتییەتێکی ڕاستەوخۆ، وەک نوێنەری ٠٠٠ ٥٠ ھاوڵاتیی ھەرێمی کوردستان، رووبەڕوو داوای دەستلەکارکێشانەوەی لێ بکەین.
چاوەڕوانی وەڵامی بەڕێزتانین.
لەگەڵ ڕێزی زۆرمان
دەستەی سەرپەرشتیاری کەمپینی (تۆم بە سەرۆک قبوڵ نییە) بۆ کۆکردنەوەی ٠٠٠ ٥٠ ئیمزا
سلێمانی – ١٨.٠٣.٢٠١١
————-
بۆ/ بەڕێز پەرلەمانی کوردستان-لیژنەی دایەلۆگی نیشتیمانی
بابەت/ وەڵامی میوانداری
وێڕای سڵاو،
پاش دەرچونی ڕاپۆرتی ھاوبەشی لیژنەکانتان لە بارەی داواکاری خۆپیشاندەران لە ڕێکەوتی ١٦/٠٣/ ٢٠١١ و داوەتنامەکەی بەڕێزتان بۆ ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی لە ٢٠/٠٣/٢٠١١ بۆ ئامادەبوون لە پەرلەمان، بە پێویستمان زانی ئەم وەڵام و چەند سەرنجە بخەینە بەر چاوتان.
ئێمە بە سوپاسەوە پێتانڕادەگەیەنین کە ھەمیشە پێشوازی لە دایەلۆگ دەکەین و جێبەجێکردنی داواکاریە بنەڕەتیەکانی خۆپیشاندەران پێویستی بە دایەلۆگێکی نیشتمانی درێژخایەن و پلان بۆداڕێژراو ھەیە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی کۆدەنگیەکی ھەمەلایەنە، لەم ڕوەوە ئێمە ھیچ لاریمان نیە بۆ ھەماھەنگیکردن. ھەروەھا ئەم داوەتنامەیە وەک دەستکەوتێک بۆ خۆپیشاندەران سەیردەکەین کە بە ھەند وەرگرتنی خاڵی یەکەمی داواکاریە ھەنوکەییەکانمانە.
سەرباری ئەم ڕاستیانە، گرنگە ئاماژە بەوە بدەین کە لە ئەجێنداکەی بەڕێزتاندا حەوت تەوەر دیاریکراون کە سەرجەمیان لە داواکاریە بنەڕەتیەکانن. لەم ڕوەوە پێتان ڕادەگەیەنین:
١. لەڕووی کاتەوە، لەئێستادا ئەنجومەنی کاتی پاراستنی ھێمنی و ڕوی شارستنیانەی خۆپیشاندانەکان و بە دیھێنانی داواکاریە ھەنوکەیەکان بە ئەرکی بنەڕەتی خۆی دەزانێت وە داخڵبوون بە ھەرپرۆسەیەکی دیالۆگ پێش بەدیھێنانی داواکارییە ھەنوکەییەکان بە مەترسی دەزانین لەسەر ئەرک و ڕۆڵی ئەنجومەن و لەدەستدانی رێڕەوی ئاشتیانەی خۆپیشاندانەکان.
لیژنەکەتان ماوەی ٢٠ ڕۆژی تەرخانکردوە بۆ خاڵەکانی ژمارە (١ و٢و٤و٥و٨و١١و١٦) لە داواکارییە بنەڕەتیەکان بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵ ئەو لایەنانەی لە فەرمانەکەی پەرلەماندا ھاتووە. ئێمە پێشنیاری ئەوە بۆ بەڕێزتان دەکەین کە لە ڕووی ئەولەویەتی کات و داواکاریەکانەوە لە ئێستادا کاتی بەجێھێنانی داواکارییە ھەنوکەیەکانە. ھەروەھا گرنگە وەبیرتان بھێنینەوە کە زیاد لە ٢٥ ڕۆژە ئەو داواکاریانە دراون بە ھەر سێ سەرۆکایەتیەکەی ھەرێمی کوردستان، بەڵام نەتوانراوە لە ڕوی پراکتیکیەوە ھیچ یەک لە داواکارییە ھەنوکیەکان جێبەجێبکرێن،چ جای ئەوەی لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا دەرئەنجامێک لەمەڕ داواکارییە بنەڕەتیەکان بەدیبێت!؟
٢. لە ڕووی نوێنەرایەتیەوە، ئێمە وەک ئەنجومەنی کاتی ھەمیشە جەختمان کردۆتەوە کە ئەوە شەقامە ئەنجومەن بەڕێوە دەبات نەک بە پێچەوانەوە، ھەروەھا ئێمە پێش ئەوەی ھەر سیفەتێکمان ھەبێت ھەر تاکێکمان جەماوەری خۆپیشاندەرین. لە ئاستێکی دیکەدا، ئێمە وەک ئەنجومەن کار لە سەر دروستکردنی متمانە دەکەین لەگەڵ سەرجەم ھاونیشتمانیانی کوردستان، و بە تایبەتی قوربانیانی تاوانەکانی مانگی دوو و خێزانی شەھیدان.
وەرگرتنی شەرعیەتی یاسایی و دیموکراتیانە بۆ ئەوەی وەک نوێنەری شەرعی خۆپیشاندەران بێینە قۆناغی گفتوگۆوە و بیروڕاکانمان رەوایەتی یاسایی بەناوی خۆپیشانددەرانەوە ھەبێت لەم کاتەدا ئەستەمە، لە بەر ئەوە لەم قۆناغەدا بە ھەموو پێوەرێکی عەقڵانی و سیاسی ئەوەی کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆپیشاندەران دەکات بە تەنھا داواکارییە ھەنوکەیەکانە و بەتەنھا بەدیھێنانی ئەو داواکارییانە کلیلی ھێمنکردنەوەی دۆخەکە و رێخۆشکەرە لەبەردەم ھێنانەکایەی دۆخێک کە خۆپیشاندەران نوێنەرانی ڕەوای خۆیان دەستنیشان بکەن بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەمەڕ داواکارییە بنەڕەتیەکان.
ئێمە کاتێک دەتوانین بانگەشەی نوێنەرایەتی بکەین و لەگەڵ ھەریەک لە سەرۆکایەتیەکان بە فەرمی دانیشتن بکەین کە دڵنیا بین لەوەی توانیومانە ئەو متمانەیە دروستبکەین، ئەمەش مەحاڵە بە بێ ھەنگاونانی عەمەلی لە لایەن دەستەڵاتدارانەوە بۆ دادگایکردنی تاوانباران، لابردنی ئابڵوقەی سەربازی و باری نائاسایی سەر شارو شارۆچکەکان،و گواستنەوەی بارەگای چەکداری حیزب و ھێزە چەکدارەکان بۆ دەرەوەی شارو شارۆچکەکان. لە کاتی نوسینی ئەم نامەیەدا خۆپیشاندەران لە ھەڵەبجە ھێرشیان کراوەتە سەر و چەندەھا بریندار ھەیە، ئەمە دەلالەتی ئەوەیە ئەم دەستەڵاتە پاش ٣١ ڕۆژ لە خۆپیشاندان بە ھەمان میتۆدی سەربازی مامەڵە لەگەڵ داخوازیەکانی جەماوەر و کرژیەکان دەکات.
لە دیدی ئێمەوە، ئێوە وەک پەرلەمانی کوردستان دەتوانن لەم قۆناغە ھەستیارەدا ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن لە فشار خستنە سەر حکومەتی ھەرێم بە مەبەستی ھەرچی زووە جێبەجێکردنی داواکاریە ھەنوکەییەکانی خۆپیشاندەران، لە بەرئەوە بە باشی دەزانین قۆناغی گفتوگۆ لە سەر داواکاریە بنەڕەتیەکان لە سەر ئاستی نیشتمانی بخرێتە پاش جێبەجێکردنی داواکاریە ھەنوکەییەکان. لەگەڵ ڕێزماندا.
ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی
٢٢\٣\٢٠١١
—————–
پەیامێک لە جەماوەری خۆپیشاندەری کوردستانەوە
بۆ ھەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان
سڵاوی ئازادی وخۆڕاگری خۆپیشاندەرانی کوردستانتان لێبێت…..
لای ھەمووان ئاشکرایە کە زیاتر لە مانگێکە لەگەڵ ڕوداوە خوێناوییەکانی ١٧/ ٢ و ڕۆژانی دوایی جەماوەری کوردستان لە خۆپیشاندانی بەردەوامدایە و داواکارییەکانی پێشکەش بە دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە و تا ئێستا پەرلەمان وحکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی کۆمار وەڵامەکانیان بۆ داوای خۆپیشاندەران لە ئاستی ووتاری پشتگیری زیاتر نییە و تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێکی عەمەلی نەنراوە بۆ لانی کەم جێبەجێکردنی داواکارییە ھەنوکەییەکان، لێرەوە ئێمە دوپاتی دەکەینەوە کە دەسەڵات لە ھەرێمی کوردستان شەرعیەتی یاسایی و نیشتمانی خۆی ئەو کاتە لەدەستدا کە ھاوڵاتیانی لەسەر مافێکی سروشتی خۆیان کە خۆپیشاندانە دایە بەر دەستڕێژی گولە. ناکرآ وناشێت دەسەڵاتێک کە بەرپرسە لەخوێنڕشتنی ھاوڵاتیان بە نوێنەری شەرعی خەڵکی کوردستان دابنرێت، وە دڵنیایین کە ھەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان لە ئاست ئەو تاوانانەدا بآھەڵوێست نابێت. لێرەوە ئێمە لەم قۆناغە مێژوویە پڕبەرپرسیارێتیەدا بانگەوازی نیشتمانپەروەریتان ئاراستە دەکەین کە وەک چۆن تا ئێستا پشتیوانی داواکاری خۆپیشاندەرانتان کردووە ، بازنەی ئەم پشتگیرییەتان بە ھێزتر و فراوانتر بکەن ئەویش بە:-
١- ھەڵپەساردنی ئەندامێتیان لە پەرلەمانی کوردستان وە دەستلەکارکێشانەوەی ھەموو ویژدان زیندوان کە ھەر پۆست و وەزیفەیەکیان لەناو ئەم دەسەڵاتەدا ھەیە.
٢- ڕەتکردنەوەی ھەر دانوستانێک لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا وەک ھەڵوێستێکی نیشتمانی و مێژوویی بەرامبەر بێباکی دەسەڵات لەمەڕ ئەم دۆخە مێژوویەدا تا بەدیھێنانی داواکاریە ھەنوکەییەکانی خۆپیشاندەران.
ئەمانەش وەک فشارێکی ڕاستەقینە لەپێناو ملکەچکردنی دەسەڵات بۆ جێبەجێکردنی لانی کەمی داواکارییەھەنوکەییەکان کە دیارترینیان:
١- دادگایکردنی تاوانبارانی کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەران.
٢- گواستنەوەی ھێز و بارەگا حیزبیەکان بۆ دەرەوەی شارو شارۆچکەکان.
٣- ھەڵگرتنی ئابڵوقەی سەربازی و باری نائاسایی سەر شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەمەبەستی دەستەبەرکردنی مافی ئازادی ڕادەربڕین وداواکردنی مافە ڕەواکانیان.
ئەم ھەڵوێستە لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە ھاندەرێک دەبێت بۆ کەسانی ویژدان زیندووی نێو دەسەڵات کە ئەوانیش ھەنگاوی عەمەلی ھەڵبگرن بۆ داکۆکیکردن لە داخوازیەکانی شەقامی ناڕازی لە کوردستان.
ئەو کات ئەگەر دەستەڵات نەیەتە پای جێبەجێکردنی ئەم داواکاریە ھەنوکەییانە، ئەوا خەڵک ناچار دەبێت دروشمی بڕوخێ بەرزبکاتەوە، لەو کاتەشدا ھەموو لایەنەێکی سیاسی لە بەردەم گەل و مێژو و یاسادا لێپرسراو دەبن بەرامبەر بەرئەنجامەکانی.
چاوەڕێی ھیمەتی نیشتیمانیتانین
ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی
٢٠\٣\٢٠١١
———-
دەنگی شەقام بە زەبری چەک کپ ناکرێت
تۆڕی شۆڕشگێڕانی سەرای ئازادی”
چەند رۆژێکە بەمەبەستی شکاندنی ئیرادەو متمانەی شۆڕشگێرانەی خەڵکو نانەوەی فەزای ترسو تۆقاندن، ھێزێکی زۆری سەربازی ھێنراوەتە سەر سلێمانیو ئەو شارو شارۆچکانەی لەدوو مانگی رابردوودا خۆپیشاندانی جەماوەرییان تێدا ئەنجامدراوە، بەھۆی ئەم ھێزانەوە شارەکان بوون بەسەربازگە، حوکمی عورفی بەڕێوەدەبرێت، مینبەری مەیدانەکانی ئازادی لە ھەموو شاروشارۆچکەکان دەستیان بەسەرداگیراوەو سوتێنراونو شکێنراون، خۆپیشاندەرانو ھەڵسوڕاوانو ئەندامانی ئەنجومەنەکان بەزۆری چەک لەمەیدانەکان دەرکراونو تەقەیانلێکراوەو ئەمری گرتنیان دراوەو چەندین کەسیان دەسگیرکراوەو دوور لەھەموو ھەستێکی مرۆیی ئەشکەنجە دراون، دۆخی شارەکان شێوێراوەوکراوە بەمەیدانی جەنگ.
ئێمە ئەم لەشکرکێشیەی پارتیو یەکێتی شەرمەزارو پرۆستستۆ دەکەینو پێتان رادەگەیەنین دەست لەم جۆرەکارانە ھەڵگرنو مل بە ئیرادەی گەل بدەنو رێگەی چارەسەر بگرنەبەر نەک سەرکوت، ئێمە ھۆشداری دەدەینو بەبیرتان دێنینەوە کە ئەگەر لەسەرەتاوە گوێ لەداواکاریو پێشنیاری جەماوەر بگیرایە بارودۆخەکە بەئێستا نەدەگەیشتو ئێستاش ئەگەر گوێ نەگرن ئاڵۆزی زیاتر بەدیدێت، کە ئێوە چ وەک دەسەڵاتو چ وەک کاربەدەستانی حیزبیو حکومی بەرپرسی یەکەمن لەھەر رووداوێکی نەخوازراو، وەک دەڵێن “دەست کە شکا جێی خۆی ناگرێتەوە”.
ئێوە ھیچ دڵی خۆتان بەم بڵاوەپێکردنەی خۆپیشاندەران خۆشمەکەن، ئەمە پاشەکشەیەکی کاتیەو وەک ئیسپرینگێک لەژێر پەستاندا نیشتووە، ھەرکاتێک ئەو پەستانەی لەسەر لاچێت ھەڵدەستێتەوەو لەگەڵ خۆیدا قەفزەیەکیش دەدات. بەتایبەتیش کە ئەمڕۆ ھاونیشتیمانیانی کوردستان خاوەنی ئەنجومەنەکانی مەیدانەکانی ئازادینو چەندین گروپو دەستەو رێکخراوی شۆڕشگێر دروستبوون کە ” تۆڕی شۆڕشگێڕانی سەرای ئازادی” بەشێک لەو رەوەندی رێکخراوبوونە ناوەکیەیە کە بۆ بەرگری لەمافو ئازادیەکان لەھەوڵی کار دان بۆ شکاندنی ئەو جەنگەی دەسەڵات دژی کۆمەڵگەی کوردستان رایگەیاندووە.
جەماوەری راپەڕیوی کوردستان بۆ بەدیھێنانی مافەڕەواکانی خۆی ھاتۆتە مەیدانو بەبێ دەستکەوت ناچێتەوە ماڵا، ئەمڕۆ یا سبەی دەبێت ببێتە خاوەنی ئەو مافانەی دەیانساڵە لێی زەوتکراوەو پارتیو یەکێتیش زیاتر لە٢٠ساڵە ھەر درێژە بەو زەوتکردنە دەدەنو لەدواکردەوەشدا دەتانەوێت بەحوکمی چەکو جبەخانە بێمافی ھاونیشتمانیانو زۆرداری خۆتان رابگرن، ئێمە بەرپرسیارانە وتمان: “.. تائێرەو بەس..” ئێستاش بەرپرسیارانە دەڵێین:
١. ھەموو ھێزەکان بکێشنەوە شوێنەکانی خۆیانو کۆتایی بەدۆخی سەربازی بێنن کە بەسەر شارەکاندا سەپێنراوە.
٢. دەسبەجێ ھەموو گیراوەکان ئازادبکەنو دەستھەڵگرن لە راوەدوونانو دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانو چالاکوانان.
٣. تەقەکردنو بەکارھێنانی گازی سوتێنەر بەفەرمی رابگیرێتو بەتاوان ئەژماربکرێت.
٤. دەستبکرێت بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی جەماوەرو ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار پابەندبوونی خۆتان بە ” نەخشەڕێگای ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی بۆ چارەسەری ریشەیی ئەزمەی سیاسیو حکومڕانی کوردستان” رابگەیەنن کە دەیانھەزار کەس راستەوخۆ لەمەیدانەکانی ئازادی دەنگیان پێداوەو تەبەنییانکردووە.
سەرکەوتن بۆ ئیرادەی جەماوەرو شکست بۆ زۆردارانە
تۆڕی شۆڕشگێرانی سەرای ئازادی
٢٣\٤\٢٠١١
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *