عەلی مەولود
١٧ی شوبات، درێژەی ناڕەزایەتی و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان بوو، لەپێناوی ئازادی و ژیانخوازی، کە بە راپەڕینی ئازاری ١٩٩١ دەستی پێکرد و هەورازو نشێوی زۆری بڕی و بە خۆپیشاندانەکانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ دا تێپەڕی و سەرەنجام لە گەرمەی سەرهەڵدان و سەرکەوتنەکانی “بەهاری عەرەبی” کە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوەو بەشێک لە دەسەڵاتە تۆتالیتار و ستەمکارەکانی هاوشێوەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لەگەڵ خۆی هەڵپێچا، زەمینەی وەرچەرخانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا هێنایە ئاراوە.
هەلومەرجی نایەکسانی سیاسی و ئابووری کۆمەڵگەی کوردستان و رۆژبەڕۆژ فراوانبوونەوەو قوڵتربوونەوەی ناکۆکیە کۆمەڵایەتیەکان لە نێوان خەڵک و حیزب و بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکان، وە پەرەسەندنی ستەمکاری و چەوسانەوە و جیاوازی چینایەتی و بێکاری و هەژاری، تا ئەو ئاستەی ژیان و سەروەری و شکۆی خەڵکی کوردستان بوو بە ژێر پێی پارتە دەسەڵاتدارەکانەوە، ئەوانە خەڵکی کوردستانی لە ئاستێکی فراواندا بەرەو بەرەنگاری و رووبەڕووبوونەوەی زیاتر پاڵپێوەدەنا، لەکاتێکدا کە بەتایبەتی دوای رووخانی رژێمی بەعس و دەستڕاگەیشتن بەداهاتی زۆر، ئیمکانی ئەوە لەئارادا هەبوو لە ڕێگەی دابەشکردنی عادیلانەی داهاتەوە، ژیانێکی شیاو بۆ هاووڵاتیان دابین بکرێت و هەلی کارو پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان و کەمکردنەوەی نایەکسانی فەراهەم بکرێت.
١٧ی شوبات ئەو ئیرادەیەی خەڵکی هێنایە سەر شەقامەکان و لەگەڵ خۆی چەپەکان و لیبراڵەکان و ئیسلامیەکانی بەیەکەوە کۆکردەوە، لەلایەکەوە بۆ دەرچوون لەو دۆخە ئابووری و سیاسیە نەخوازراوەی کۆمەڵگای کوردستانی لەمەنگەنە دابوو، لەلایەکی تریشەوە بەئامانجی دابینبوونی ئازادیەکان و بە سیستمکردنی دامەزراوەکان و سەروەری یاسا و دروستکردنی دەزگا و دامەزراوەی نیشتمانی و حکومەتی هاووڵاتی.
دەستپێکی ئەو جوڵانەوە کۆمەڵایەتی – سیاسییە، هەوڵێک بوو بۆ پەڕاندنەوەی شێوەی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتێکی ئۆلیگارشی بنەماڵەییەوە بۆ سیتمێکی نیشتمانی کە یاسای مرۆیی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی لانیکەم وەک کۆمەڵگە ئاساییەکان تیایدا بەرقەرار بێت و ئازادیەکان و خزمەتگوزاریە گشتیەکان دەستەبەر بن.
بزووتنەوەی گۆڕان، پرۆژەی لێبراڵی خۆی لەناو ئەم جوڵانەوەیەدا جێکردەوەو هێزی لێوەرگرت و هاوکات هێزی پێبەخشی، بوێری دژی دەسەڵات زیادیكرد و خەڵک سامی لە دەسەڵات شکا، گەندەڵییەكان ئاشكراتر دەركەوتن، ئەوانەش گوڕوتینی زیاتری بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵك دا، كە خۆشباوەڕی بە رابردووی كۆمەڵەی رەنجدەران و كاریگەری لیبراڵیزم لەسەر رەوەندی كوردی لە دەرەوە و كاری چەندین ساڵەی رەهەندیەكان رۆڵی هەبوو تیایدا.
بەڵام ئەم پرۆژەیە ئەوەندەی خەونێکی رۆشنفکرانە بوو، ئەوەندە لەسەر بنەمای خوێندنەوەیەکی واقیعبینانە بۆ هەرێمی کوردستان و ناسینی واقیعی دەسەڵاتی کوردی، بنیات نەنرابوو، هەربۆیە وەکچۆن بەخێرایی گەشەیکرد ئاوهاش بەزوویی شکستی خوارد و ئەو خەونە لیبراڵیەی کە لەڕێگای هەڵبژاردن و پەرلەمان و دەنگدانەوە، دەستاو دەستی دیموکراتی و ئاشتییانەی دەسەڵات بکرێت و ئاڵوگۆڕێک بەقازانجی خێری گشتی و بنیاتنانی سیستمێکی نێشتمانی بەدی بێت، بوو بە خەونێکی بەتاڵ و بەدەم ئاوی جۆگاوە چوو.
ئیسلامیەکان بەشێوەی کاتی و تاکتیکی هاتبوونە ناو پرۆسەی جوڵانەوەیەکی لێبراڵی و دەسکەوتەکانی بەهاری عەرەبی چەشەی کردبوون، ئەوان نهیاندهویست پهیوهندیهكانیان لهگهڵ پارتی بپچڕێت و دەرگای گهڕانهوه بۆلای دهسهڵاتیان دانەخستبوو بهوهۆیهوه له ناوچهكانی ژێر دهسهڵاتی پارتی ئامادهی بهشداری خۆپیشاندان و تهنانهت هاوكاری ههڵسوڕاوهكانی گۆڕانیش نهبوون، وە دوای شکستی ئەو پرۆژەیەش چوونەوە سەر رێچکەی پێشووی خۆیان، بەڵام گۆڕان کە خاوەنی سەرەکی پرۆژەی لیبراڵی بوو بەشکستی پرۆژەکە خۆیشی وەک ئەزموونێکی سیاسی گڵۆڵەی کەوتە لێژی و پێی نەگیرایەوە.
ئەزموونی سیاسی زاڵ لەهەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای تاکڕەوی و سکتاریزم و خۆسەپاندن دامەزراوە و رۆژبەرۆژ لەگەڵ گەورەبوونیدا زیاتر خەڵکی لە بەشداری سیاسی دوورخستۆتەوە، پەراوێزێک بۆ بەشداری سیاسی و بڕیاردان بۆ گۆڕینی دیموکراتی دەسەڵاتی سیاسی لە ئارادا نیەو ئەم رێگایە لەدوای ١٧ی شوباتەوە لە کوردستان بەتەواوی کوێربۆتەوە.
دەسەڵاتی سیاسی هەرێم زیاتر نەریتی و بنەماڵەیی بۆتەوە و فۆرمە سیاسیەکانی سیستمی هاوچەرخی کاپیتالیستی، لە چەشنی دیموکراسی، تەنها رووکەش وکاریکاتۆرێکە، وە لەواقیعدا تاهاتووە بووە بە دەسەڵاتی بنەماڵە پارەدارەکان و دیکۆرکراوە بە پەرلەمان و دەنگدان و هەڵبژاردنی گشتی، پایەی سەرەکی لەسەر تاڵان و بڕۆی سامانی گشتی و قۆرخکردنی بنیاتنراوە و لەم روەوە ئەشێ پێیبوترێت بووە بە دەسەڵاتێکی کلیپتۆکراسی {حوکمی دزەکان: Kleptocracy}.
بەهۆی گۆڕانکاریە سیاسیە هاوچەرخەکان و کاریگەریەکانی جیهانگیریەوە لەلایەک مرۆڤی کورد چاوەڕوانیە سیاسیەکانی لە ئاستێکدایە کە خوازیاری سیستمێکی سیاسی نوێی مرۆیی و فراوانترین بەشداری و خۆبەڕێوەبەریە، وە لەلایەکی ترەوە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم تاهاتووە ئەم دەرگایەی کڵۆمکردووە و لە ڕێگەی ستەمکاری و دیسپۆتیزمی سیاسیەوە دەیەوێت پێشی پێبگرێت و بەرەرووی خەڵک بێتەوە. بەڵام ئەم ناکۆکی و ململانێیە تابێت فراوانتر و قووڵتردەبێتەوە، ١٧ شوبات وێستگەی یەکەمی تەقینەوەی بوو، لە ئایندەی ژیانی سیاسی هەرێمی کوردستاندا وێستگەی سیاسی تریش بەڕێوەیە.
باسکردن لە رووداوەکانی ١٧ شوبات و تێگەیشتنی درووست لێی یارمەتیمان دەدات خۆمان بۆ وێستگەکانی داهاتوو ئامادە بکەین.
دیوی مێژوویی ١٧ی شوبات
ڕۆژی ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١، لەسەر داوای گرووپێک بۆ پشتیوانی لەسەرکەوتنی گەلی میصر گردبوونەوەیەک لەبەر دەرکی سەرای شاری سلێمانی، سازکرا، کە مۆڵەتی فەرمی بۆ وەرگیرابوو، دوای تەواوبوونی بەرنامەی دیاریکراو، کۆمەڵێک بەرەو شاڕێی سالم بەئاراستەی رۆژئاوا بەهوتاف کێشان و درووشم خوێندن بەڕێکەوتن و بە بەردەم لقی چواری پارتیدا تێپەڕین و لەسەر بانی بینای لقی چوارەوە، کە چەکدارەکانیان لە حاڵەتی ئامادەباشیدابوون، بەبەرد سەری یەکێک لە خۆپیشاندەران شکێنراو لەبەرامبەردا خۆپیشاندەران بەردبارانی بارەگاکەیان کرد و بە فیشەک وەڵامدرانەوە، لە ئاکامدا گەنجێک بەناوی (ڕێژوان عەلی) شەهید بوو و دەیانکەسی تر برینداربوون و ژمارەیەکیش دەستگیرکران.
هەر ئەو ئێوارەیە گۆڕان بەیاننامەیەکی دەرکرد و ئەو کارەی بەگێرەشیوێنی لە قەڵەمداو بێبەریبوونی خۆی راگەیاند، یەکێتی هەلومەرجی سلێمانی میلیتاریزە کرد و پارتی هەوڵیدا کەڵک لەو پشێوییە وەربگرێت و بەمەبەستی خۆسەپاندنی سەربازی بەسەر سلێمانیدا، هێزی چەکداری زۆر لە هەولێرەوە هاوردە بکات و لەم رێگایەوە راسپاردەکانی كۆنگرهی سیانزه جێبەجێبکات بۆ ئەوەی ببێت بەهێزی یەکەم و حیزبی رابەر لە هەموو کوردستان، بەڵام بە قوڕگیدا نەڕۆیشت.
خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی بەپێی ئەزموونێک کە لەماوەی ٢٠ ساڵدا بەدەستیان هێنابوو، پشتئەستوور بەهێزی خۆیان و بە پشتیوانی و هاوخەباتی خەڵکی ناڕازی شارو شارۆچکەکانی تر، ئیرادەی نواند بۆ بەرەنگاری و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵات و رۆژی ١٩ شوبات خۆپیشاندان بەشێوەی بەرینترو لە چەند قۆلێکەوە دەستی پێکردەوە و رۆژبەرۆژ پەرەیسەند و زۆربەی شارو شارۆچکەکانی گرتەوەو تاکو ١٩ی نيسان، واتە ٦٢ رۆژ درێژەی کێشا.
خۆپیشاندانەکان، لەهەلومەرجێکدا بەڕێوەچوو کە لەسەر ئاستی ناوچەکە لە ئاکامی سەرهەڵدانی خەڵک هەندێک لە دەوڵەتە ملهوڕو ستەمکارەکان کەوتبوون و لەسەر ئاستی ناوخۆش ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان لەبەرامبەر گەندەڵی و ناعەدالەتی و نەبوونی ئازادی و نایەکسانی گەیشتبووە ئاستێکی بەرزو زەمینەی ئاڵوگۆڕێک بۆ ژیانی سیاسی و ئابووری و حوکمڕانی خوڵقابوو. دەستبەکاربوونی کەناڵی ”ئێن ئاڕ تی” هاوکات لەگەڵ یەکەم رۆژی خۆپیشاندانەکان، هەم بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕازی و ئەکتی جەماوەر و هەم بۆ نیشاندانی ملهوڕی و بێدەربەستی و دووژمنکاری دەسەڵات، رۆڵێکی گەورەی بینی.
لە ڕۆژی ٢١ی شوبات “گرووپی حەڤدە” (کە زۆرتر چەپەکان بوون) بەیانی راگەیاندنی خۆی بڵاوکردەوە و بانگەوازی هاوڵاتیانی کرد بۆ فراوانکردنەوەی خۆپیشاندان و مانگرتن و بەرەنگاری و ياخيبوونى مەدەنی فراوان و پشوودرێژ و سەرتاسەرى، هاوشێوەی هەندێ لە وڵاتانی ناوچەکە. هەروەها بانگەشەی بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنێکی کاتی کرد و دوای چەند کۆبوونەوە ”ئەنجومەنی کاتی سەرای ئازادی سلێمانی” پێکهات و خۆی بوو بە بەشێک لێی، لیژنەی سیاسی ئەنجومەن (کەزۆرتر چەپ بوون) رەشنووسی داواکاریەکانیان گەڵاڵەکرد و دواتر لەلایەن ئەنجومەنی سەرای ئازادی بەهەندێ دەسکارییەوە پەسەند کراو لە ڕۆژی ٢٨ی شوبات وەک داواکاری خۆپێشاندەران خرایە ڕوو، ئەم داواکاری نامەیە بوو بە مانیفێستی خۆپیشاندانەکانی هەرێم و بەمەبەستی چاکسازی درا بە (سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان) کە لە دوو بەش پێکهاتبوو، داواکارییە هەنووکەییەکان و دواکاریە بنەڕەتیەکان، کە بەگشتی بریتی بوون لە:
دادگايي كردني ئەوانەی تەقەيان لە خۆپيشاندەران كرد، داماڵينى حزبەكان لە ميليشيا و دەزگاى هەواڵگرى و سيخورِى تايبەتى، ئازادى سياسى، ئازادى خۆپێشاندان و كۆبونەوەو مانگرتن، كاركردن بەرِاپۆرتەكانى چاودێرى دارايى، بەكارهێنانى بوجەو سامانى كوردستان بۆ خۆشگوزەرانى خەڵك، چارەسەرى كێشەى نيشتەجێبون و دەرهێنانى لە دەستى كۆمپانيا چاوچنۆكەكان، دابينكردنى كارەباى بەردەوام و سوتەمەنى پێويست، كارى گونجاو يان بيمەى بێكارى، هەڵوەشاندنەوەی خانەنشينی ئەندام پەرلەمان و وەزير و بەرِيوەبەرە گشتيەكان كە بە پلەكانی خزمەت و ساڵی كاركردندا تێپەرِنەبوون. كەمكردنەوەی موچەی پلە تايبەتەكان بە رێژەی 50%، رزگاركردنی دارايی گشتی لە دەسەڵاتی حيزب و بودجەي گشتی لەموچەى دەزگا حيزبيەكان، گەراندنەوەی ئەو موڵك و كارگەو شوێنە گشتيانەی بە فروشتني درۆزنانە ببوون بەموڵكی حزب و بەرپرس و كۆمپانياكانيان و سەندنەوەى ئەو سەرمايەو سامانەى لەرێگاى بەكارهێنانى دەسەڵاتەوە بەدەستيان هێنابوو، بيمەى تەندروستى بۆ هەمووان، خستنەرووی سەرجەم داهاتی كوردستان و شێوازى خەرجكردنی و …..تاد.
هەرسێ سەرۆکایەتیەکە، لەبەر رۆشنایی ئەو داواکاریانە بەڵێنی چاکسازیان دا، پەرلەمان چەند بڕیارێکی دەرکرد، کە یەکێکیان بڕیارێکی ١٧ خاڵی بوو لە کۆبوونەوەی رێکەوتی ٢٣ی شوبات وە ڕۆژی ٤ی ئازاریش بڕیاری دووەمی بۆ پاڵپشتی داواکاری خۆپێشاندەران دەرکرد، لەلایەن سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتەوە (بەرهەم صاڵح) دوونامە ئاراستەی ئەنجومەنی سەرای ئازادی کراو داوای دانیشتن و دان و ستانی کرد بۆ دەستپێکردنی چاکسازی، وە سەرۆکی هەرێم مەسعوود بارزانی لەچەند بۆنەیەکی جیاوازدا بەڵێنی چاکسازیدا و لە ڕۆژی ٣/٣ ڕایگەیاند کە: خۆپێشاندان مافێکی سروشتییە و هەمووکەس مافی خۆیەتی بە ئاشتی خۆپێشاندان بکات، لە ١١ئازار و هەروەها لە ٢٠ی ئازاردا وتی: دوای سێ – چوار مانگی تر چاکسازیەکان دەبینرێن، بەڵام لە ٣ی نیسان لە پەیامی چوارەمیدا بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی پێشووی، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە: “بەهیچ شێوەیەک قبووڵ نییە کەس بەناوی میللەتەوە قسە بکات و ئەوان وەک دژی میللەت بچوێنێت” سەرەنجام ئەو بەڵێنانەی دران بۆ چاکسازی هیچیان لێ سەوز نەبوو.
یەکێکی تر لەکارەکانی گرووپی چەپەکان لەسەرای ئازادی دەرکردنی رۆژنامەیەک بوو بەناوی (رۆژانەی خۆپیشاندان) کە بەقەبارەی نیو رۆژنامە، رۆژانە دەردەچوو، جگە لەرۆژانی هەینی کە لەدوای ٢٥ی شوباتەوە بەردەرکی سەرا دەبوو بە شوێنی نوێژی هەینی کە ئیسلامیەکان و گۆڕان کاریان بۆ دەکرد و بەهۆی ئەوەی لەوکاتەدا مزگەوتی گەورەی سلێمانی نۆژەندەکرایەوە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ناڕازی و کاسبکارانی ئەو گوزەرە بەشدارییان تێدا دەکرد.
یەكێك لە موعاناتەكانی هەڵسوڕاوانی چەپ و سەربەخۆ لەماوەی دوو مانگی خۆپیشاندانەكاندا سكتاریزم و مامەڵەی نادیموكراتی گۆڕان بوو، جگە لەوەی تیمی تایبەتیان هەبوو بۆ رێگری و دوورخستنەوەیان لە مینبەری سەرای ئازادی، لەراگەیاندنەكانیش سانسۆریان لەسەر دانابوون و وێنەو وتارەكانیان دەبڕین. هاوپهیمانی ” گۆڕان و كۆمهڵ و یهكگرتوو” بهرلهوهی بهرامبهر دهسهڵات بێت بهرامبهر چەپەکان و كۆمۆنیستهكان بوو، كاریاندهكرد بۆ ئەوەی ئهنجومهن تهنها واجیههیهك و ناوهندێكی تهنفیزی بێت بۆ سیاسەت و بڕیاری کۆبوونەوە داخراوەکانی خۆیان.
هەر لە٢١ی مانگ لە سەرای ئازادی سلێمانی چالاکانی مەدەنی بەبەرگی سپییەوە پەرژینێکی مرۆییان لە نێوان هێزە ئەمنیەکان و خۆپێشاندەراندا دروست کرد و بەپێدانی گوڵ هەوڵیاندا توندوتیژیەکان خاوبکەنەوەو پەیامی ئەوە بدەن بە هێزە چەکدارەکان کە خۆپیشاندان بەدژی ئەوان نیە و بەڵکو بۆ ئامانجێکە خێری ئەوانیشی تێدایە، لەناو هێزە ئەمنیەکانیشدا هاوسۆزی زۆر لەگەڵ خۆپیشاندانەکان هەبوو.
ئەنجومەنی کاتی سەرای ئازادی سلێمانی هەموو رۆژێک دوای خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان کۆبوونەوەیان دەکرد بۆ دانانی نەخشەی کارەکانی رۆژانی ئایندە، ( لەبەرئەوەی کۆبوونەوەکان کراوە بوون، هەواڵگری پارتی و یەکێتی و ئێرانی خۆیان دەخزاندە ناو کۆبوونەوەکان) هەندێک لەئەندامانی ئەنجومەن، بەنوێنەرایەتی سەرای ئازادی بەشداری خۆپیشاندانەکانی شارو شارۆچکەکانیان دەکردو بەکردەوە ئەنجومەنی کاتی سلێمانی وەک سەنتەری ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان رۆڵی دەبینی. کە کارکردی ئۆپۆزسیۆن ئەم رۆڵەی کەمکردەوەو بەهۆی ناوەندگەرایی خۆیانەوە رێگایان گرت لەوەی ناوەندێکی پێشەنگی خەمخۆرو دڵسۆزو کارامە هەم لەسەر ئاستی لۆکاڵ و هەم لەسەر ئاستی سەراسەری پێک بێت، ئەوان دەیانەویست ناڕەزایەتی خەڵک تەنها وەک فشار کەڵک لێوەربگرن و خۆیان لەسەرەوە لەگەڵ دەسەڵات پێک بێن و دەسەڵاتیش پێی باش بوو وە هەوڵیشی دەدا جڵەوی کارەکان لەدەستی ئەواندا بێت چونکە رێککەوتن ئاسانتر بوو، پێیان خۆش نەبوو رابهرایهتیهكی سهربهخۆی جهماوهری دروست بێت.
خۆپیشاندان تەواوی شاروشارۆچکەکانی زۆنی سەوزی گرتەوە و هەوڵی زۆریش درا لە زۆنی زەرد بەڵام زۆر بەتوندی سەرکوت دەکران، لەگەڵ ئەوەشدا کەسانێک لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پارتییەوە دەهاتن بۆ بەشداری لەخۆپیشاندانەکانی سلێمانی، بۆ بەرتەسککردنەوەی هاتوچۆی نێوان زۆنی زەردو سەوز پارتی بازگەکانی توندتر کردو تەنانەت قەدەغەی هاتوچۆی دانا، وە لەرێکەوتی جیاجیادا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناڕازی و نووسەران و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی مەدەنی هەولێر، دەستگیرکران. هەر بەمەبەستی بەرگرتن بە تەنینەوەی خۆپیشاندان لەهەولێر، یەکێتی قوتابیانی سەر بە پارتی بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵا، ٢٤ی شوبات دەوامی خوێنکارانی زانکۆی سەڵاحەدینی ڕاگرت.
لە خۆپێشاندانەکانی ١٧ی شوبات و رۆژانی دوایی ١٠ خۆپیشاندەر بە تەقەی راستەوخۆی چەکدارانی پارتی و یەکێتی شەهیدکران کە بریتی بوون لە: ( ڕێژوان عەلی و هەردی فاروق و سورکێو زاهید و شێرزاد تەها و ئومێد جەلال لە سلێمانی و سەرکارمحمد لە هەڵەنجە و گەرمیان ئەحمەد لە چەمچەماڵ و بیلال ئەحمەد لە کەلا ر). ڕۆژی ٥ی ئازار مانگرتنی سەرتاسەری ڕاگەیەنرا و بڕیاردرا خۆپێشاندەران شەوانە لە سەرای ئازادی بمێننەوە کە رۆژی دواتر واتە ٦ی ئازار لە نیوەی شەودا خێمەکانیان ئاگری تێبەردراو کۆمەڵێکیش دەستگیرکران، هەمانرۆژ هێرشکرایە سەر رادیۆی دەنگ لە کەلار و کەلوپەلەکانی تێکشکێنرا. وە چوارجار سەکۆی راگەیاندنی مەیدانی ئازادی لابران و دەستیان بەسەردا گیراو بەشێوەی خۆبەخش درووستدەکرانەوە. زیاتر لە دوومانگ بارى ناسايى و حوكمى عورفى لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بەهەردوو زۆنی سەوزو زەردەوە، کە ئەمانە سەركوتگەری و دژە ئازادیبوون و دژە دیموکراتیبوونی دەسەڵاتی کوردی وەک مەلەفێكى رەسمى لەئاستى ناوخۆو دەرەوە، نیشاندا.
رەوەندی کوردی لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاو رۆژئاوا پشتیوانی خۆیان بۆ خوپیشاندەران و داخوازیەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەربڕی و بەدژی سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی خۆپیشاندانیان کرد. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، ئیدانەی هێرش کردنە سەر خۆپێشاندەرانی کرد، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا نیگەرانی خۆی لە نەبوونی مافی خۆپێشاندانی وەک شەرمەزاری رایگەیاند، ئەمینیستی ئینترناشناڵ دژی پێشێلکاریەکانی دەسەڵات ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە.
رۆژى 10/4/2011 ئەنجومەنى كاتى مەيدانى ئازادى نەخشە ريگاى خۆی بۆ چارەسەرى قەيرانى سياسى و حكومەتى هەرێم، بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە کە لەلايەن (ناسك قادر، فاروق رەفيق، عومەر ئەمين، كاروان كەمال و عەلى مەولود) لەمينبەرى مەيدانى ئازادييەوە راگەیەنرا.
یەکێک لە دیاردەکانی تری ١٧ی شوبات هەستی بەرپرسیارێتی و خۆ بەخاوەن زانینی خۆپیشاندەران بوو لەبەرامبەر پاراستنی پاک و خاوێنی شەقامەکان و هەموو رۆژێك لەلایەن کۆمەڵێک کەسی خۆبەخشەوە، بەتایبەتی گەنجەکان، شوێنى خۆپيشاندانەكە پاكدەكرایەوە.
ئۆپۆزسیۆن لە نێوان گیانسەختی دەسەڵات و داخوازیەکانی جەماوەردا گیریخواردبوو، نه سەربەخۆیی جەماوەریان دەویست و نه دهسهڵاتیش ملی به تموحەکانیان دهدا، دەسەڵات تەنها دەیویست بیانکات بە شەریک لە گەندەڵیەکانی خۆی و لەداخوازیەکانی جەماوەر جیایان بکاتەوە، ئەوانیش بهئاقارێكدا كاریان دەكرد كه داواكاریهكانی خهڵك لەچاو ستراتیژی سیاسی خۆیان ببنه شتی لاوهكی، بۆیه خۆپیشاندانهكان بهرلهوهی دهسهڵات سهركوتی بكات ئۆپۆزسیۆن خستیه تونێلێكی داخراو و زیاتر لهوهی كه لهتوانایدا بوو لێی باركرا، بهتایبهتی نهخشه رێگاكه تهسعیدێكی بێ زهمینه بوو، لەبنبەستەوە هاتبوو، نه لهسهر بنهمای تواناكانی خهباتی خهڵك ههڵچنرابوو و نه بهشێك بوو له پێویستیهكانی خهباتی ئهو سهردهمه.
لەناوەڕاستی مانگی نیسان بەدواوە، سەرکوت و پەلامارەکانی دەسەڵات بۆ سەر خۆپیشاندەران زۆر زیادی کردو توندتربۆوە، هەزاران چەکداری راهێنراوی رامکراوی دەستوەشێن، بە چەکی سووک و قورسەوە، بەسلێمانیدا بڵاوکرانەوە. ڕۆژانی ١٧و ١٨ راوەدوونان و ڕەشبگیر دەستی پێکرد و لە ١٩ی مانگ گەیشتە رەشبگیرو رفاندنی بەکۆمەڵ و دەستنەپاراستن، شەقام و کۆڵانەکان و زانکۆکان بوون بە مەیدانی جەنگ.
دەسەڵاتى هەرێم بەدوو ئاراستەی پێچەوانە کەوتە جوڵەی فراوان، لەلایەک دەست نەپاراستن لە خۆپیشاندەران و لەلایەکی تریشەوە بۆ خۆرزگاركردن لە خواست و نارِەزايەتيەكانى خەڵك، سياسەتى مامەڵەگەرى و بەشكردنى گەندەڵى و موحاسەسەى حيزبى لەبەرِێوەبردنى دەسەڵاتى خستە بەردەم ئۆپۆزسيۆن، حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش (گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو) خۆیان لەخەڵک و خۆپیشاندەران جیاکردەوەو کەوتنە کۆبوونەوەی ژوورە تاریکەکان و دان و ستان لەگەڵ دەسەڵات، بازنەى دەسەڵات لە ٢ حيزبەوە فراوان کرا بۆ ٥ حيزب، سەرەنجام گەیشت بە حکومەتی بنکەفراوان، کە ئەوە نەک هیچ چاکسازی لێ بەرهەم نەهات بەڵکو دەستی دەسەڵاتی زیاتر کردەوە بۆ سەرکوت و خۆبواردن لە داواکاری جەماوەر، ئیتر بەهەردوولا خۆپیشاندانەکانیان کۆتایی پێ هێنا.
حيزبەکانی ئۆپۆزسيۆن نەك هەر وەفادار نەبوون بە هاوپەیمانی لەگەڵ خەڵك و بە شوێن ئامانجەكانى خۆپيشانداندا نەچوون، بەڵكو پێداگرییانكرد لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەکانی مەیدانی ئازادی و بایكۆتی خۆپێشاندانیان کرد و بەشێوەيەكى هەلپەرستانە نارِەزايەتى و هاتنەمەیدانی خەڵکیان کەڵک لێوەرگرت بۆگەیشتن بە شەريكايەتى دەسەڵات و بەسەر داخوازیەکانی خەڵکدا هەنگاویان نا بۆ بەدەسهێنانى دەسكەوتی شەخسى و حيزبی. حكومەتى بنكەفراوانى پێنج حيزبەكەش بەهەمان نەفەسى حكومەتەكانى پێشوو کاری کردو بەرژەوەنديەكانى خەڵك نەبوون بە ئەجێندای.
ئەوە لەکاتێکدا بەرواری ٢٦/٣/ ٢٠١١ ئەنجومەنى كاتى مەيدانى ئازادى، بەناوی جەماوەرى خۆپيشاندەرى كوردستانەوە پەيامێكی ئاراستەی هەرسێ لايەنى ئۆپۆزسيۆنى ناو پەرلەمان کرد و داوایان لێکرا:-
یەکەم: ئەندامێتيان لە پەرلەمانى كوردستان هەڵپەسێرن و دەستلەكاربکێشنەوە لە هەر پۆست و وەزيفەيەكيان لەناو دەسەڵات.
دووم: دانوستان لەگەڵ دەسەڵات رەتبکەنەوە وەك هەڵوێستێكى نيشتمانى بەرامبەر بێباكى دەسەڵات لەمەرِ دۆخەکە، وەك فشارێك لەپێناو ملكەچكردنى دەسەڵات بۆ جێبەجێكردنى لانى كەمى داواكارييە هەنوكەييەكان كە ديارترينيان:
1- دادگايكردنى تاوانبارانى كوشتن و برينداركردنى خۆپيشاندەران.
2- گواستنەوەى هێز و بارەگا حيزبيەكان بۆ دەرەوەى شارو شارۆچكەكان.
3- هەڵگرتنى ئابڵوقەى سەربازى و بارى نائاسايى سەر شار و شارۆچكەكانى كوردستان بەمەبەستى دەستەبەركردنى مافى ئازادى رِادەربرِين و داواكردنى مافە رِەواكانيان.
درووست لەوکاتەدا کە ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ دەسەڵات لە دان و ستان دا بوون، بارزانی سەرۆکی هەرێم هەڕەشەی ئەوەی لە خۆپيشاندەران کرد، رێكاریی یاسایی پێویست دژ بە هەر كەسێك ئەنجامبدرێت كە: “هێڕشی كردبێتە سەر بارەگا حزبیەكان و دامەزراوە حكوومیەكان و زیانی بە موڵك وسامانی دەوڵەت وهاوڵاتیان گەیاند بێت، هانی خەڵكی دابێت یان هانی خەڵك بدات بۆ پێشێلكردنی یاسا و نیزامی گشتی، بەبێ مۆڵەت وەرگرتن خۆپێشاندانی رێكخستبێت و رێكیبخات، پێچەوانەی یاسا جووڵابێتەوە و لەسەریشی بەردەوام بێت، هەر لێپرسراوێكی پۆلیس یان ئاسایش كەمتەرخەم بووبێت لە جێبەجێكردنی ئەركی فەرمی خۆی بۆ پاراستنی دەزگا و موڵك وسامانی دەوڵەت و هاوڵاتیان.”
لەو بارەیەوە ئەنجومەني مەيداني ئازادی لە ٣٠ی ئازار رایگەیاند کە: دەسەڵات گفتوگۆ دەكاتە وەسيلەی كاتكوشتن بۆ وەڵامنەدانەوەی داواکاریەکانمان . و هەر گفتوگۆيەك لەسەر خواستەكاني خۆپيشاندەران بكرێت پيويستە ڕووبەڕووی ئەنجومەنی مەيدانی ئازادی بكرێتەوە و گفتوگۆكردن بەبێ بەشداری ئەنجومەنی مەيدانی ئازادی شەرعيەتی نيە. وە جارێكی تر رايدەگەيەنين كە دەسەڵات تاكو خواستە هەنوكەييەكانمان جيبەجێ نەكات ئامادەنين دانيشتن بكەين لەبەرئەوەی بەبێ هەنگاوی عەمەلی و لابردنی ريگريەكانی بەردەم ئازادی خۆپيشاندان، گفتوگۆكردن رِێكردنەوەيە بۆ دەربازبونی دەسەڵات لەدەست ڕِق وناڕەزاتيەكانی جەماوەر، وە دەسەڵات بەناوی گفتوگۆكردن لەگەڵ لايەنە سياسيەكان دەستی كردۆتەوە بە هەڕەشە لە خۆپيشاندەران و دەستی کراوەتەوە بۆ مانۆركردن و خۆدەربازكردن لە جيبەجيكردني خواستە هەنوكەييەكان.
لە بەرامبەر سەرکوتگەری دەسەڵاتدا ”تۆڕی شۆڕشگێڕانی سەرای ئازادی” پێکهات کە لە ٢٣ی نیسانی ٢٠١١ راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە:
چەند رۆژێكە بەمەبەستی شكاندنی ئیرادە و متمانەی شۆڕشگێرانەی خەڵك و نانەوەی فەزای ترسو تۆقاندن، هێزێكی زۆری سەربازی هێنراوەتە سەر سلێمانی و ئەو شارو شارۆچكانەی لەدوو مانگی رابردوودا خۆپیشاندانی جەماوەرییان تێدا ئەنجامدراوە، بەهۆی ئەم هێزانەوە شارەكان بوون بەسەربازگە، حوكمی عورفی بەڕێوەدەبرێت، مینبەری مەیدانەكانی ئازادی لە هەموو شاروشارۆچكەكان دەستیان بەسەرداگیراوە و سوتێنراون و شكێنراون، خۆپیشاندەران و هەڵسوڕاوان و ئەندامانی ئەنجومەنەكان بەزۆری چەك لە مەیدانەكان دەركراون و تەقەیان لێكراوەو ئەمری گرتنیان دراوە و چەندین كەسیان دەسگیركراوە و دوور لەهەموو هەستێكی مرۆیی ئەشكەنجە دراون، دۆخی شارەكان شێوێنراوەو كراوە بە مەیدانی جەنگ.
ئێمە ئەم لەشكركێشیەی پارتی و یەكێتی شەرمەزار و پرۆتستۆ دەكەین و پێتان رادەگەیەنین دەست لەم جۆرەكارانە هەڵگرن و مل بە ئیرادەی گەل بدەن و رێگەی چارەسەر بگرنەبەر نەك سەركوت، وە تیایدا پێشنیارکراوە:
1.هەموو هێزەكان بكێشنەوە شوێنەكانی خۆیان و كۆتایی بەدۆخی سەربازی بێنن كە بەسەر شارەكاندا سەپێنراوە.
- دەسبەجێ هەموو گیراوەكان ئازادبكەن و دەستهەڵگرن لە راوەدوونانو دەستگیركردنی خۆپیشاندەرانو چاڵاكوانان.
- تەقەكردنو بەكارهێنانی گازی سوتێنەر بەفەرمی رابگیرێت و بە تاوان ئەژماربكرێت.
- دەستبكرێت بە جێبەجێكردنی داواكارییەكانی جەماوەر و هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار پابەندبوونی خۆتان بە “نەخشەڕێگای ئەنجومەنی كاتی مەیدانی ئازادی بۆ چارەسەری ریشەیی ئەزمەی سیاسی و حكومڕانی كوردستان” رابگەیەنن كەدەیان هەزار كەس راستەوخۆ لە مەیدانەكانی ئازادی دەنگیان پێداوە و تەبەنییان كردووە.
دوای سەرکوتی خۆپێشاندانەکان هەرسێ حیزبی ئۆپۆزسیۆن کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجومەنی سەرای ئازادی و کۆمەڵێک لە هەڵسوڕاوانی ترو مامۆستایانی زانکۆ و مامۆستایانی ئاینی رێکخست و پرۆژەیەکی 22 خاڵيان خستەڕوو كە باسی ئازادى سياسى و چاكسازى لەژيانی خەڵک و هەڵوەشاندنەوەى ياساى خۆپيشاندان و دامەزراندنى ئازادانەى كۆمەڵەو رێكخراوەكان و ئازادى رۆژنامەگەرى و زيادكردنى كرێ و موچەكان و بەديهێنانى دادپەروەرى و .. تێدا نەبوو، دواتر بەزۆرینەی دەنگی کۆبوونەوەکە بڕیاری هەڵپەساردنی خۆپیشاندانەکان درا، بەڵام وایان بڵاوکردەوە کە ئەنجومەنەکان هەڵوەشاونەتەوە و کارەکە تەواو بوو، هۆکارەکەش ئەوەبوو هەرسێ حیزبی ئۆپۆزسیۆن چووبوونە پرۆسەی مفاوەزات و کۆبوونەوەی حیزبی لەگەڵ دەسەڵات و دەیانەویست چەپەکان و سەربەخۆکان بکەنە دەرەوەی ئەو پرۆسەیە کە ماوەیەک بوو ژێربەژێر دەستی پێکردبوو، سەرەنجام گەیشت بە پێکهێنانی حکومەتی بنکەفراوانی هەر پێنج حیزبەکە ( پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ) بەڵام هیچ چاکسازییەکی بەدوای خۆیدا نەهێنا و هیچکام لە داواکاریەکانی خۆپیشاندەران جێبەجێ نەکران، بەڵکو تەنها نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی پێچایەوە و لەتوورەکەیەکدا بردی بۆ ناو چەلەحانێکانی پەرلەمان و دەستی دەسەڵاتیشی ئاوەڵاکرد کە توندتر سەرکوتی داخوازی خەڵک بکات.
گرووپی چەپەکان ناڕازی بوون هەم بە کۆتایی هێنانی خۆپیشاندانەکان و هەم بە گواستنەوەی لە شەقامەوە بۆ ژوورە تاریکەکان، دواى هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنى كاتى سەراى ئازادى و ئەنجومەنەکانی شاروشارۆچکەکانی تر، ١٠ کەس لە ئەندامانى ئەنجومەنی سلێمانی و بەشێک لەئەنجومەنەكانى شاروشارۆچكەكان و هەروەها چەندين چالاكوان و پارێزەرى تر (کە چەند چالاكوانێكى هەولێريشی تێدابوو) لە كۆبوونەوەيەكى فراواندا، بەئامادەبوونی نزيكەى 50کەس ئەنجومەنێك بەناوى (ئەنجومەنى مەيدانى ئازادى كوردستان)، پێکهات بۆ درێژەپێدانی ناڕەزایەتیەکان، ئۆپۆزسيۆن خۆيان لەهاتنە ناو ئەم ئەنجومەنە نوێیە بەدوورگرت و پشتیشیان کردە خۆپیشاندەران و جێیان هێشتن بۆ سەرکوتی دەسەڵات. دواتر بەنێوەند گیری سەباح غالب ، دانیشتنێكی راگۆڕینەوە لە نێوان ژمارەیەك لە ئەندامانی پێشووی مەیدانی ئازادیو سەرۆكی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە تیایدا سەرەتا دەقی ئەو داواكارینامەی لە مانگی شوباتدا لەلایەن ئەنجومەنی كاتی مەیدانی ئازادی پەسەندكرابوو، خوێندرایەوەو جەخت لەوە كرا:
- كۆتایی بهێنرێت بەو فەزا سەربازییەی بەسەر شارو چارۆچكەكاندا سەپاوە
- داواكاری خۆپیشاندەران جێبەجێ بکرێت کە لە جێی خۆیەتی و كۆتایی نەهاتووە
- ئاڵوگۆڕێكی بنەڕەتی لە ئاستی كوردستاندا بكرێت.
وێڕای باسکردنی خراپی ئەدائی دەسەڵات لە چارەسەری قەیرانی کوردستان، بە شێوەیەكی دیاریكراو تەئكید کرایەوە لەسەر چەند خاڵ، کە بریتی بوون لە :
١- هەڵپەرساردنی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان، كە بووەتە ئامرازێك بۆ گرتن و لێپرسینەوە لە خۆپیشاندەران.
٢. دادگایكردنی بکوژان و ئەوانەی دەستیان هەبووە لە كوشتنی خۆپیشاندەران.
٣. چالاككردنی داواكاری گشتی تا دادگاكان بتوانن بە ئەركی خۆیان هەڵسن.
٤. ئەو هێزە چەكدارانەی هێنراونەتە ناو شارەكانەوە ببرێنەوە بۆ شوێنی پێشووی خۆیان
٥. چاكسازیی بنەڕەتی لە هەموو ئاستەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و یاسایی
٦ . خواستەكانی خەڵك و داواكارییە هەنوكەییو بنەڕەتیەکان راستەوخۆ لەرێگای گفتوگۆ لەگەڵ خۆپیشاندەران جێبەجێبکرێت.
ئەگەر خۆپیشاندانەکان و خواستی گۆڕانکاری پەیامی خەڵک بوو بۆ دەستپێکردنی ژیانێکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی نوێ، ئەوا سەركوتی پڕ لە توندوتیژی خۆپیشاندانەكانیش لەڕێی هێزو چەکەوە پەیامێكی دەسەڵات بوو بۆ خەڵكی، بە ئاراستەی درێژەپێدانی رابردوو بە ملهوڕی زیاترەوە. هەربۆیە لە دوای ١٧ی شوباتەوە بەبەردەوامی خۆی زیاتر پڕچەک کردووە و هێزە چەکدارەکانی زیاتر بۆ سەرکوت راهێناوە، بەرادەیەک کە ئەرکی سەرەکییان سەرکوتی ناڕەزایەتی خەڵک بێت نەک بەرگری و پارێزگاری لە خاک و سەروەری هەرێم.
خۆپیشاندانەكان سەركوت كران بەڵام داخوازیەكانی خەڵك هەر لەجێی خۆیانن، توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵك هەر درێژەی هەیە، بەوهۆیەشەوە ئەگەری سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و تەنانەت راپەڕینیش هەموو كاتێك کراوەیە، سەرەڕای ئەوەی مۆڵەتی هیچ خۆپیشاندانێك نەدراوە و توندترین هەلومەرجی ئەمنی و پۆلیسی گیراوەتەبەر و رێگری یاسایی بۆ خۆپیشاندانی خەڵك دانراوە، بەڵام خۆپیشاندان نەوەستاوە.
ئومێدی خەڵک بۆ گۆڕانکاری لە برەودایە و خواستی ژیانێکی مرۆیی عادلانەو شکۆمەند، بووە بە خولیای مرۆڤەکان و بۆی تێدەکۆشن و لەپێناویدا بەرەنگاری دەکەن.